shadow

کێشەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند لەسەر دۆسیەی نەوت بەرەو چارەسەر یەکجاری ھەنگاو دەنێن و بەوتەی وەزیری نەوتی عێراق، حکومەتی ناوەندو ھەرێم بەرێژەی لە سەدا ٧٠ لەبارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بەنەوتەوە ھەیە رێککەوتون و لێکتێگەیشتنیان ھەیە.
لەوبارەیەوە، “نەسیبە یونس” توێژەر لە ناوەندی “چاتام ھاوس” بۆ توێژینەوەکان لە بەریتانیا لە نوسینێکیدا لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق رۆژی یەکشەممە لە چاتام ھاوس رایگەیاندووە، دوای ئەو دانوستانانەی لە کۆربەندی ئابوری جیھانی لە داڤۆس لەنێوان وەفدی حکومەتی ھەرێم و “حەیدەر عەبادی” سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرێوەچووە ، ھەردوولا بەرێژەی لە سەدا ٧٠ گەیشتونەتە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، ئاشکراشیکردووە کە لە دیارترین ئەو بابەتانەی تائێستا حکومەتی ناوەندو ھەرێم لەبارەیەوە نەگەیشتونەتە رێککەوتن کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی “خورمەڵەیە” کە بەغداد دەیەوێت لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەنددا بێت و تائێستا ھەرێم رەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە دەرنەبریوە.

بەوتەی ئەو توێژەری “ناوەندی توێژینەوەکانی چاتام ھاوسی بەریتانی” ، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیای روسنەفت و ھەرێمی کوردستان و مامەڵەی بەغداد لەگەڵ روسنەفت رایگەیاندووە ، عێراق ئارەزو دەکات مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای روسنەفت بکات و ھیچ مەرجێکیشی نییە بەتایبەت کە روسنەفت بەرێژەی لەسەدا ٦٠ پشکی لەبۆرییە نەوتییەکانی نێوان کەرکوک و تورکیادا ھەیە، بەڵام نیگەرانە لەوەی کە روسنەفت لەبارەی گرێبەستەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەگەراوەتەوە بۆ بەغداد، ھەربۆیە بەپێویستی زانیوە پێش سەردانەکەی بۆ روسیا کە بریارە لە مانگی ئازاردا ئەنجامی بدات، نوێنەرانی کۆمپانیای روسنەفت سەردانی بەغداد بکەن و روونکردنەوە لەبارەی داھاتووی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێم بدەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ کردوە، بەغداد ئامانجی ئەوەیە بری بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک بگەیەنێتە ٧٥٠ ھەزار بەرمیل لەرۆژێکدا ، کاریش دەکات بۆ ئەوەی تێکرای بەرھەمھێنانی نەوت لە تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکەدا رۆژانە بگەیەنێتە ٥ ملیۆن بەرمیل، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەئکیدی کردۆتەوە کە عێراق پابەندی رێککەوتنەکەی ئۆپیک دەبێـت بۆ کەمکردنەوەی بڕی ھەناردەکردنی نەوت کە ئامانج لێی جێگیرکردنی نرخی نەوتە لە بازارەکانی جیھاندا.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *