shadow

کاردانەوەی وڵاتانی جیهان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بەردەوامە و داوای راگرتنی هێرشەکان دەکەن.

ئەمریکا نیگەرانی خۆی بەرامبەر پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەربڕی

هێزەر ناوێرت وتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: پێویستە سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین و هێزە کوردییەکان رابگرێت و چیتر هاوڵاتیانی مەدەنی نەکرێنە قوربانی، ئاماژەی بەوەشکردووە: پێویستە لە ئێستادا تورکیا زاڵ بێت بە سەر بیرکردنەوەکانیدا و پەلە نەکات لە بڕیاردان و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هەڵچوونییەکانیەوە.

فەرەنسا داوای ڕاگرتنی ئۆپراسیۆن و بەستنی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات

فلۆرانس بالی وەزیری بەرگری فەرەنسا لەلێدوانێکدا داوایکرد حکومەتی تورکیا بەزووترین کات ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بەکانتۆنی عەفرین لەڕۆژئاوای کوردستان ڕابگرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە: ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا دژ بەهێزە کوردییەکان لەعەفرین زیان بە جەنگی دژ بەتیرۆر دەگەیەنێت.
لای خۆیەوە جان ئیڤن لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: لەپاش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لە عەفرین، وڵاتەکەی داوا دەکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عەفرین و ئیدلب و غوتە ئەنجام بدات، ئاشکراشیکرد: بۆ گفتووگۆکردن سەبارەت بەڕاگرتنی هێرشەکان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجامداوە.

ئێران داوا لە تورکیا دەکات بە زووترین کات کۆتایی بەهێرشەکانی بهێنێت
(بەهرام قاسمی) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:کۆماری ئیسلامی ئێران لە نزیکەوە و بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ دوایین گۆڕانکارییەکانی شاری عفرین لە سوریا دەکات ، وتیشی هیواخوازین تورکیا بە زووترین کات کۆتایی بە هێرشەکانی بۆسەر عفرین بهێنێت بۆئەوەی رێگە لە قوڵبوونەوە و پەرەسەندنی قەیران لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا و سوریا بگیرێت.
(بەهرام قاسمی) ئاماژەی بەوەشکرد بەردەوامی قەیرانی عفرین دەبێتەهۆی بەهێزبوون و سەرهەڵدانەوەی گرووپە تەکفیرییە تیرۆریستییەکان لە باکووری سوریا و ئاگرێ شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە هەڵدەگیرسێنێتەوە

بەشار ئەسەد: ئامانج لەئۆپراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین پشتیوانیکردنە لەتیرۆر.
بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا نیگەرانی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەربڕی و رایگەیاند: تۆپباران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی حکومەتی تورکیا دژ بە عەفرین پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریایە، ئەسەد راشیگەیاندووە: لەڕۆژی یەکەمی سەر هەڵدانی قەیرانی سوریاوە حکومەتی تورکیا بەبەردەوامی هاوکار و پشتیوانی پێشکەش بەچەکدار و گرووپە تیرۆرستیەکان کردووە، ئەم ئۆپراسیۆنە ناڕەوایەی تورکیاش دژ بەعەفرین درێژە پێدەری هەوڵە زۆردارییەکانی چەند ساڵی رابردووی ئەو وڵاتەیە بۆ پشتیوانیکردن لەتیرۆر و لەپێناو بەردەوامی قەیرانی سوریا.

قاهیرە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە پێشێلکاری سەروەری سوریا وەسف دەکات
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی میسر نیگەرانی قاهیرەی لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەربڕی و رایگەیاند: ئەو هەنگاوە پێشێلکردنێکی نوێی سەروەری خاکی سوریایە لەلایەن تورکیاوە و ئاستەنگ بۆ هەوڵەکان لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دروست دەکات، راشیگەیاندووە: هەڵویستی قاهیرە سەبارەت بەسوریا جێگیرە و بژاردەی سەربازی بۆ چارەسەری کێشەکان رەتدەکاتەوە، چونکە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی زیاتری برینەکانی گەلی سوریا.

هەر لەوچوارچێوەدا لە شاری ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و کانتۆنی عەفرین دەستیپێکرد و هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد، باس لەوەشکراوە: کە هێزەکانی پۆلیس داری کارەبایی و تۆزی بیبەریان دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنانەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان لێ برینداربوون.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *