shadow

نه‌وزادی موهه‌ندیس

•    کۆبونه‌وه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ 11/2/2017دا له‌ له‌ماڵی به‌ڕێز مام جه‌لال،  کۆمه‌ل گه‌لێک مانا و ئاماژه‌ی گرنگی دا به‌ یار و نه‌یاره‌کانی یه‌کێتی و کوردایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ش، له‌ پێش هه‌موانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو که‌ سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندام و لایه‌نگران و ته‌نانه‌ت جه‌ماوه‌ری یه‌کێتیش هه‌میشه‌ دڵسۆز و به‌وه‌فای ڕێبازه‌ی مام جه‌لالن و هه‌ر ئه‌ویش به‌ سایه‌ و سێبه‌ر و ڕێپیشانده‌ری خۆیان ده‌زانن و هه‌ر ئه‌ویشه‌ که‌ بۆته‌ ((ێمام الامان))ی ناو یه‌کێتی و کوردایه‌تی و کوردستانیش.

•    بۆیه‌ دوای ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ که‌هه‌رچه‌نده‌ گه‌لێک دواکه‌تووش بوو، به‌ڵام چرۆی ئومێده‌کان زیندوو بونه‌وه‌ و جه‌ماوه‌ری پان و پۆڕی کوردستانیش جگه‌ له‌ یه‌کێتیه‌کانیش هه‌ستێکی ئارامی ده‌روونیان لا دروست بوو، چونکه‌ هه‌موان باش ده‌زانن هه‌ر کاتێک یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان یه‌ک و یه‌کگرتوو و ساغڵه‌م بوو ئه‌وا به‌دڵنیایی هیوا و ئومێده‌کان به‌ چاره‌سه‌ریه‌کان ده‌بوژێنه‌وه‌، چونکه‌ یه‌کێتی هه‌میشه‌ به‌شێک بوه‌ له‌ چاره‌سه‌ر نه‌ک پیلانگێڕان دژی هیچ لایه‌ک، یه‌کێتی هه‌موو کات دروشم و خه‌باتی خۆی  سه‌ر ڕاستانه‌ و بوێرانه‌ و بێسڵکردنه‌وه‌ و دوور له‌شه‌رم و دڵڕازیکردن جێبه‌جێکردوه‌ ئه‌گه‌رچیش زۆر جاران باجی گه‌وره‌شی داوه‌ و خۆشی توشی شکست و به‌لاڕێدابردن بردوه‌ و ته‌نانه‌ت مه‌ترسیشی له‌سه‌ر دروست بوه‌.

•    یه‌کێتی و خه‌بات و کار و کرده‌وه‌کانی زۆر ئاشکرابوه‌ و نه‌خۆشیه‌کانیشی و  ململانێ ناوخۆییه‌کانیشی لای هه‌موان ئاشکرابوه‌ و توانیویشێتی هه‌موو قۆناغه‌ سه‌خه‌ته‌کانیش به‌ڕێبکات و به‌رگه‌ی هه‌موو ناوناتۆره‌ و ڕه‌خنه‌ و دوژمنایه‌تی وپیلانگێڕیه‌کان و په‌نجه‌ شکاندنه‌کانیش بگرێت له‌ دۆست و براو هه‌ڤاڵه‌کانی خۆی پێش نه‌یاره‌کانیشی.
•    به‌ڵام هه‌موو کات یه‌کێتی و خه‌باته‌ ڕاستوڕه‌وانه‌که‌ی چیان ویستوه‌ هه‌رئه‌وه‌یان جێبه‌جێکردوه‌، بۆیه‌ هه‌رکات هه‌موان هه‌ستیان به‌ په‌رێشانی و لاوازی یه‌کێتی کردبێت ئه‌وا هه‌ستیشیان به‌ مه‌ترسیه‌کانی ناوخۆ و ده‌وروبه‌ریش زیادی کردوه‌،چونکه‌ دڵنیان له‌وه‌ی که‌ بی یه‌کێتی هیچ پڕۆژه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ریه‌کان له‌ناوخۆدا سه‌رناگرێت و  دوور له‌ یه‌کێتیش ناتوانرێت شکۆ و ده‌سکه‌وت و خه‌باتی کوردایه‌تیش بپارێزرێت، هه‌روه‌ها  باشیش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانن که‌ به‌بی بوونی یه‌کێتی یان بچوکبونه‌وه‌ و ناکارایی یه‌کێتی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان و عێراقیشدا ئه‌وا پڕۆسه‌ی دیموکراسیه‌ت و ئازادیه‌کان و عه‌داله‌ت و یه‌کسانی و کاری پێکه‌وه‌یی و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانیش مه‌حاڵ ده‌بێت.بۆیه‌ پاراستنی یه‌کێتی ناو یه‌کێتی له‌ پێش یه‌کێتیدا به‌سوودو قازانج بۆ هه‌موان ده‌شکێته‌وه‌  و هه‌رکات یه‌کێتی به‌هێز وتۆکمه‌ و یه‌کگرتوو بێت هه‌مووان هه‌ست به‌ ئارامی و ئومێد و ڕۆشنایی دواڕۆژیش ده‌که‌ن.

•    شاراوه‌ نیه‌ که‌ یه‌کێتی له‌ماوه‌ی 4 ساڵی ڕابووردوودا و دوا غیابی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی به‌شێوه‌یه‌کی کارا و ئاکتیڤ، ڕووبه‌ڕووی  ململانێیه‌کی ناوخۆیی ناڕه‌وا و  ڕه‌خنه‌ی توندی یار و نه‌یاره‌کانیشی ببوه‌و له‌کاتی ته‌نگانه‌ و ناخۆشیه‌کاندا هه‌موان چاویان ده‌بڕیه‌ هه‌ڵوێست و بڕیار و گوتاری یه‌کێتی و گه‌ر بیانزانیایه‌ که‌ هه‌ڵوێسته‌کانی یه‌کێتی له‌هێزه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ هه‌موان که‌یف خۆش و ئاسوده‌ ویژدان ده‌بوون، به‌ڵام زۆرجارانیش یه‌کێتی له‌ئاستی ئه‌و تێڕوانین و بینین و خۆزیایانه‌ی یار و نه‌یاره‌کان نه‌بوه‌ چونکه‌ خۆی گیرۆده‌ی ده‌رد و دیارده‌یه‌کی ململانێی ناوخۆی ناڕه‌وا ببوه‌وه‌ که‌ نه‌یده‌په‌رژایه‌ سه‌ر چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ناوخۆی  خۆی وکوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ش، زۆر جاران له‌به‌ر دڵڕازیکردنی جه‌ماوه‌ر و بنکه‌ی ڕێکخراوه‌ی خۆی و هه‌ندێک جارانیش له‌به‌رنه‌بوونی یه‌ک ناوه‌ندی به‌هێز و مه‌رکه‌زی بڕیار و هه‌ندێک جارانی تریش له‌به‌ر ترس و نه‌بونی بوێری سیاسی له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێک سه‌رکرده‌ و پارتی سیاسی تردا،هه‌ڵوێسته‌کانی یه‌کێتی له‌ئاست مێژوو و پێگه‌ی به‌هێزی خۆیدا نه‌بوه‌.

•    هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستادا  هه‌ڤاڵانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی  یه‌کێتی تێکڕا گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ به‌بی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ و گرفت و ململانی ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی ،ناتوانن هیچ هه‌نگاوێک بۆ پێشه‌وه‌ بنێن و دڵنیاشن له‌وه‌ی که‌ ناکرێت تاسه‌ر یه‌کێتی به‌م قۆناغه‌ پڕ مه‌ترسیه‌دا تێپه‌ڕ بکات و بشمێنێته‌وه‌،چونکه‌ له‌ پێش هه‌مواندا زیانی گه‌وره‌ به‌ر خۆی ده‌که‌وێت ئه‌وساش بۆ هه‌موو پارت و سه‌رکرده‌ و جه‌ماوه‌ر و مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌که‌ی کوردایه‌تیش شۆڕده‌بێته‌وه‌. بۆیه‌ درێژه‌دان به‌ کۆبوه‌نه‌وه‌کانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی و دواتریش بینینی هه‌موو لایه‌نه‌کان و چڕکردنه‌وه‌ی هه‌وڵ و هیمه‌ته‌کانی یه‌کێتی هه‌موان توشی شاگه‌شکه‌ کردوه‌ و هه‌موان په‌رۆشن بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ و ئارام و ئاسایی بونه‌وه‌ی دۆخی ناو یه‌کێتی چونکه‌ هه‌موان چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌که‌ له‌ چاو و له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌کێتیدا ده‌بیننه‌وه‌.

•    بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌م پڕۆسه‌ی ئاشتبونه‌وه‌یه‌ ناوخۆییه‌ی یه‌کێتی و به‌رده‌وام بوونی و هه‌نگاو ته‌کانی زیاتریش بۆ پێشه‌وه‌ هه‌ڵنان پێویسته‌ یه‌کێتی ، ئه‌م جاره‌ به‌ جورئه‌ت و بوێری زیاتره‌وه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌ و سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئاستی  ناوخۆی خۆیدا بڕیار بدات که‌ هه‌موو کێشه‌کان به‌ گفتوگۆو ڕاوێژ چاره‌سه‌ر بکات و دواتر دیسپلینی حیزبایه‌تی ببوژێنێته‌وه‌ و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کان کارا بکاته‌وه‌ و کار به‌ په‌یڕه‌و و پرۆگرامی ناوخۆیی بکات  و پلان و به‌رنامه‌ی داهاتوو دابڕێژێت و مه‌کته‌ب و مه‌ڵبه‌ند و کۆمیته‌کان و هێزی پیشمه‌رگه‌ هه‌ریه‌که‌ کاری خۆی بکات و دوای ئاسایبونه‌وه‌ی دۆخه‌که‌و هێوربونه‌وه‌ی ده‌روون و په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ نێوان هه‌ڤاڵانی سه‌رکردایه‌تیدا کاری جدی بکات بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی گشتی  چواره‌م.

•     له‌سه‌ر ئاستی حکومه‌تیش پێویسته‌ یه‌کێتی مافه‌کانی خۆی چ حیزبی بێت چ له‌ناو حکومه‌تی هه‌رێم و به‌غدادا بێت داوابکات و وه‌ربگرێته‌وه‌ و ئه‌ندام و کادره‌ به‌توانا و خاوه‌ن لێهاتوه‌کانی کاندید بکات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆست و پلانه‌ و هیچ ڕێگه‌ش نه‌دات و سازشیش له‌سه‌ر هیچ کادرێکی خۆی نه‌کات له‌به‌رامبه‌ر هیچ حیزب و سه‌رکرده‌یه‌کدا. هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵ و هیمه‌تی خۆشی بۆ باشترکردن و ئاسایکردنه‌وه‌ی گوزه‌ران و ژیانی جه‌ماوه‌ری میله‌ته‌که‌مان بێت و هه‌ڵگری دروشمه‌کانی چاکسازی و گۆڕانکاری و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی بێت و داواکاری سه‌رسه‌ختی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی میله‌ت بێت و داوای ئاشکراکردنی داهات و خه‌رجی حکومه‌ت بێت و هه‌وڵی جدیش بدات دام و ده‌زگا شه‌رعی و جه‌ماوه‌ریه‌کانی په‌ڕله‌مان و حکومه‌ت و دادوه‌ری ئاکتیڤ بکاته‌وه‌ .

•    له‌سه‌ر ئاستی حیزب و سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کانیش پێویسته‌ یه‌کێتی هه‌وڵی چاره‌سه‌ری کێشه‌ و ناکۆکیه‌ سیاسیه‌کان بدات له‌نێوان پارت و سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کانیشدا وئیلتیزاماتی خۆشی به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕێکه‌وتنانه‌ی که‌ کردویه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کاندا جێبه‌جێبکات . و بتوانێت له‌لایه‌ک متمانه‌ی نه‌ماوی نێوانیان دروستبکاته‌وه‌و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ کۆده‌نگیه‌کی نیشتیمانی و جه‌ماوه‌ریش له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کان و جێگای بایه‌خی هه‌موان دروست بکاته‌وه‌  تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غداد و وڵاتانی ناوچه‌که‌ و براکانیشمان له‌به‌شه‌کانی تری کوردستاندا.
•    له‌کۆتایدا هه‌میشه‌ حیزبی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی سیاسی پێشڕه‌و و خاوه‌ن ده‌ستپێشخه‌ری سیاسی و جه‌ماوه‌ری میله‌ت و بنکه‌ی ڕێکخراوه‌یی خۆی بوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ناو یه‌کێتی و زۆربه‌ی حیزبه‌ سیاسیه‌کانی کوردستاندا له‌به‌ر ترس و دڵڕازیکردن زۆرجاران  بوێری بڕیاری سیاسی کاڵبۆته‌وه‌ و جه‌ماوه‌ر و بنکه‌ی ڕێکخراوه‌یی حیزب یان پارته‌ سیاسیه‌کانی تر که‌مه‌رکێشی بڕیاره‌ سیاسیه‌کانیان کردوه‌ ، هه‌ربۆیه‌ هه‌موو جوڵه‌یه‌کی سیاسی له‌ناوحیزبه‌ سیاسیه‌کان و به‌تایبه‌تیش له‌ناو یه‌کێتیدا ئومێده‌کان زیندوو ده‌که‌نه‌وه‌ و دۆخی قه‌تیسی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و بازاڕ و..هتد. ده‌بزوێننه‌وه‌ و ده‌یانبوژێننه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌م قۆناغه‌ پڕ مه‌ترسیه‌ی که‌ کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌شی پیادا گوزه‌ر ده‌کات ، که‌ گه‌ر کورد نێوماڵی خۆی ڕێکنه‌خاته‌وه‌ و پته‌و ویه‌ک و یه‌کگرتووی نه‌کاته‌وه‌ ئه‌وا زۆر زه‌حمه‌ته‌ بتوانین وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ بده‌ینه‌وه‌ که‌ ڕووبه‌ڕوومان بونه‌ته‌وه‌.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *