shadow

سالار مەحمود

هاوشێوەی ئەندامانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور، بۆ پرسێکی نیشتمانی و چارەنووسازی وەک ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پێویستە لەپەرلەمانەوە ئەو لیژنەیە پەسەند بکرێ. ئەگەرچی ئاساییە حزبەکان لەدەرەوە کەسەکان دیاری بکەن، بەڵام بۆ ئەوەی ببنە نوێنەرێکی نیشتمانی متمانە پێکراو وا گونجاوە ناوەکان بخرێتە بەردەم پەرلەمان و بەدەنگی پەرلەمان پەسەند بکرێت.

 

مەرجی سەرکەوتنی ریفراندۆم دروستکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی پێش وەختەیە، لەسایەی دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان و مسۆگەرکردنی بەشداری خەڵکی کەرکوک و ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمە کە نزیکەی لە٤۹٪ خاکی باشوری کوردستان دەگرێتەوە. گەورەیی و زەرورەتی ریفراندۆم لە گەڕانەوەی کەرکوک و ئەو ناوچانەیە کە هێشتا ناڕاستەوخۆ لەدەرەوەی هەرێمن، ئەگینا بەبێ ئەم ئامانجە هەولێرو سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆک پێویستان بە ریفراندۆم نییە، چونکە۲٦ ساڵە ئازادو سەربەخۆن. کوردستان لە ئێستادا نیمچە دەوڵەتێکی رانەگەیەنراوە هەڵسوکەوتی هەرێم لە زۆر رووەوە لە هەڵسوکەوتی دەوڵەت نزیکە، لە زۆر بواردا لە عێراق دابڕاوین و تەنیا ئەو هەنگاوە ماوە کە فەرمیەت بدەین بە ریفراندۆم. لەئەنجامدا سەربەخۆیی باشووری کوردستان لەڕێگەی گەل و بەسەرپەرشتی دامەزراوە دەوڵەتیەکانی هەرێم سەربەخۆیی کوردستان لەبەغدا رابگەیەنین.

پێکەوە ژیانی کوردستان و عیراق درۆیەکی گەورەیەو رووداوەکانی سەد ساڵی رابردوو ئەم راستیە دەسەلمێنن، بۆیە دوای سەد ساڵ لە بەزۆر پێکەوە لکاندنی کوردستان بە عیراقی عەرەبییەوە بۆ جیابوونەوە کاتیەتی. دواخستنی ئەو بڕیارە غەدرێکەو لەخۆمانی دەکەین، بۆ سەرکەوتنی ئەو بڕیارەش پێویستە رێگا دروستەکە بگرینە بەر نەک لەدەستدانی ئەم دەرفەتەش، رێگای دروست بۆ سەربەخۆیی بڕیاری دەستەجەمعی و یاسایی و نیشتمانییە. بەئاساییکردنەوەی پەرلەمان لیژنەی ریفراندۆم سەرەنجامیریفراندۆمیش سەرکەوتن بەدەست دێنێ..

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *