shadow

لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی لە کەرکوک داوە لە هەمان کاتیشدا کۆمپانیايی ئەو حزبە گرێبەستی نەوت لەو شارە دەکات.

لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا کە رۆژنامەی رۆژنامەی ئاژانس ئەنجامیداوە، سەعد حەدیسی وتەبێژی حکومەتی عیراق دەڵێت: حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رێک کەوتوون کە نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی ناوەند بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لیژنە پێک دەهێنن و دەشڵێت: ״پارەی هیچ کۆمپانیایەکی نەوتی هەرێم نادەین کە خۆمان گرێبەستمان لەگەڵدا نەکردبێت״.

سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەکەین کە باس لە ڕێککەوتنێک کرا لە نێوان حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عیراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەراوێزی لوتکەی داڤۆس لە سویسڕا بۆ ڕادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم بە حکومەتی ناوەندی، ڕاستیی ئەو بابەتە چییە؟

سەعد حەدیسی: یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان کە لە نێوان حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە کۆبوونەوەکەیان لە بەغدای پایتەخت و دواتریش لە پەراوێزی لوتکەی داڤۆس ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات وەک چۆن لە دەستووری عیراقدا هاتووە بەو پێیەی کە بازرگانیی دەرەکی لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندییە.

بەڵام هەرێم دەڵێت ڕێککەوتنی وا نەکراوە و هەنگاویش نەبینرا بۆ جێبەجێکردنی ئەوە چۆنە؟

سەعد حەدیسی: ئێمە چاوەڕێی ئەوەین ئەو ڕێککەوتنە لەسەر ئەرزی واقیع بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە ئەو پرسە ڕێککەوتنی بەرایی لەسەر کراوە و بڕیارە تیمی هونەریی وەزارەتی نەوتی عیراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە کاری لەسەر بکەن تا سەرجەم هەناردەی نەوتی هەرێم بخرێتە ژێر سەرپەرشتیی حکومەتی ناوەندییەوە.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە خودی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە نەوتەکەی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات یان لە بنەڕەتدا نیازی هەیە بیکات؟

سەعد حەدیسی: بە شێوەیەکی بەرایی و مەبدەئی ڕێککەوتن لەسەری کراوە، بەڵام دەبێت چاوەڕێی رێوشوێنە هونەری و مەیدانییەکان بین بۆ ئەو هەنگاوە بە مەبەستی چارەسەری ئەو پرسە و داخستنی لە نێوان هەردوولادا.

ئەی کێ پارەی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات کە وەک حکومەتی هەرێم ئاماژەی پێ دەدات دەیان ملیار دۆلارە؟

سەعد حەدیسی: کاتێک ئەو ڕێککەوتنە کارا کرا و نەوتی هەرێمی کوردستان چووە ژێر دەستی حکومەتی ناوەندی، ئەوکات بەغدا تەنها پارەی ئەو کۆمپانیایانە دەدات کە حکومەتی ناوەندی گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا دەکات یان ئاگادارێتی و ئێمە بەرپرس نین لە پارەی ئەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵی ئیمزا کردوون.

ئەی گرێبەستە نەوتییەکانی تایبەت بە وەبەرهێنانی نەوتی هەرێم دەستکاری دەکەن کە بەشێکیان پشکیان لە کێڵگە نەوتییەکاندا هەیە؟

سەعد حەدیسی: ئەو پرسە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە لە نێوان حەیدەر عەبادی و نێچیرڤان بارزانیدا، ئەوە لە پسپۆڕیی لیژنەی هونەرییە کە بۆ ئەو مەبەستە پێک دەهێندرێت.

پرسێکی تر هەیە هەرێمی سەرقاڵ کردووە، ئەوەش ناردنی مووچەی پیشمەرگە و خانەنشینانە، ئێوە ئامادەن ئەو مووچەیە بنێرن وەک وەزارەتەکانی تر لە پاش وردبینی؟

سەعد حەدیسی: تێڕوانین و کاری حکومەتی ناوەندی بەو ئاڕاستەیەیە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و بەشێک لە بودجەشدا دیاری بکات بۆ پێشمەرگە وەک هێزی پیادە، ئەوەش لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە چارەسەر دەکرێت کە لە نێوان هەردوولادا لەسەر مووچە هەن و پێشکەوتنی باشیان بینیوە لەسەر ئەو پرسە.

بەڵام هێشتا گومان هەیە کە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و هەست دەکرێت کە دەستی دەستی بە هەرێم دەکەن؟

سەعد حەدیسی: کارکردن لەسەر ئەو پرسە و سەرژمێریی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و وردبینی لە دۆسیەکانیاندا دەکرێت بۆ دوورخستنەوەی هەر لادان و گومانێک لەسەری و حکومەتی عێراقی لەگەڵ ئەو لیژنانە کۆ دەبێتەوە کە وردبینی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندرووستی و پەروەردەی هەرێمی کردووە بۆ ئەوەی دوابڕیاری لە بارەوە بدێت و مووچەکە بنێردرێت.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ کۆمپانیای کار له‌ دوای ریفراندۆمه‌وه‌ جۆری بازرگانیه‌که‌ی گۆڕیوه‌و له‌ که‌رکوک کار له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عیراق ده‌کات، لە هەمان کاتیشدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی لە کەرکوک راگەیاندوە بەو بیانووەی کە شارێکی داگیرکراوە بەڵام بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ناوچە دابڕێندراوەکانی سنوری موسڵ دەکات کە سوپا و حەشدی شەعبی کۆنترۆڵی کردوون.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *