shadow
چێنه‌ر عه‌لی جۆڵا

بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی چاره‌نووسساز له‌رووی سیاسی و یاساییه‌وه‌ چه‌ند ئامانج و ناوه‌رۆك گرنگه‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ش سات و كاته‌كه‌ی گرنگه‌، له‌م گۆشه‌ نیگایه‌وه‌و له‌سه‌روبه‌ندی دیاریكردنی ٢٥/٩/٢٠١٧ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان و مانگی تشرینی دووه‌میش بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌ره‌ڕای تێبینی سیاسی و یاساییمان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، به‌ڵام به‌باشی ده‌زانین له‌رووی ته‌كنیكی و ئه‌وله‌ویه‌تی كارو هه‌نگاوی سه‌ركه‌وتوانه‌ بۆی به‌ئامانجی سه‌رخستنی پرسی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردن واباشتربوو كه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پێش ریفراندۆم بێت، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك له‌وانه‌؛ گرفتی په‌كخستنی په‌رله‌مان و كاراكردنه‌وه‌ی كه‌ ململانێ و درزی بێ متمانه‌یی له‌نێوان لایه‌نه‌كان دروست كردووه‌و بوه‌ته‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی چه‌قبه‌ستنی سیاسی له‌هه‌رێم راسته‌وخۆ چاره‌سه‌ر ده‌بێت به‌ ده‌ستبه‌كاربوونی په‌رله‌مان له‌خولێكی نوێی كاری خۆیدا ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌؛ پرۆسه‌ی ریفراندۆم پێویستی به‌یاسای تایبه‌ت هه‌یه‌ تاوه‌كو له‌رووی بابه‌تی (موچوعی) و رواڵه‌تی (شكلی) رێكی بخات له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پێشتر ئه‌نجامبدرێت واته‌ ده‌زگای یاسادانانی ئاماده‌ی ئه‌بێت بۆ ده‌ركردنی هه‌ر بڕیارو یاسایه‌كی پێویست.

 له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی چاودێری به‌سه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم كه‌ به‌پێی یاسا گرێدراوه‌ به‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا شه‌رعیه‌تی یاسایی بۆ پرۆسه‌كه‌و كۆده‌نگی نیشتمانی بۆ دروست ده‌بێت كه‌ جگه‌ له‌ ره‌وایه‌تی هاوڵاتیانی كوردستانیش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌شداری تیادا ده‌كه‌ن، پاڵپشت به‌بنه‌مای گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌و گه‌ل پیاده‌ی ده‌كات له‌رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كانی مافی خۆیه‌تی كه‌ پێشوه‌خت نوێنه‌ره‌كانی بۆ په‌رله‌مان و دواتریش بۆ هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی ریفراندۆم دیاری بكات، هه‌ر له‌و بواره‌شدا پرسی ریفراندۆم ده‌بێته‌ ئه‌جندای لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ركابه‌ره‌كان له‌هه‌ڵبژاردن ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا هه‌م ئاماده‌سازی جه‌ماوه‌ری ده‌سته‌به‌رده‌كات هه‌م نمونه‌یه‌كی پێش وه‌ختیش ده‌بێت بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆم، واته‌ ده‌بێته‌ راپرسی پێشوه‌خته‌ بۆ زانینی ئیراده‌ی گه‌ل.

بۆیه‌ واباشتره‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بێت.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *