shadow

 

سه‌باره‌ت به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵێک له‌ چه‌ند ده‌زگایه‌کی راگه‌یاندن که‌ گوایه‌ کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان عه‌لی له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نییه‌، لێپرسراوی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی کۆسره‌ت ره‌سول روونکردنه‌وه‌یه‌ک بڵاوده‌کاته‌وه‌.

ده‌قی روونکردنه‌وه‌که‌:

روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌لێپرسراوی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی کۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی

ئه‌مڕۆ 7/7/2014 چه‌ند ده‌زگایه‌کی راگه‌یاندن لێکدانه‌وه‌یه‌کی شێوێندراو ره‌نگه‌ به‌ مه‌به‌ستی سیاسیش بێت، لێدوانێکی هه‌ڤاڵ کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیان ئاوه‌ژوو کردووه‌و شێواندووه‌و ویستوویانه‌ چاوبه‌ستنێک له‌ رای گشتی و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن، که‌ گوایه‌ کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نییه‌، بۆیه‌ به‌پێویستمانزانی ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر دیدی رای گشتی و خه‌ڵکی کوردستان:

1- ئه‌و حزبه‌ی که‌ هه‌ڤاڵ کۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سکرتێری گشتییه‌که‌یه‌تی، یه‌که‌م حزبی سیاسیه‌ له‌ کوردستان و به‌ درێژایی شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌ی که‌ دروشمی مافی چاره‌ی خۆنووسینی هه‌ڵگرتووه‌و به‌ کرده‌وه‌ش کاری بۆ کردووه‌.

2- ئه‌گه‌ر به‌ویژدانه‌وه‌ خوێنه‌ری کورد به‌دوای لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کاندا بگه‌ڕێت، زیاد له‌ 15 ساڵه‌ هه‌ڤاڵ کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی به‌ راشکاوانه‌ داوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی کردووه‌و ئێستا خه‌ڵکانێک وه‌کو موزایه‌ده‌یه‌کی سیاسی به‌خۆمانی ده‌فرۆشنه‌وه‌.

3- له‌کاتێکدا هه‌ندێک لایه‌ن و که‌س ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ خه‌ون ناوده‌به‌ن، کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی له‌هه‌مان چاوپێکه‌وتندا ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ ئاواتی هه‌موو تاکێکی خه‌ڵکی کوردستانه‌و هه‌موو شۆڕشه‌کانیش له‌م پێناوه‌دا هه‌ڵگیرساون.

4- به‌ڵێ هه‌ڤاڵ کۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناوخۆیی و سیاسه‌تی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی لێکداوه‌ته‌وه‌و کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر به‌پێویست ده‌زانێت بۆ راگه‌یاندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ کوردییه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت پێویسته‌ کورد یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێست و یه‌ک بڕیار بێت له‌و هه‌نگاوه‌ چاره‌نووسسازه‌دا، وه‌کو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانیش خۆی به‌ خاوه‌نی بیری سه‌ربه‌خۆیی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌زانێت و له‌و هه‌نگاوه‌شدا یه‌کده‌نگ و هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ راپرسی و بڕیاری به‌ کۆمه‌ڵی چاره‌نووسسازی گه‌لی کوردستان.

5- ئێمه‌ له‌ لێکدانه‌وه‌ی چه‌واشه‌کارانه‌ی هه‌ندێک له‌ میدیاکان بۆ وته‌کانی هه‌ڤاڵ کۆسره‌ت ره‌سوڵ تێده‌گه‌ین و به‌ به‌رپرسیان ده‌زانین و مه‌رام و نیه‌تی سیاسییانه‌ش له‌به‌رچاو ده‌گرین، که‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ئارادان.

کۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی چۆن له‌ مێژووی پڕسه‌روه‌ری خۆیدا پێشمه‌رگه‌یه‌کی گیانفیدای رێگای رزگاری کوردستان بووه‌، له‌م هه‌نگاوه‌شدا هه‌مان ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌یه‌و قوربانی زیاتری بۆ ده‌دات.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *