shadow

به‌هۆی‌ جوڵه‌پێكردنی‌ سوپای‌ عیراق به‌ئاراسته‌ی‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان سه‌رجه‌م ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ هه‌ولێرو دهۆك بۆ موسڵ داخران، به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیش چه‌ند زانیاریه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرایده‌كات و هۆكاره‌كه‌شی‌ ڕونده‌كاته‌وه‌، ده‌شڵێت:”پێشمه‌رگه‌ خراوه‌ته‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌”.

ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خموری یه‌كێتیی ڕايگه‌یاند، “له‌ئێستادا هێزێكی‌ نوێی‌ سوپای‌ عیراق هاتونه‌ته‌ نزیك گونده‌كانی‌ كه‌به‌رۆك و مه‌هانه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌سه‌ر ڕێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ (مه‌خمور ـ گه‌یاره‌)، له‌پشت دوایین ساتری‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان جێگیركراون”.

وتیشی‌:”به‌هاتنی‌ ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ی‌ سوپای‌ عیراق له‌ئێستادا ڕێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ مه‌خمور گه‌یاره‌ داخراوه‌، هاتنی‌ هێزه‌كه‌ش وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێم و له‌پشت ساتره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ جێگیركراون”.

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر هاتنی‌ ئه‌و هێزه‌ش له‌شه‌وی‌ ڕابردوه‌وه‌ تائێستا هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌سنوره‌كه‌ن خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ هه‌ر گرژیی‌ و ئاڵۆزیه‌ك كه‌ سه‌رهه‌ڵبدات.

ئاشكراشیكرد، جگه‌ له‌داخستنی‌ ڕێگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ مه‌خمور گه‌یاره‌، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ڕێگه‌ی نێوان هه‌ولێر ـ موسڵیش له‌بازگه‌ی خازر و ڕێگه‌ی نێوان دهۆك ـ موسڵ له‌بازگه‌ی خوربیساد به‌ساتری خۆڵ داخراون.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *