shadow

د.به‌ختیار شاوه‌یس‌

لەدوا ساتەکانی دوا دانیشتنی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، حیدرعبادی هاتە هۆڵی پەرلەمان و لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا هەریەک لە قاسم ئەعرەجی کە نوێنەری هاپەیمانی شیعەکانی دەکرد بۆ وەزیری ناوخۆ و عیرفان حەییالی کە نوێنەرایەتی یەکێتیی هێزە سونیەکانی دەکرد بۆ وەزیری بەرگری، هەردووکیان دەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکانیان هێنا و تورکمانەکانیش بەهۆی ناکۆکی ناوخۆیی خۆیانەوە نەیانتوانی کاندیدەکەیان بگەیەننە وەزارەتی پیشەسازی ئەگەرنا سەرۆک وەزیران ناوەکەی پاڵاوت ، بەڵام ئەوەی کە بەغیابی مایەوە نەبوونی کاندیدە کوردەکە بوو بۆ پڕکردنەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی کە پشکی ئێمەیە و لەناو کوردیشدا شوێنەکەی بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە.

رۆژێک بەر لەهاتنی عەبادی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پرکردنەوەی وەزارتە بەتاڵەکان ، لەدواهەمین لێدوانی قراکسیۆنی زەرد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەیان بەوە کرد کە پرکردنەوەی پۆستی وەزارەتی دارایی مافی ئێمەیە و نابێت کەس خۆی لەتوخنی ئەم مەسەلەیە بدات، بەڵام پێیان نەوتین کامەیە کاندیدیان بۆ ئەوەی هەموان وەک فراکسیۆنە کوردستانیەکان پشتیوانی یکەین و دواجار یبکەینە ئەڵتەرناتیڤ بۆ خزمەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان.

نزیکەی چوار مانگە بەرێز وشیار زیباری وەزیری دارایی عیراق لەپۆستەکەی دورخراوەتەوە و زیاتر لە مانگێکیشە دادگای ئیتیحادی وەڵامی تانەکەی زیباری داوەتەوە و ئیقالەکردنەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە بەراست و دروست و یاسایی داناوە و ئەو بیانوەی برادەرانی پارتی نەماوە بۆ ئەوەی چیدیکە کات بەم مەسەلەیەوە بکوژن، بەڵکو لەمەش زیاتر هێشتنەوەی بەهەڵپەسێرراوی کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ئاستەجیاوازەکانی کورد جێدەهێڵێت، کە هەندێکیان هەڵدەدەمەوە:

یەکەم / لەناو ئەنجومەنی وەزیران دەنگی کورد لاواز و کپ دەکات ، بەوەی کە زۆربەی بریارەکان بە وەرگرتنی دەنگ و را و بۆچوونی وەزیرە کوردەکان وەک نوێنەری پێکهاتەی کورد وەردەگیرێت و بەدڵنیایەوە لەدەستدانی دەنگێک بەتایبەتی کە وەزیری داراییە و پۆستێکی سیادیە ئاسەواری نەرێنی دەبێت.

دووەم / پۆستی وەزارەتی دارایی ، جگەلەسیادیەکەی لەم قەیرانە داراییەی کە عیراق و هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە گرنگی بنەرەتی هەیە و لەمەش بترازێت بۆ پێگەی کورد لەبەغداد زیاتر لێکەوتەکانی دەردەکەوێت بەتایبەتی کە کرۆکی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغداد رەهەندی ئابووری هەیە و ئەوەی کەپێیی دەوترێت برینی موچەی فەرمانبەران و فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ ، کە گێرمە وکێشەی نێوان هەردوولایە کۆتاییەکەی لە پارە و دۆلار و وەزارەتی داراییدا کۆدەبێتەوە. ئەمەسەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک کێشەی هاوڵاتیانی کوردستان پەیوەندی بەوەزارەتی داراییەوە هەیە وەک پارەی گەنمی جوتیاران.

سێیەم / لێرە ولەوێ‌ هەندێک جار رەخنەوگلەیی و گازەندە دەکرێت لە دەسەڵاتدارانی بەغداد بەوەی کە پۆستەکانی کورد بەبێگەڕانەوە بۆ ئێمە پردەکەنەوە و پشکی کورد دەخۆن ، بێئاگا لەوەی کە بەشێکی زۆر لە هۆکاری ئەمە پەیوەندی بەکەمتەرخەمی یان بێموبالاتی یان ململانێنی نێوان هێزە کوردیەکان ، یان زۆر جار ململانێی ناوخۆیی حیزبێک و ناکۆکی ناوەکی هۆکار بوە بۆ لەدەستدانی پۆستی هەستیار و دواتر کێشەکانی خۆمان هەڵواسیوە بە عەلاگەی بەغداو دەستمان لەهەمانەکە دەرچوە. وەئەوەیش کە شوێنی هه‌ڵوێستە کردنەو دەبێت پارتی و فراکسیۆنەکەی بەبایەخەوە وەریبگرن ئەوەیە کە عەبادی وەزیرێکی کابینەکەی بە وەکالەت راسپاردوە کە وەزراەتی دارایی بەرێوەبباتز کوردەواریش دەڵێت دیوار لەگەڵ تۆمە و پاسار گوێت لێبێت.
سەرباری گەندەڵی و نائارامی ئەمنی و هەبوونی تەقینەوە و کاری تیرۆریستی لەبەغداد ، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە دیموکراسیەکی رێژەیی لەپایتەختی عیراق و لەناو پرۆسە سیاسیەکەی هەیە و ئەمەش لەناو دامەزراوەکانی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێەجێکردندا ڕەنگی داوەتەوە و لە پەرلەمان وەزیری هەستیار لەسەر گەندەڵی ئیقالە دەکرێت و لەحکومەتیش گۆرانکاڕی یەکان بەرۆحی وەرزشی وەردەگیرێت و بریاری کۆتایی لەم گۆرانکاریانەدا وەک ئەوەی کە دەستوور بنەماکەی داڕشتوە ، لە دواجاردا دەهێنرێتەوە بۆ نوێنەرانی خەڵک.

ئەوەی گرنگە بۆئێمەی کورد خۆمان گێل نەکەین و خۆڵیش نەکەینە چاوی یەکتر ، بەشێوەیەکی خێرا جگە لەرێکخستنەوەی ناوماڵی خۆمان و کاراکردنەوەی پەرلەمان ،پێویستە هەزمی ئەوە بکەین کە پێشکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی لەبەغداد چاوەرێی یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی ئێمە ناکات و دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان لەخەیاڵی مانەوەی بەرێز وشیار زیباری بێتە دەرەوە و بەواقعی و بەپەلە کاندیدێکی دیکە بۆ پرکردنەوەی وەزارتی داریی ئاراستەی پەرلەمان بکات و لەمە زیاتر ئێمە لە ئیحراجی نەهێڵێتەوە.
Baxtyar.shaways@yahoo.com

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *