shadow

بەرێوەبەری گشتی خانه‌نشینی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا وەزارەتی دارایی كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی ساڵی رابردووی خانەنشینانی بە دروستی ئاشكرا نەكردووە.

به‌پێی زانیارییه‌كان بڕیاره‌ لە مانگی ئایاردا مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی دابەش بكرێت، له‌و رووه‌وه‌ حازم تەحسین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی خانه‌نشینی هه‌رێم راگه‌یاند: “ئێمەش ئەو زانیاریەمان هەیە كە مانگی داهاتوو مووچەی خانەنشینان دابەش بكرێت بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی مووچەی ئەو توێژە گرنگە دابەش بكرێت كە خزمەتێكی زۆریان كردووە”.

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین ئاشكراشیكرد تا ئێستا لە ماوەی 20 مانگدا تەنها مووچەی هه‌شت مانگی خانەنشینان دابەشكراوە، وتیشی: “قەیرانی دارایی هۆكاری دواكەوتنی مووچەی خانەنشیان بووە تا ئەو قەیرانە سووك نەبێت كێشەكە وا بەردەوام دەبێت، بەڵام ئومێد هەیە قەیرانی دارایی سوكتر بێت و دابەشكردنی مووچە ئاسایی بێتەوە”.

جەختی كردەوە بەراورد بە پێشووتر لە ئێستادا دابەشكردنی مووچەی خانەنشیان باشتربووە، وتیشی: “جاران دوو مانگ جارێك مووچەی خانەنشینان دابەش دەكرا بەڵام ئێستا كەمتر لە دوو مانگە و هەندێك جار نزیكەی 40 رۆژە، بەڵام بە گشتی كەمتر لە دوومانگ مووچەیەك دابەش دەكرێت”.

رۆژی 9ی نیسانی 2017 وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی راگەیاندووە بەڵام لە خشتەكەدا مووچەی خانەنشیانی تێدا نیە، لەمباریەوە حازم تەحسین دەڵێت: “دوایین جار لە 4ی مانگ مووچەی مانگی 8ی خانەنشیان دابەشكرا بۆیە مووچەی تازەیان رانەگەیاندراوە، بەڵام لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر خەتین بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا مووچەی ئەوانیش دابەش بكرێت”.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *