shadow

یەکێتیی مەسوتێنن
د.بەختیارشاوەیس

لەم دۆخە پرلەئاڵۆز و نەخوازراوەی کەبەرۆکی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی گرتوەتەوە ، هەموولایەک چاویان لەنەمانی یەکێتیی یە زیاد لەوەی کە چاوەروانی باشکردنی موچەی فەرمانبەران بن. ئەوەندەی دەیانەوێت حیزبەکەی مام بدەنە سەرزەوی و هەناسەی یەکجاری لێببرن بەنیو هێندە نایانەوێت دەستی هەژارێک بگرن و لەتەنانێکی بدەنێ ، یان ناخوازن پێشمەرگەیەکی ماندوی دوای شەری داعش بحەسێننەوە. سەیرەکە لەوەدایە کە ئەم یەکێتییە هێندە بەهێزە تەنانەت نەک دژ و رکابەر و نەیارەکانی ،بەڵکو دەبینین کە لەهەندێک بارەگای خۆیەوە ئاگر لە خۆی بەردەدرێت یان لەسەر مێزو سفرەی رازاوەی پارەی یەکێتییەوە هانی ناحەزەکانی دەدرێت پەلاماری ماڵەسەوزەکە بدرێت و بسوتێت و بەڵام یەکێتیی گڕ ناگرێت.

پرسیارە زیندوەکە ئەوەیە ؛ کادیر وپێشمەرگەکانی یەکێتیی وەک خۆپیشاندەران بێموچەن. بارەگاکان بێکارەبا و سارد و سڕن زۆپاو مۆلیدەکانی مەڵبەندوکۆمیتەکان نەوت و گاز نیە تێیبکەن، کەواتە ئەی بۆ دەبێت یەکێتیی بکرێتە ئامانج و بسوتێنرێت؟
هەر بەراست تۆ بڵێی نەزانن کە حکومەت و وەزارەتەکان بەرپرسن لە دابینکردنی موچە و کارەباو نەوت و خزمەتگوزاری یە سەرەتاییەکان؟
ئەی نازانن لەم حکومەتە یەکێتییەکەی مام بە ۱۸ کورسی پەرلەمان بەشدارە و دەبێت ئەگەر حەق و حسابیش بێت هەر لایەو بەپێی قەبارەی خۆی شکستی بەر بکەوێت و دادگایی بکرێت؟

ئەی تۆ بڵێی لەیادیانچوو بێت کاتێک پارتی و گۆران ئەم کابینەیەیان دروستکرد ، یەکێتیی لەماڵ کرابوە دەر و وەک حیزبێکی بێکەس و بێدەرەتان سەیریان دەکرد و لە کۆبونەوەی ژوورە داخراوەکان بە گاڵتەوە ئەمیان وتی ئێکەتی نەماوە و ئەویتریان سەری بۆ لەقاندوو وتی ئاخر و ئۆخرەکەیەتی ؟ هەر بەراست تۆ بڵێی لەبیریان کردبێت کە لەیەکەم کۆبونەوەی ئەم خولەی پەرلەماندا سەرۆکی پەرلەمان وتی پەرلەمان کەوتەوە دەست هاوڵاتیان و بوە مانشێتی تیڤی و کەناڵەکانی راگەیاندنیان و وەک پاڵەوانی جەنگ خۆیان نمایش دەکرد؟

ئەی بیرتانچوو ئەم حکومەتە بەهەموو
کەموکورتیەکانیەوە بەرهەمی ۳۸ کورسی پارتی و ۲٤ کورسی گۆڕان و ۱۸ کورسی یەکێتیی و ۱٠ کورسی یەکگرتوو و ٦ کورسی کۆمەڵی ئیسلامیە، کەدەبێت هەر لایەنێک بەقەدەر حەجمی خۆی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت
دوای ئەوەی کەبۆتان دەرکەوت یەکێتیی لەکاتی ژان دەگەشێتەوە و لە زریاندا هەڵدەچێت و لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق خەونەکەتانی خستە گۆرەوە ، ئیتر مانگی هەنگوینی رێکەوتنەکەی ساڵی ۲٠۱٤ کۆتایی هات و کەوتنە وێزەی یەکتر و بەڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان بۆ چونە هەولێرو دەرکردنی وەزیرەکانی گۆران لەلایەن پارتی تا دەگاتە رووداوەکانی دواتر ئەم رۆژە رەشەتان بۆ ئەم میللەتە دروستکرد.
ئێستا بۆ پەلاماری کادیر و کۆمیتەکانی یەکێتیی دەدەن؟ ئەی نازانن مناڵەکانی ئەوانیش پارەیان پێنیە بچن بۆ خوێندنگە، یان بچن بۆ لای پزیشک کە نەخۆش دەبن؟

یەکێتیی کە لەهەناوی خەڵک دروستبوە و هێڵە
گشتیەکانی سیاسەتی لەسەر خزمەتی خەڵک و مافە رەواکانی جەماوەر دارشتوە ، چۆن لەگەڵ خەڵکی هەژار نابێت و پشتیوانیان لێناکات، چۆن دەتوانێت هاوڵاتی کورد بکوژێ ئەگەر نەک بارەگایەک و دوان و سیان بەڵکو هەموو بارەگاکانیشی بسوتێ ، ئەی نازانن هێشتا خۆڵی سەرگۆری شێرکۆی فاتح شوانی و حسین مەنسوور و صلاح دیلمانی و سەدان هاورێی تریان وشک نەبوتەوە کەتاکە ئامانجیان ئەوە بوو خوێنی گەنج و منداڵ و پیاوی کورد نەرژێت و بەدەستی شەمشەمەکوێرەکانی داعش ئەتکی ژن و کچەکانمان نەکرێت ، ئیتر چۆن هاوسەنگەرەکانیان دەستیان دەچێتە خوێنی خزم و کەسوکارو هاوڵاتیەکانیان ، بەڵام خۆ دەبێت ئەجێندای سیاسی و پروپاگەندەی پێشوەختی هەڵبژاردن لە ئامانجی راستەقینەی خەڵکی نارازی جیابکرێتەوە

کە دێن دەمانسوتێنن خۆ دەبێت کادیرەکانمان بڵێن ئێمەش وەک ئێوە بێموچە و بێدەرەتانین ، بڵێن کۆمیتە وەزارەت نیە ، دەبێت بڵێن بەهێمنی و دوور لەسوتاندن برۆن لەهەولێر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و دارایی و دەسەڵاتەکان بونیان هەیە و داوای نەوتی دزراو و موچەی فەوتاوتان بکەن

ئەم ئەجێندایە هێندە داخ لەدڵە بۆ یەکێتیی و زۆنی سەوز ، فەرمانگەی کارەبا دەسوتێنێت و داوای چاککردنی کارەبا دەکات ، ئاسایش ئەسوتێنێت و داوای سەلامەتی و ئارامی دەکات ، بۆری ئاو دەشکێنێت و هاواری بێئاوی دەکات ، فایل و ئەوراقی مەحکەمە هەپرون بە هەپرون دەکات و داوای عەدالەت دەکات. قائیم قامیەت دەروخێنێت و داوای دەوڵەتی دامەزراوەیی دەکات ، پێشمەرگە دەکاتە میلیشیاو داوای هاتنی حەشدی شەعبی دەکات

یەکێتیی مەسوتێنن ، هێندەی نەماوە و لە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی دیموکراسیانە ئیرادەی خۆتان لەسندوقەکانی دەنگدان دەرببرن ، یەکێتیی مەسوتێنن دواتر هەموان بەسلێمانی و کەرکوک و هەولێر و دهۆکەوە باجی بێ یەکێتیبوون دەدەین ، ئەی نازانن ئەوەی کە روودەدات دەرەنجامی کەمبونی دەنگەکانی ئەم حیزبەیە لە هەڵبژاردنەکانی ۲٠۱۳/۹/۲۱ و هەبوونی لاسەنگی هێزە لەکوردستان کە دواجار بەسوتانی یەکێتیی ئەوەیشی کەلەم هەرێمە ماوە دەسوتێت

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *