shadow

 

چاكەی یەكێتی و وەڵامی ئەوان

یەکێتیی هاوکاری مادی و لۆجستی پەکەکە و پەیەدە دەکات و ئەوانیش لەگەڵ گروپی نەیاردا دژایەتی یەكێتیی دەکەن

یەكەم هێزی سیاسی لەسەر رووی زەمین كە پشتیوانی ئەزمونی رۆژئاوای كرد، یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان بوو، لەسەرەتای ئەزمونەكە، دەیان ملیۆن دۆلار راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوكاریی ئەو ئەزمونەكراوە، سەرەتای پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكییەكان و ئەوروپییەكان لەگەڵ پەیەدە، هەر لەڕێی یەكێتی بوو! لەسەرەتای ئەزمونەكە لە 2011 تا 2014 دەیان ئەفسەری پلەداری ئەمریكیی و ئەوروپیی هەر لەڕێی یەكێتی گەیەنرانە رۆژئاوای كوردستان. ئێستاش ئەو پەیوەندییەی هەیە لەڕێی ئاسمانەوە، هەر لەڕێی سلێمانیەوەیە. یەكەم هێز كە لەگەرمەی بەرەنگارییەكانی كۆبانیی بەڕەسمیی و بە بەرچاوی جیهان لەئاسمانەوە لەڕێی كۆمپانیای كارگۆ چەكی رەوانەی كۆبانی كرد، یەكێتی بوو! لەگەرمەی بەرەنگارییەكانی كۆبانیی، یەكێتی هاوكارییەكی زۆر گەورەی شەڕڤانانی دەكرد لەدەستنیشانكردنی شوێنی تیرۆریستان لەناو كۆبانیی لەڕێی جی پی ئێسەوە، بەڵكو هەر هەمووی لەڕێی یەكێتیەوە بوو، تەنانەت ئەو ژوورە هاوبەشەی (یەكێتی و پەیەدە و ئەمریكییەكان) سەرپەرشتیی بۆردومانی پێگەی تیرۆرستانی داعشی دەكرد، لە سلێمانی بوو!
ئەوانەی سەرەوە منەت نییە بەسەر رۆژئاواوە، نابێ منەت بێت، بەڵام دەستكەوتی زۆر مەزنن لەمێژووی حزبێكی سیاسی وەك پشتیوانی بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستان، راستی و زانیاریی زیاتر هەن هێشتا ئاشكرا نەكراوە، لەوانەیە هەر یەكێك لەو هاوكارییانە نەبوایە، ئەزمونی رۆژئاوا وەك ئەوەی ئێستا دەبینرێت، سەركەوتوو نەبوایە!
هاوكاریكردنی خەباتی كورد لەهەر پارچەیەكی دیكەی كوردستان، ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانیە، بۆ هەموو لایەنەكانی كوردستان وەك یەكە، نابێ‌ كەس درێغی بكات، بەڵام كاتێك یەكێتی هاوكاریی رۆژئاوای دەكرد، لایەنی دیكە هەبوو سنوری دادەخست!
ئێمە لەسوپاسكردن دەگەڕێین، بەڵام پێویست بوو تائێستا پەكەكە یان پەیەدە ئەو راستیەیان باسكردبا، ناكرێت برێت ماكگۆرك لەلاپەڕەی تویتەری خۆی باسی بكات و پەسنی یەكێتی بدات، بەڵام ئەوان بێدەنگی لێبكەن! ئەمەش لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان بۆئەوەی راستیی مێژوویی نەشێوێندرێت و كەسی دیكە خۆی نەكاتە خاوەنی ئەو راستییە، هەروەك چۆن لەسەرەتای ناردنی هاوكاری بۆ كۆبانی، لایەنی سیاسی دیكە هەوڵیدا ئەو راستیە بشێوێنێت. دووەمیشیان هەموو حزبێكی سیاسی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن پێویستی بە سەروەریی و دەستكەوتە نەتەوەیی و سیاسییەكانی هەیە تا بیخاتە ڕوو، كەچی مخابن گلەیی بێت لێیان نەك نەیانخستۆتەڕو، بگرە لەدوو وێستگەدا رۆڵی نەرێنیان هەبووە، یەكەمیان لە بارگرژییەكانی دەشتی بتوێن، كە دۆست و لایەنگرانیان رۆڵیان هەبوو لەبارودۆخەكە، هەمووشمان دەزانین جموجۆڵی ئەوان زۆر مەركەزییەو لەخۆڕا نییە! دووەمیشیان ئەگەر قلەقلە دەنگدەرێكیان هەبێت لەباشوور، هاتوون لەگەڵ گروپی دیكەی نەیار هاوپەیمانیی دەكەن لەپێناو دژایەتیكردنی یەكێتی! ئەمە لەكاتێكدا هێرشێكی نالەبار لەلایەن دەوڵەتی تورك و تیرۆریستان بۆسەر عەفرین دەستی پێكردووەو لەبری ئەم هەڵوێستە، دەبو كارێك بكەن، پێچەوانەی ئەم هەڵسوكەوتە بێت.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *