shadow

بڕیارە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تاوتوێ بکەن.

هێمن هەورامی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە “ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدەدەن و تیایدا سەردانەکەی یەکێتی بۆ ئێران، کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامانی ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا تاوتوێ دەکەن”.

دوێنێ یەکێتى لەگەڵ هەریەکە لە یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعی کۆبووەوە و تیایدا پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕیفراندۆمیان تاوتوێ کرد.

هاوکات بەپێى زانیارییەکان، بڕیارە یەکێتى ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردنى هەمان بابەت جگە لە پارتی، لەگەڵ حزبى زەحمەتکێشاندا کۆببێتەوە.

ڕۆژی ٧ی مانگی حوزەیران، جگە لە کۆمەڵ و گۆڕان لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلول ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتی بارزانی پێکهێنرا.

ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە شاندێکی ئەنجومەنەکە بە سەرۆکایەتی بارزانی گەیشتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و سەرۆک وەزیرانی فلاندێرزی بەلجیکا کۆبووەوە.

بارزانی ڕایگەیاند “کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ بەرپرسانی بەلجیکا زۆر باش بوو و پەیامی خەڵکی کوردستانمان گەیاند بەو وڵاتە”.

ڕۆژی دواتر بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی ئەوروپا وتارێکى پێشکەشکرد وتى بریارى ریفراندۆم بریارى بەشى هەرە زۆرى خەڵکى کوردستانە، هەموو پێکهاتەکان بەشدارن لە بریارى ریفراندۆم، بریارەکەشیان لە ٢٥ی ئەیلول نە پاشەکشەى لێ دەکەن و نە موساوەمەشى لەسەر دەکەن.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *