shadow

یه‌کێتیی نیشتیمانی‌ کوردستان وه‌ڵامێکی‌ توندی‌ پارتی‌ ده‌داته‌وه‌و ورده‌کاریی هه‌وڵێکی‌ گه‌ڕان و پشکنینی‌ سوپای‌ عیراق له‌مه‌خمور ئاشکراده‌کات، به‌رپرسێکی‌ یه‌کێتیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “ئه‌وکه‌سانه‌ی‌ هاوکاریی سوپای‌ عیراقیان کردوه‌ سه‌رجه‌میان پارتی‌ بون”.

کرمانج عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی لقی 23ی پارتی له‌مه‌خمور به‌میدیاکانی‌ حزبه‌که‌ی‌ ڕاگه‌یاندوه‌، یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو فیرقه‌ی سێی فیدراڵی‌ سوپای‌ عیراق له‌ناو مه‌خمور دوو گه‌ڕه‌کیان پشکنیوه‌و به‌دوای‌ چه‌ند که‌سێکدا گه‌ڕاون، به‌ڵام په‌نجه‌ی بۆ یه‌کێتیی درێژکردوه‌ گوایه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ سوپایان کردوه‌ بۆ ئه‌و گه‌ڕان و پشکنینه‌.
ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی کۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌کێتیی ڕایگه‌یاند، “به‌رپرسی لقی 23ی پارتی بێئاگایه‌ له‌وه‌ی موختاری گه‌ڕه‌کی کوردستان که‌ له‌لایه‌ن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاوه‌ سه‌رپه‌رشتیده‌کرێت و به‌بنه‌ماڵه‌ سه‌ر به‌پارتین و ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ کێوماڵی ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌یان کردوه‌و چه‌ندین ماڵی ئه‌ندامان و به‌رپرسی یه‌کێتیشیان پشکنیوه‌”.
گه‌ڵاڵی‌ ئه‌وه‌شی‌ ڕونکرده‌وه‌، “هه‌روه‌ها ئه‌و چاوساغه‌ی له‌نێو هه‌مه‌ڕی هێزه‌که‌دابوه‌و ده‌موچاوی خۆی داپۆشیبوو، باوه‌ڕپێکراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی پارتی بوه‌ له‌ڕابردودا له‌مه‌خمور که‌ به‌بنه‌ماڵه‌ سه‌ر به‌پارتین، دڵنیام به‌دوفاقی ئیشده‌که‌ن”.

بەرپرسی کۆمیتەی یه‌کێتیی له‌مه‌خمور ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “پێوسته‌ کرمانج عه‌بدوڵڵاو ڕای گشتیش بزانن، مانه‌وه‌ی یه‌کێتیی له‌م سنوره‌ مانه‌وه‌یه‌ بۆ پاراستنی سه‌رو ماڵی‌ هاوڵاتیان به‌گشتیی و یه‌کێتیش له‌سۆنگه‌ی باوه‌ڕبون به‌کوردستانیبونی ناوچه‌که‌ ماوه‌ته‌وه‌، نه‌ک ده‌رگای بازاڕگه‌ی (سه‌ره‌کی مه‌خمور ـ هه‌ولێر) دابخه‌ین و تۆپبارانی ناو مه‌خمور بکه‌ین و بچین بنکه‌یه‌کی گومرگ دابنێین و پاره‌ له‌خه‌ڵک وه‌ربگرین بێئه‌وه‌ی داهاته‌که‌ی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم بێت،ده‌بوو ئه‌و به‌رپرسه‌ی‌ پارتی‌ له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ یه‌کێتیی درێژبکات، په‌نجه‌ی‌ بۆ حزبه‌که‌ی خۆی درێژبکردایه‌”.
snn

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *