shadow

وردبینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە لێدوانەکانى عەبادیدا
د. بەختیار شاوەیس
مەسەلەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بوەتە بابەتى سەرەکى ئەو کۆنگرە رۆژنامەنووسیانەى کە سەرۆک وەزیرانى عیراق حیدر عەبادى ، رۆژانى سێشەممە لەدواى کۆبوونەوەى هەفتانەى لەگەڵ کابینە وەزاریەکەى دەیگرێت. بەشێوەیەک کە زبادە رۆیى نیە ئەگەر بڵێیین لەدواى ئەنجامدانى ریفراندۆم و گەرانەوەى بیرەنەوتیەکان بۆ ژێر کۆنترۆڵى حکومەتى ناوەند کەم لێدوان و کۆنگرەى رۆژنامەنوسى عەبادى یان سەعد حەدیسى وتەبێژەکەى هەیە کە باسى ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى تیا نەبوو بێت ، تا ئەو شوێنەى کە کەلەدواهەمین هەفتەدا باسیان لەوە کرد کە پرۆسەى وردبینى کردن لە رێژە و ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم بەردەوامەو هەنگاوى باشى بریوە. هەروەک هەندێکجار لەرێگەى ئەم پرسە هەستیارەوە سەرۆک وەزیرانى فیدراڵ لە تەلى عاتیفەى هاوڵاتیان و موچەخۆران بەتایبەتى دەدات و ئەوەیان وەبیر دەهێنێتەوە کە ئەوان لەهەرێم هاوڵاتى عێراقیین و پێویستە مافەکانیان بۆ دابین بکەین ، کەلەمەدا بەرچنێک لە مەغزاى سیاسى و هەژموونى دەسەڵاتخوازى و بچوککردنەوەى هەرێم هەستى پێدەکرێت.
هاوپەیوەند بە پرسى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و لێدوانەکانى سەرۆک وەزیران ، کۆمەڵێک حەقیقەتى پراگماتیکى هەیە کە پێویستە تیشک بخەینەسەر رەهەندەکانى بەم شێوەیە:
1. دانوستانى نێوان هەردوو حکومەتى هەولێر و بەغداد تاهەنوکە دەستى پێنەکردوەتەوە و دۆخى پەیوەندیەکانى هەردوولا لەئاستى چەقبەستوویدایەو سەرەراى ئەوەى کە حکومەتى هەرێم چەندین جار داواى گفتوگۆى کردوە و سەربارى ئەوەى کە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان وتویەتى رێز لەبریارەکانى دادگاى فیدراڵى دەگرین سەبارەت بە ریفراندۆم، هەروەها جگەلەوەى کە نوێنەرى کۆشکى سپى بۆ چەنگى دژى داعش بریت ماکگۆرک و سەرۆکى کۆمارى فەرەنسا ماکرۆن و نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان لەعیراق یان کۆبیش داواى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکانیان کردوە و گوشارەکانیان زیادى کردوە بەئامانجى چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور.
2. د. سەڵاح نورى خەڵەف سەرۆکى دیوانى چاودێرى دارایى عیراق لە نوێترین پەیوەندیدا دەڵێت بەفەرمى هیچ شتێکیان لەبارەى وردبینى لەموچەى فەرمانبەرانى هەرێم پێنەگەیشتوەو هیچ لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێکنەهێنراوە.
3. پرۆژەیاساى بودجەى ساڵى 2018 ى عیراق کە گەشتوەتە ئەنجومەنى نوێنەران ، خراپترین پرۆژە یاساى بودجەیە بۆ هەرێمى کوردستان و ئەگەر خاڵەکانى یەکەم و دووەمى سەرەوە جێبەجێبکرێت ، واتە دەستپێکردنەوەى دانوستان و رێککەوتن و دواتر وردبینیەکەش بخرێتە بوارى پراکتیزەکردنەوە ئەوا پشکى هەرێم کە دانراوە تەنها بەشى موچەى 6 مانگى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەکات.
لەو روانگەوە، کە هەرسێ فاکتەرى سەرەوە بنەماى سەرەتایى هاتنى موچەى فەرمانبەران بن بەشێوەیەکى فعلى و هیچیشیان نەخرابێتە قۆناغى جێبەجێکردنەوە ، ئەوا دەبێت چى مەبەست و کام مەغزا لە پشت وروژاندنى ئەم مەسەلەوە خۆى مەڵاسداوە.
حەیدەر عەبادى کە ئێستا وەک کەسایەتیەکى دەوڵەتمەدارى سەرکەوتوو دەرکەوتوە و دەیەوێت وەک یەکەم کەسایەتى کەچانسى مانەوەى لەپۆستەکەى بۆ چوار ساڵى دیکە هەیە خۆى نمایش بکات. بۆئەمەش کارتى شکستهێنان بە جیابوونەوە لەعیراق و نائاکامکردنى ریفراندۆم باشترین کارتى جوڵاندنى شەقامى شیعەى عیراقیە بەلاى خۆیدا و دەیەوێت هەموو هەفتەیەک لەرێگەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمەوە بەدەنگدەرانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بڵێت ئەوە سیاسەتى ئێمە بوە کە کوردەکانم ناچار کردوە بەوەى کە لەچاوەروانى قوتى ژیانیان شەو و رۆژ بخەنەسەریەک و فەرموون لەهەڵبژاردنەکاندا متمانەى خۆتانمان بدەنێ.
لەدواجاردا ماوەتەوە هێما بەوە بکەین: ئەگەر لێدوانەکانى عەبادیش دیوێکى موزایەدەى سیاسى و سەرەتاى پروپاگەندەى هەڵبژاردنەکان بێت، ئەوا پێویستە حکومەتى هەرێم ئامادەسازى بکات هەم بۆ ئەوکاتەى کەزەمینەى راستەقینەى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان دێتە ئاراوە بەتایبەتى لەسەر ژمارەى موچەخۆرانى هەرێم کە بەدڵنیایەوە لەسەر مێزى دانوستان ئەم پرسە دەبێتە چەقى ململانێ هەرێم و حکومەتى ناوەند.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *