shadow

مەسعود بارزانی لەبارەی باروودۆخی کەرکوکەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت پەیامێکی زۆر خراپ و بێ ناوەرۆک بوو.

فەرید ئەسەسەرد وتیشی: بارزانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە و خۆی دزیوەتەوە لەو بەرپرسیارێتیە.

دەقی پەیامەكەی بارزانی

بەدرێژایی مێژوو گەلی كوردستان لەژێر هەڕەشەو زوڵمدا بووەو مافەكانی پێشێل كراوە. لەو مێژووەدا گەلی كوردستان بەرگریی لە ناسنامەی خۆی كردووە و تووشی جینۆساید و كۆمەڵكوژی هاتووە كە دوایینیان پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووە بۆ سەر كوردستان و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی.

لەگەڵ ئەوەشدا گەلی كوردستان هەمیشە لەڕوانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا هەنگاوی ناوەو هیچ كاتێك شەڕمان نەویستووە، بەڵكو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوەو هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان‌و گەییشتنمان بەئامانجەكانمان. ئامانجی سەرەكیشمان هەمیشە ئاساییش و مافەكانی گەلی كوردستان بووە.
هاووڵاتیانی خۆشەویست
ئەوەی لەشاری كەركوك ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن‌و لەدەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغداو هەولێر بووە بەبنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان.
جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێ، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەین.
ئێستایش داكۆكی لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان دەكەینەوە، داواش لەدەزگەكانی ڕاگەیاندن دەكەم بەگشتی لەڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری كوردستان و عێراقدا بكەن.
گەلی خۆڕاگری كوردستان، جەماوەری دڵسۆزو خۆبەخشەكان، پێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەكانتان لەڕێگەی ئازادیی كوردستان بەخشیویانەو ئیمڕۆش هەر دەبەخشرێ، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان خستانەڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان، ڕۆژێك لە ڕۆژان بە فیڕۆ ناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین.
گەلی كوردستان بە هیمەتی هێز و ڕۆڵە قارەمانەكانی زوو یان درەنگ هەر دەگاتە ئامانجە ڕەواو پیرۆزەكانی. ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕبوونە بەهێزو یەكڕیزیی گەلەكەمان.
مەسعود بارزانی
17ـی 10ـی 2017

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *