shadow

عه‌بدولواحید محه‌مه‌د

چه‌ند رۆژێک به‌ر له‌ ئێستا دروست له‌ 15 ئایاردا، له‌سه‌روه‌ختی کاری رۆژانه‌ی خۆمدا خه‌ریکی ئه‌وه‌بووم له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ربچم، دوای چه‌ند هه‌نگاوێک یه‌کێک بانگی کردم، وتی مامۆستا له‌ په‌نجاو پێنجه‌مین ساڵیادا حاڵی مامۆستا ببینه‌، سه‌یرم کرد مامۆستایه‌کی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی یه‌کێک له‌ ناونده‌کانی خوێندنی نزیک له‌ ماڵه‌که‌ی خۆم بوو، به‌ عاره‌بانه‌ سارده‌مه‌نی (ئه‌زبه‌ری) ده‌فرۆشت، کۆمه‌ڵێک منداڵی خنجیلانه‌ ده‌وریان دابوو، دڵنیام منداڵه‌کان نه‌یانده‌زانی ئه‌وه‌ مامۆستایه‌ و له‌ده‌ردی حاڵی خۆیدا ئه‌و کاسبیه‌ ده‌کات.

له‌ راستیدا زۆر نیگه‌ران بووم له‌و دیمه‌نه‌پڕ له‌ ئێش و ئازاره‌، راسته‌ کاسبی کردن نه‌نگی نیه‌ و ئاساییه‌، به‌ڵام به‌راستی بۆ هه‌ر توێژێکیتر ببێت بۆ مامۆستا نابێت، چونکه‌ مامۆستا له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ و له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ و له‌به‌رچاوی قوتابیان و خوێندکاران، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ره‌مزی مه‌عریفه‌ت و سومبلی کۆمه‌ڵێک ره‌فتار و خه‌سڵه‌تی تایبه‌ته‌، دڵنیام ئه‌م دیمه‌نه‌ و ئه‌و شێوه‌یه‌ کاسبیه‌ له‌ هه‌موو شاره‌کانی کوردستان هه‌یه‌، دیاره‌ هه‌موشمان ده‌زانین ئه‌وه‌ ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ داراییه‌ سه‌خته‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامی داسه‌پاندنی ئه‌و پاشه‌که‌وته‌ ئیجباریه‌یه‌ که‌ نزیکه‌ی دوو ساڵه‌ به‌سه‌رماندا سه‌پێندراوه‌، وایکردووه‌ مامۆستا مه‌جبور بێت جۆره‌ها کاسبی بکات له‌ پێناو دابینکردنی پاروه‌ نانێ بۆ خۆی و منداڵه‌کانی، به‌ دارسانه‌وه‌ش ده‌یڵێم ئه‌وه‌ ته‌نها کاریگه‌ری له‌سه‌ر چه‌ند تاکێک نابێت به‌لکو له‌سه‌ر کۆی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت، ئه‌م وه‌زعه‌ له‌ کاتێکدایه‌ له‌ دروستبوونی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ مامۆستا به‌پێی قۆناغه‌کان گرنگی خۆی هه‌بووه‌، له‌ شارستانیه‌ته‌ کۆنه‌کان، له‌سه‌رده‌می یۆنانیه‌کان، پێ به‌ پێ و له‌گه‌ڵ مێژوو ئه‌و گرنگیه‌ هه‌ر هه‌بووه‌ که‌س ده‌ستبه‌رداری نه‌بووه‌،له‌ چه‌ندین وێستگه‌دا مامۆستا به‌ پێغه‌مبه‌ر هه‌ژماکراوه‌، له‌م سه‌رده‌مه‌ش ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی له‌و گرنگیه‌ تێگه‌یشتون به‌ وردیه‌وه‌ حساب بۆ ئه‌و توێژه‌ ده‌که‌ن.

ئێستاش یابانیه‌کان مه‌کانه‌ی ئه‌و توێژه‌ له‌به‌رهه‌ڤ بوون له‌ ژیانێکی شایسته‌ وه‌ک ئیمپراتۆر هه‌ژماری بۆ ده‌که‌ن، ئه‌ڵمانه‌کان له‌سه‌ر زاری راوێژکاره‌که‌یانه‌وه‌ مامۆستای به‌ سه‌رتۆپی توێژه‌کان ناوزه‌د کرد، ئه‌وه‌ش کاتێک هات که‌ کۆمه‌ڵێک ئه‌ندازیار چونه‌ لای داوای ئه‌وه‌یان کرد، ژیان و ئیمتیازاتیان وه‌ک مامۆستایان بێت، ئه‌ویش وتی خۆتان به‌راورد مه‌که‌ن به‌ توێژێک که‌ ئێوه‌یان پێگه‌یاندووه‌ هه‌ر ده‌بێت ئه‌وان له‌سه‌ره‌وه‌ بن، ئێوه‌ش مافی خۆتانه‌ داواکاریتان هه‌بێت به‌ڵام به‌بێ به‌راوردکردن به‌ مامۆستایان، زۆر به‌ داخه‌وه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌و راستیانه‌ هه‌موان ده‌یزانین، خۆشیان له‌ چه‌ندین بۆنه‌ و رێوڕه‌سمه‌دا دووپات و ده‌پاتیان کردۆته‌وه‌ که‌ قه‌رزاری مامۆستایانن، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعدا دروشمه‌کان و ئه‌و وتانه‌ ته‌رجومه‌ ناکه‌ن و هه‌نگاوی لێبڕراوانه‌ی بۆ هه‌ڵناهاوێن.

هه‌موانیش ئاگاداری په‌روه‌رده‌ و فێرکردنن به‌ هه‌موو قۆناغه‌کانیه‌وه‌ له‌ دۆخێکی ناله‌باردایه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بڕوات نه‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست نه‌ دوارۆژێکی مسۆگه‌ری لێیه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌نابێت، چه‌ندیش دوا بکه‌وێت لێکه‌وته‌کانی کاریگه‌ر و خراپتر ده‌بێت،به‌راستی کاتی هاتوه‌ کۆتایی به‌م که‌م بایه‌خیه‌ بهێنرێت و بڕیاری پێویست له‌مه‌ڕ باشکردنی ژیان و گوزه‌رانی مامۆستایان بدرێت، پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێرکردنیش بخرێته‌وه‌ سه‌ر شاڕێگه‌ی خۆی.

 

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *