shadow

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان جارێکی تر داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌کات ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 په‌سه‌ند نه‌کات ، لەسەر رەشنوسەکە بە 4 خاڵ وەڵامی حکومەتی عیچراق دەداتەوە.

ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه:

ڕاگه‌یه‌نراوێک له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان جارێکی تر داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌کات که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 په‌سه‌ند نه‌که‌ن که‌ تاکلایه‌نه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییى عێراقى فیدراڵه‌وه‌ ئاماده‌ کراوه‌ به‌بێ ‌به‌شداریپێکردنى هه‌رێمى کوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ى یاساى فیدراڵیى به‌ڕێوه‌بردنى دارایى ژماره‌ 95ى ساڵى 2014 و مادده‌کانى 105 ـ 106 و 121ى ده‌ستوور که‌ به‌شداریکردنى دادپه‌روه‌رانه‌ى هه‌رێمى کوردستان گه‌ره‌نتى کردووه‌ له‌ دامه‌زراوه‌کانى فیدراڵدا‌، ئه‌ویش به‌ ڕه‌چاوکردنى ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه‌:

1. ئه‌و ڕه‌شنووسه‌ به‌بێ به‌شداریپێکردنی هه‌رێمی کوردستان و به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ده‌ستوور و یاسا فیدراڵییه‌کان ئاماده‌ کراوه‌، به‌تایبه‌تیش که‌ له‌ ڕه‌شنووسه‌که‌دا قه‌واره‌ی ده‌ستووری و یاساییى هه‌رێمی کوردستان فه‌رامۆش کراوه‌ و تازه‌ به ‌تازه‌ (هه‌رێمی کوردستان – عێراق) به‌ (پارێزگاکانی باکووری عێراق) له‌ ڕه‌شنووسی یاساکه‌ ناوده‌به‌ن و ناوی (حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان)یش به‌ (حکوومه‌تی پارێزگاکان) و ناوی (وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی کوردستان)یش به‌ (وه‌زاره‌تی دارایی پارێزگاکان) هاتووه‌، سه‌ره‌ڕای ناوهێنانی (دیوانی چاودێریی هه‌رێمی کوردستان) به‌ (دیوانی چاودێریی پارێزگاکان) که‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی سه‌رپێچیی جه‌وهه‌رین له‌ ده‌ستووری عێراق، به‌تایبه‌تی بڕگه‌ی (یه‌که‌م) له‌ مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌که‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره‌ که‌ دانی به‌ هه‌رێمی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌کانیدا ناوه‌ وه‌ک هه‌رێمێکی فیدراڵی و مافی پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی یاسادانان و جێبه‌جێکردن و دادوه‌ری به‌ هه‌رێمی کوردستان داوه‌، نه‌ک وه‌ک پارێزگا.

2. که‌مکردنه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ یه‌که‌م جار له‌ دوای ساڵی 2005ه‌وه‌ له‌ ڕێژه‌ی (17%) بۆ ڕێژه‌ی (12.67%)، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستوور که‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حکوومه‌تی فیدراڵ پشکێکی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ داهاته‌ فیدراڵییه‌کان بۆ هه‌رێمی کوردستان ته‌رخان بکات به‌ ڕه‌چاوکردنی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ عێراق سه‌رژمێریی دانیشتوان نه‌کراوه‌، به‌ ڕێککه‌وتنی هه‌ردوولا ڕێژه‌ی دانیشتووانی هه‌رێم به‌ 17%ی دانیشتوانی عێراق دیاری کراوه‌، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ساڵانه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ یاساکانی بودجه‌ی عێراقدا جێگیر کراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ ساڵێک هه‌رێمی کوردستان به‌ فیعلی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌هۆی زیادبوونی به‌رچاوی ساڵانه‌ی خه‌رجییه‌کانی سیادی به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ڕۆڵی له‌ ده‌ستنیشانکردنی ئه‌و خه‌رجییانه‌دا هه‌بێت،‌ یان پشکی وه‌رگرتبێت، که‌ بۆ ساڵی 2018 بڕی (43) تریلیۆن و (110) ملیار دینار ته‌نها بۆ خه‌رجییه‌کانی سیادی ته‌رخان کراوه‌، که‌ ده‌کاته‌ ڕێژه‌ی (39%)ی بودجه‌ی گشتیی عێراق و له‌ دوای داشکاندنی خه‌رجییه‌کانی سیادی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌بێته‌ نزیکه‌ی (6.3%)، بۆیه‌ که‌مکردنه‌وه‌ی پشکی هه‌رێمی کوردستان هیچ بنه‌مایه‌کی ده‌ستووری نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ هاوبه‌شه‌دا ئه‌نجام دراوه‌.

3. به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆ به‌ پارێزگاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا و مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک پارێزگا نه‌ک وه‌ک هه‌رێم که‌ ته‌نها مه‌به‌ست لێی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناده‌ستووریی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ له‌ ڕووی پراکتیکه‌وه‌ هیچ سوودێک به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێم ناگه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای فه‌رامۆشکردنی دانپێنان به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، که‌ ئه‌مانه‌ش هه‌مووی پێچه‌وانه‌ی بڕگه‌ی (یه‌که‌م) له‌ مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌که‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره‌ و مامه‌ڵه‌کردنی هه‌رێمی کوردستانه‌ وه‌ک هه‌ر پارێزگایه‌کی تری عێراق نه‌ک وه‌ک هه‌رێمێکی فیدراڵیی دانپێدانراو به‌پێی ده‌ستووری عێراق، سه‌رپێچییه‌ له‌ ده‌ستوور.

4. بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (126) له‌ ده‌ستوور، ڕێگه‌ نادات ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کانه‌وه‌ که‌م بکرێنه‌وه‌ یان سنووردار بکرێن، ته‌نانه‌ت ده‌ستوور ڕێگریشی کردووه‌ له‌ هه‌ر هه‌موارێکی ده‌ستووری که‌ ببێته‌ هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی هه‌رێمی کوردستان.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و سه‌رپێچییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵ دووپاتکردنه‌وه‌ی پێشوازیکردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکوومه‌تی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچه‌ی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت له‌ خشته‌ی (ج)ی هاوپێچی ڕه‌شنووسی یاساکه‌ تایبه‌ت به‌ ده‌ستنیشانکردنی هێزی کاری که‌رتی گشتی، ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان هاوشێوه‌ی ساڵی 2017 به‌ (682) هه‌زار و (21) مووچه‌خۆر ده‌ستنیشان کراوه‌ و بڕی ته‌نها (206) ملیار دیناریان مانگانه‌ بۆ ته‌رخان کراوه‌ و ته‌نها بڕی (128) ملیار دیناریش مانگانه‌ بۆ ته‌رخانکراوی چاودێریی کۆمه‌ڵایه‌تی ته‌رخان کراوه‌ که‌ (خانه‌نشینان، که‌سوکاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، که‌مئه‌ندامان، سوودمه‌ندانی چاودێریی کۆمه‌ڵایه‌تی) ده‌گرێته‌وه‌، که‌ کۆی گشتیی مانگانه‌ ده‌کاته‌ (334) ملیار دینار، له‌ کاتێکدا له‌ هه‌رێمی کوردستاندا (1) ملیۆن و (249) هه‌زار و (481) مووچه‌خۆر هه‌یه‌ و بڕی پاره‌ی پێویستیش بۆ یه‌ک مانگی مووچه‌کانیان ده‌کاته‌ (897) ملیار و (500) ملیۆن دینار. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی مووچه‌خۆران به‌پێی ڕه‌شنووسی بودجه‌ی فیدراڵی 2018 هه‌مان ژماره‌یه‌، به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌ ساڵی 2017 بڕی (1) تریلیۆن و (321) ملیار دیناری لێ داشکێندراوه‌ به‌بێ ده‌ستنیشانکردنی بنه‌مای ئه‌م داشکاندنه‌.

داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌که‌ین بواری دانوستان بڕه‌خسێنێت له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی داڕشتنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و هه‌ڵگرتنی هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی له‌ ڕه‌شنووسه‌که‌دا هه‌ن و دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی هه‌رێمی کوردستان و بنه‌مای شه‌راکه‌ت و پێکه‌وه‌ ژیانن له‌ عێراقدا و دابینکردنی پشکی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌رێمی کوردستان، چونکه‌ که‌مکردنه‌وه‌ی پشکی هه‌رێمی کوردستان به‌م ڕێژه‌ گه‌وره‌یه‌ سزادانی به‌کۆمه‌ڵی هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستانه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
5/11/2017

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *