shadow

حزبە كوردستانییەكانی كەركوك جگە لە بزوتنەوەی گۆران پاش پێكهێنانی لیژنەیەك بەمەبەستی نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن لەگەڵ پێکهاتە و نەتەوە جیاجیاكانی شارەكە یەكەم سەردانیان ئەنجامدا.

لە ماوەى ڕابردوودا لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك، بەرەى تورکمانى نیگەرانى زۆرى نیشاندا، هەر بۆیە یەکەم سەردانى لایەنە کوردستانییەکان بۆلاى بەرەى تورکمانى بوو، هەر ئەو دوو پرسەش ئەجێندای سەرەکى کۆبوونەوەکە بوو.

بەرپرسانى بەرەی توركمانى لە کەرکوک دەڵێن نایانەوێت ئاشتی و برایەتی نێوان پێکهاتەکانى شارەکە تێکبچێت، لە هەركاتێكیشدا بێت مافەكانیان پێ بدرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان لە کەرکوک بەشدارى ئەو لیژنەیەى نەکردووە کە سەردانى پێکهاتەکانى شارەکە دەکەن، بەرپرسانى بزوتنەوەکە دەڵێن پرسی ڕیفراندۆم و پرسە چارەنوسسازەکان دەبێت پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگار بڕیاری لەسەر بدەن و پێویستى بە کۆبوونەوەى حزبى نییە.

بەشداربوویەکى کۆبوونەوەکەش دەڵێت بە ڕاشكاوی سیاسەتی داهاتووی كوردیان لەبارەی کەرکوکەوە بۆ بەرەی تورکمانى ڕوونکردووەتەوە، لەبەرامبەردا ئەوانیش قسەی نوێیان کردووە و بە گەرمی پێشوازییان لێکراوە.

بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەکەی لایەنە کوردستانییەکان سەردانی پێکهاتەی عەرەبیی کەرکوکیش بکەن و دوای کۆتاییهاتنی سەردان و دیدارەکانیش بەرپرسی یەكەمی هەموو لایەن و نەتەوە و پێكهاتەكان كۆبونەوەیەك سازبكەن و بریار و دەرئەنجامەكان رابگەیەنن.

كاتێک بریاری هەڵكردنی ئالای كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە پەسەندكرا یەكەم لایەن كە كاردانەوەی توندی هەبوو بەرەی توركمانی بوو، دوای مانگێك لەو بریارە حزبە كوردیەكان سەردانی بەرەی توركمانیان کرد، شاندە کوردییەکە دەڵێت ئامانجیان لەم دیدارانە رونكردنەوەی سیاسەتی كوردە لەبارەی كەركوكەوە لە قۆناغی دوای داعشدا.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *