shadow

ئه‌ندامێکی وه‌فدی دانوستانکاری یه‌کێتی ده‌ڵێ له‌م هه‌فته‌یه‌دا کۆبوونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌ براوه‌کانی پارێزگای سلێمانی بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی خۆجێی ده‌ستپێده‌کاته‌وه‌و وه‌ک یه‌کێتیش ده‌یانه‌وێت هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌شداربن له‌و حکومه‌ته‌ خۆجێیه‌دا تا به‌هه‌موو لایه‌ک نمونه‌یه‌کی جوان و ئه‌دایه‌کی باش پێشکه‌ش به‌هاووڵاتیانی سلێمانی بکه‌ن.

له‌تیف شێخ عومه‌ر لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌کی رێکخستنی سلێمانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئه‌ندامی وه‌فدی دانوستانکاری یه‌کێتی بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی خۆجێیه‌تی پارێزگای سلێمانی راگه‌یاند: یه‌کێتی هه‌میشه‌ باوه‌ڕی وابوه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان له‌ سلێمانی نمونه‌یه‌کی جوان پێشکه‌ش بکات له‌حوکمڕانی و بنه‌مای یه‌کڕیزی نیشتمانی بکاته‌ پێوه‌ر بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی خۆجێیه‌تی.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی وه‌فدی دانوستانکاری یه‌کێتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ کۆبونه‌وه‌کان له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌ستپێده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ رێکه‌وتنێک له‌باره‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی خۆجێیه‌تی سلێمانی.

وتیشی: له‌کۆبونه‌وه‌کانی هه‌فته‌ی رابردودا له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار گرفت هه‌بووه‌، به‌ڵام یه‌کێتی پێداگری ده‌کات له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، چونکه‌ هاووڵاتیان و به‌شێکی زۆر له‌ رێخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانیش پێیانوایه‌ خۆشگوزه‌رانی و ئارامی زیاتری سلێمانی به‌یه‌کێتی باشتر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌تیف شێخ عومه‌ربە سایتی پیوکەى میدیایی راگەیاندوە یه‌کێتی پێیوایه‌ پێویسته‌ پێکه‌وه‌ حوکمڕانی ئه‌م شاره‌ بکرێت و نمونه‌یه‌کی جوانتر له‌شاره‌کانی دیکه‌ پێشکه‌ش بکه‌ین و ئه‌م هه‌نگاوه‌ش خزمه‌تی زیاتر به‌هه‌رێمی کوردستان ده‌کات.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *