shadow

د.سامان جلال

جاران و سەرەتاکانی دەرهێنانی نەوت لەهەرێمی کوردستان، ببوو بەجێگای شانازیکردن و پێشبرکێی لایەنەکان، ئێستا هەر یەکەو بەجۆرێک و هەرلایەک بەشێوازێک پرسی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەخۆی دووردەکاتەوە، بۆیە وەک دەلێن “ئەنجامی خراپ، خاوەنی نابێت”.

جارێکیان بیرمە کە تازە پێ دەگەیشتم، ویستم یارمەتی دایکم بدەم و لەبەرمیلی نەوت، نەوت بۆ سۆپا دەربهێنم، بەڵام لەپڕ نەوت کەوتە قوڕگ و گەروو مەعیدەمەوە. ئەو کاتە دایکم و هەموو ماڵەوە، زۆر دڵتەنگ بوون بە وەزعی پەشۆکاوی من، چونکە تا نزیکەی درەنگانی ئەو شەوە لەحاڵەتێکی تەندروستی ناجێگیردابووم، ئا لەو کاتە، بیرمە دایکم ووتی: ” کوڕم نەوت دەرهێنان کاری تۆ نییە، جارێکی تر کاری وا مەکە!” ئەمە بوو بە دەرس و پەندو عیبرەت بۆ من کە بۆ هەتا هەتایە، بیر لەدەرهێنانی هیچ شتێک لەهیچ کونێک نەکەمەوە. تێگەیشتم و زانیم نەوت دەرهێنان لێزانی دەوێ و بەهەموو کەس ناکرێت. تێگەیشتم ئەگەر پێداگیری بکەم و لەو جۆرە سەرکێشیانە بەردەوام بم، خۆم و ماڵەکەم وێران دەکەم. هەر ئەوکاتە زانیم نەوت دەرهێنان رەفتاری من نیە و کەسی تایبەت و بەئەزموونی خۆی گەرەکە.

بۆیە لەم روانگەیەوە، هێشتا پێویست بوو، بۆ ماوەیەکی زیاتر نەوتەکانی وڵاتی من، وەک سەرمایەکی گرەنتی و پارێزراو هەر لەژێر زەویدا بمێننەوە، خۆ ئەگەر دەرهێندرا، بەلارێدا نەبرێت، چونکە بێگومان کاتێک قازانج سەری مایە دەخوات، ئازارەکەی بەسۆتر دەبێت.
هێشتا کارزانی و پسپۆڕی و لێهاتوویی لەدەرهێنانی نەوت لە وڵاتەکەی ئێمە بەدروستی، دروست نەبووە، تاوەکو بەسەلامەتی نەوت دەریبهێنن و بێ تەم و مژ ساغی بکەنەوە و داهات و بەرهەمەکەی بەئەمانەتەوە بگەڕێننەوە!

هێشتا رق و توورەیی و پیلانی دوژمنانی چواردەوری ئەو هەرێمە، هەرگیز رێگا نادەن و رازی نابن، ووزەی نەوت، کە نەوەک هەر بۆنی ژیان، بەڵکو جێگیرکردنی قاچێکی گەورەی پێگەی بەدەوڵەت بوونە، کە بەبەرچاوی نەتەوەو وڵاتە برسییەکان بەئاسانی قوت بدرێت.

خۆ دەزانین، ئەگەر بەگژداچوونەوەو هەوڵدانی گەورە بۆ دۆزینەوەی مەجرای راستەقینەی نەوتکرابێت، بەڵام بێگومان نەزانین و نەگونجاو وەرزنەبوونی نەوت و چاوتێبڕینی گۆی زەوی لەو بڕە نەوتە، ناچار لەدواجاردا مایەپووچی سیاسیی و کاڵبوونەوەی ئایدیۆلۆجی و تەنک بوونی نیشتیمان پەروەری و رەوینەوەی وڵات و پەرپاکردنی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و زویربوون و لێکترازان و ئابووریەکی شکستخواردوو، تەنانەت لەیەکترهەڵوەشانی لێ دەکەوێتەوە. کاتێک کەزانیمان تۆڕی راوچییەکان (دوژمنانی بەناو دۆست )چڕتر دەبێتەوە، دەبێت تێبگەین، لایەنی کەم هەڵەیەک هەیەو پێویستە بگەڕێنەوە سێگۆشەی یەکەم و لەرێگایەکی ترو بەشێوازێکی تر دەست پێبکەینەوە.

کەواتە دەکرێت لەم قۆناغەدا بلێین، بەگوێرەی دەرئەنجامەکان، نە لەناوخۆ، لەپرسی نەوت سەرکەوتووبووینەو ، نەکەسمان وەک فریاد رەس لەپرسی نەوت دەرکەوتووین. وە هەم تێگەیشتین، تادێت شەپۆڵ و لێشاوی، راوچیانی دەرەوە بۆ نەوتە داماوەکەی کورد، لەهەڵکشانەو بەرەو زێدەترە. ئا لەو کاتەدا پێویستە هەڵوەستەیەک بکەین و بەهەر نرخێک بێت، وەرزی مامەڵەکردن و دەرهێنان و فرۆشتن و تەنانەت قسەکردن لەسەر نەوت بوەستێنین، تاوەکو فۆکەسی ناوخۆ و دەرەوە لەنەوتەوە بگۆڕین بۆ بابەت و پرسێکی ترو خۆمان و گەڵەکەمان لەنەهامەتی دەرباز بکەین و ئەم قۆناغە بەژیرانە تێپەڕێنین.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *