shadow

وێنه‌یه‌ک له‌ شه‌وی سه‌ری ساڵدا.. هێرۆ خان بۆچی له‌و شه‌وه‌دا چووە سه‌ر گلکۆی مام؟

په‌ندێکی چینی ده‌ڵێت، وێنه‌یه‌ک هه‌زار ووشه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م په‌نده‌ له‌ شه‌وی سه‌ری ساڵی 2018 بینیم، کاتێک له‌ فیسبوک بڵاوکرایه‌وه‌، ئه‌و وێنه‌یه‌ وێنه‌ی خاتوو هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د بوو، له‌ شه‌وه‌زه‌نگی شاردا له‌سه‌ر گلکۆی جه‌نابی مام جه‌لال دانیشتبوو، ئه‌و دانیشتنه‌ بێده‌نگه‌، ئه‌و دانیشتنه‌ پڕ ته‌نیاییه‌، ئه‌و تێڕوانینه‌ له‌ وێنه‌ی جه‌نابی مام، هه‌زاران ووشه‌ی ده‌رده‌بڕی.

ئه‌م وینه‌یه‌ بووه‌ یه‌که‌م وێنه‌ پۆستی ساڵی 2018، که‌ زۆربه‌ی کادرو ئه‌ندامه‌ دڵسۆزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ فیسبوکه‌کانیاندا بڵاویانکرده‌وه‌، به‌ سه‌دان کۆمینتی ناخ هه‌ژێن‌ و ده‌ربڕینی فرمێسک بۆ کۆچی مامی گه‌وره‌و پشتیوانی و هاوخه‌می بۆ داده‌ هێرۆ ده‌ربڕاوه‌، جارێکیتر فرمیسکی ته‌زانه‌وه‌ چاوه‌کان.

ده‌پرسین، خاتوو هێرۆ، بۆچی له‌و شه‌وه‌دا چویته‌سه‌ر گلکۆی مام؟ بیری رۆژه‌ سه‌خته‌کانی خه‌باتی شاخت ده‌کرد؟ یان ده‌تویست سکاڵای خۆت، غه‌م و په‌ژاره‌ی خۆت ببیه‌ته‌ لای مام؟ یان بێنازی یه‌کێتی، کێشه‌ ئالۆزه‌کانی یه‌کێتی، کێشه‌ی که‌رکوک‌ و مالوێرانی دوای ریفراندۆم ببیته‌ی لای و پێیبڵێیت چی بکه‌ین؟ چۆن کوردستان له‌م قه‌یرانه‌ ده‌رباز بکه‌ین؟ یان چویت پێیبڵێیت هه‌سته‌وه‌و چۆن ده‌بێت شکۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ک لێره‌ ڕابکشێت، هه‌سته‌وه‌، وا نمه‌ک به‌حه‌رامه‌کان ده‌یانه‌وێت ره‌نجی 70 ساڵ ته‌مه‌نی پڕ خه‌باتت، خوێنی هه‌زاران شه‌هیدی رێبازه‌که‌ت به‌ده‌م با بده‌ن؟

ژنه‌ بوێرو سه‌نگینه‌که‌، سه‌یری کۆمینته‌کان بکه‌، ده‌ڵێن هه‌موو چاومان له‌ تۆیه‌ له‌سه‌ر گلکۆی مام هه‌سته‌و گۆچانه‌که‌ی بێنه‌، به‌ حیکمه‌تی مام و به‌ ڕێبازه‌که‌ی مام، به‌پێی په‌یڕه‌و، ئه‌م که‌شتییه‌ی (ی ن ک) بگه‌یه‌نه‌ که‌ناری ئارامی و له‌ده‌ست پلانی چه‌ته‌و قه‌راسنه‌کان رزگاری بکه‌، هه‌موو له‌گه‌ڵتین.

جمیله شیخ محمود

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *