shadow

به‌ئاماده‌بوونی حاکم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ده‌سته‌ی کارگێڕی و زوبێر عوسمان جێگری سکرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و د.سۆران جەمال تاهیر لێپرسراو و سالار سەرحەد ئەندامی کۆمیسیۆنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی ناوەندی، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ لێپرسراوی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتیه‌کان، له‌گه‌ڵ به‌رپرس و جێگر و ئه‌ندامانی به‌شه‌ جیاجیاکانی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی کۆبووه‌وه‌.

له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا سه‌ردان و به‌شداریکردنی وه‌فد و نوێنه‌رانی یه‌کێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خرایه‌ڕوو، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی له‌ ئاستی ناوخۆو عیراق و هه‌رێمایه‌تی و ده‌ره‌وه‌، له‌به‌رۆشنایی گۆڕانکاریی و پێشهاته‌ سیاسیه‌کان تاوتوێ کرا.

حاکم قادر حه‌مه‌جان له‌وته‌یه‌کیدا ده‌ستخۆشی له‌هه‌وڵه‌کانی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کان کرد و رایگه‌یاند: پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی له‌ئاسته‌ جیاجیاکان زیاتر په‌ره‌پێبده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی زیاتر بۆ مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی کوردستان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین..
له‌باره‌ی دۆخی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کانیشەوە وتی: ئەوەی له‌ خورماتوو روویداوه‌و رووده‌دات تاوانی جه‌نگن و ده‌گه‌یه‌نینه‌ هه‌موو ناوه‌نده‌ جیاجیاکان، هێشتا مه‌ترسی داعش کۆتایی نه‌هاتووه‌، مه‌ترسی تیرۆر به‌شێوه‌ی ترو له‌کاتی تردا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، تاکه‌ رێگا به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کانیش یه‌کێتی ریزه‌کانی گه‌له‌که‌مان و یه‌کخستنه‌وه‌ی نێوماڵی کوردستانه‌.

سه‌عدی پیره‌ له‌باره‌ی دۆخی سیاسی کوردستان و عیراق و ناوچه‌که‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌وردی دواو رایگه‌یاند: ” له‌ئاستی دونیا سۆسیال دیموکراته‌کان پشتیوانی له‌مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی کوردستان ده‌که‌ن، په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی هه‌وڵی بێوچانی خۆی درێژه‌ پێ ده‌دات، تا پشتیوانی فراوانتر بۆ گه‌لی کوردستان په‌یدا بکات.

وتیشی: له‌ناوه‌نده‌ سیاسی و رێکخراوه‌کانی دونیا به‌ رێزه‌وه‌ باسی رۆڵی مێژوویی سه‌رۆک مام جه‌لال ده‌کرێت له‌ ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیانی و خه‌بات بۆ ئازادی و دیموکراسی.

ئاماژەی بۆئەوەشکرد: وه‌فد و نوێنه‌رانی یه‌کێتی له‌ کۆنفرانس و کۆبونه‌وه‌ جیاجیاکاندا له‌ ئه‌وروپا و وڵاتانی تر، دۆخی ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان و به‌دیاریکراوی ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ خورماتوو روویانداوه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو.

زوبێر عوسمان جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی هه‌وڵ و چالاکیه‌کان و به‌شداری کردنی وه‌فد و نوێنه‌رانی یه‌کێتی له‌ کۆنگره‌ جیاجیاکان له‌ئاستی ئه‌وروپا و دنیا به‌گرنگ ناوبرد و لەوبارەوە وتی: پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان زیاتر گه‌شه‌ پێ بده‌ین.

زوبێر عوسمان راشیگەیاند: رۆڵی فەرەنسای بەرزنرخاند کە لەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە یەکەم وڵات بوو کە پێشوازی لە نوێنەرانی کورد بکات، پێشوازی کردن لە نوێنەرانی کورد بەو شێوە فەرمیە لەلایەن سەرۆک ماکرۆن لە کۆشکی ئەلیزێ و دانانی ئاڵای کوردستان و نوسینی رۆژ و بەروار بە زمانی کوردی لەسەر مونەسەی کۆنگرە جارێکیتر پشتیوانی وڵاتی فەرەنسایە بۆ کورد .

وتیشی: لەو سەردانەدا سەرۆکی فەرەنسا داوا لە قوباد تاڵەبانی کردوە ناوخۆی یەکێتی باش بکرێت ، ئەوەش لەو سۆنگەیەوە کە فەرەنسا چۆن رۆڵی هاوسەنگی لە جیهان و یەکێتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگێرێ بەهەمان شێوە یەکێتی نیشتیمانیەکوردستانیش ئەو رۆڵە سەرەکیە لە عێراق و کوردستان دەگێرێت ، تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی بە مانای تێکچوونی یەکریزی ناوماڵی کوردە بەهێزی و پێگەی یەکێتی رۆڵی کاریگەری هەبوە و دەبێ لەسەر تێپەراندنی ئەم بارودۆخە نەخوازارەوەی کوردستان و ناوچە دابرێندراوەکان، بەپێویستیشی زانی یەکێتیی خۆی دەربازبکات لە کۆمەڵێک دۆسییەی نەخوازراو کە رووی لە حزبەکە کردوە، بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی تاکە دەروازەیە بۆچارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان .

لەبەشێکیتری قسەکانیدا زوبێر عوسمان وتی: لەئەگەری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوە تەواوکارییەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەوا ئەنجومەنی ناوەندی ئەو ئەرکانەی لەسەر ئەنجومەنی سەرکردایەتیە ئەنجامی دەدات و بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەمان .

به‌شێکی تری کۆبونه‌وه‌که‌ ته‌رخانکرا بۆ پێشنیازو ڕاوبۆچوونی هه‌ڤاڵانی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی کاروباری په‌یوه‌ندییه‌کان و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *