shadow

وەزارەتی دارایی لە رێگەی  گەنجینەکانەوە داوای لە سەرجەم یەکەی ژمێریاری فەرمانگەکان کردووە لیستی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢یان بۆ رەوانە بکەن.

سەرچاوەیەک لە یەکەیەکی ژمێریاری ئەوەی بۆ (باس) دووپات کردەوە، کە دەبێت پێش ١٥ی ١٢ لیستی ئەو سێ مووچەیە بدرێتە گەنجینەکان. سەبارەت بە چارەنووسی ئەو سێ مووچەیە ئەو سەرچاوەیە گوتی: ”یان وەکوو ساڵی ٢٠١٥ ئەو مووچانە دەخرێنە چوارچێوەی پاشەکەوت، یان وەکوو ساڵی ٢٠١٧ ئەو مووچانە دەدرێن“.

ھەمان سەرچاوە ئەوەشی خستە روو ئەگەر ھەرێمی کوردستان بگاتە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئەوە لە ساڵی ٢٠١٨ لە مووچەی مانگی ١ دەست پێ دەکرێت بەپێچەوانەی ساڵی ٢٠١٧ کە لە مووچە نەدراوەکانی ساڵی ٢٠١٦ دەستی پێ کرد.

لە ساڵی ٢٠١٦ مووچەی مانگی ١١ و ١٢ نەدرا و ئەو دوو مووچەیە لە مانگی ١ و ٢ ی ساڵی ٢٠١٧ دابەش کرا

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، کە بە واژۆی رابەر سدیق، بریکاری  وەزارەتی دارایی لە ١٣ی ١٢ی ٢٠١٥  دەرچووە. وەکوو قەرز لەسەر حکوومەت مامەڵە لەگەڵ مووچە نەدراوەکانی ٢٠١٥ کرا، کە ئەوکاتە مووچەی مانگەکانی (٩ و ١٠ و ١١ و ١٢)ی ساڵی ٢٠١٥ قەیدی بۆ کرا و لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ١٢ وەکو قەرز دیاری کرا.

عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێم تەنیا ئەوەندەی بە (باس) راگەیاند، داوایان لە وەزارەتەکان کردووە لیستی مووچەی سێ مانگیان بۆ رەوانە بکەن، بەڵام ھۆکاری داواکردنی ئەو لیستانەی مووچەی روون نەکردەوە، چونکە پێی وایە ئەوە پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە ھەیە.

 کۆی مووچە نەدراوەکانی فەرمانبەران، بەبێ مووچەی خانەنشینان لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٧  بریتییە لە ٩ مووچە.

یاسین عەبدولواحید، بەڕێوەبەری پێشوو لە وەزارەتی دارایی و شارەزای کارگێڕی و دارایی بە (باس)ی راگەیاند، بەپێی رێنماییەکان ئەو مووچانەی لە ساڵێکدا خەرج دەکرێت ئەوانەشی خەرج ناکرێت دەبێت تۆمار بکرێن، گوتی: ”ئەو مووچانەی خەرج نەکراون ئەوە دەبێت بە لیست لە خەزێنەکان ھەبن و تۆماری تایبەت بە خۆیان ھەبێت و پاکتاوی ژمێریاریان بۆ بکرێت، یان بخرێنە تۆمارێکی تایبەتەوە“.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر حکوومەت نەیتوانی ئەو مووچانە بداتەوە، ئەوە بە قەرز لای حکوومەت دەمێنێتەوە، گوتیشی: ”ئەو مووچانەی نەدراون ئەوە بە قەرز ئەژمار دەکرێن، بەڵام چۆنیەتیی دانەوەی ئەوە پەیوەندیی بە بڕیار و داھاتی حکوومەتەوە ھەیە“.

ناوبراو پێ یوایە ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن بەغداوە بدرێت لە ساڵی ٢٠١٨ ئەوە لە مانگی یەکی ساڵەوە ئەژمار دەکرێت و بەبێ پاشەکەوت دەبێت و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو سێ مووچەیەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ نەدراوە.

پێشووتر ئارام قادر، شارەزای ژمێریاری راگەیاند: مەبەست لە قەیدکردنی مووچە واتا حکوومەت لەسەر ژمێرەی خۆی تۆماری دەکات لە ژمێرەی مووچەوە دەیگوازێتەوە بۆ ژمێرەی قەرز تا ئەوکاتەی پارەکە دەداتەوە وەک قەرز لەسەر ژمێرەی حکوومەت دەمێنێتەوە.

ئەو شارەزایەی  ژمێریاری  زانیاریی زیاتر دەخاتە روو دەڵێ: کاتێک مووچە خەرج دەکرێت لە دەفتەری ژمێریاریدا قەیدێکی بۆ دەکرێت کە پارەی مووچەکە بۆ کوێ دەچێت، ھەموو قەیدێک دوو لایەنی ھەیە ئەوەی لێی دەردەچێت و ئەوەی بۆی دەچێت، لە ژمێرەی سندوقەوە بۆ ژمێرەی مووچە و بڕی ئەو پارەیەش دەنووسرێت کە گواستراوەتەوە، واتا تەنیا بەنووسین گواستنەوەی پارەکە پشتڕاست دەکرێتەوە لەسەر دەفتەری ژمێریاریدا.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *