shadow

 

پێشمەرگە و شه‌ڕڤانه‌ قاره‌مانه‌كان
تێكۆشه‌ره‌ دڵسۆزه‌كانی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر و ئاژانسی زانیاری
گەلى سه‌ربه‌رزی رۆژئاوا و کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان

بەبۆنەى رۆژى جیهانى کۆبانی-یەوە، گەرمترین پیرۆزبایى له‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان، لە خۆمان، له‌ ئێوە و له‌ سەرجەم ئازادیخوازانى دونیا دەکەم.

سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، داعش گه‌یشته‌ لوتكه‌ی هێزی داگیركاریی و هه‌شتاوهه‌شت هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی له‌ كه‌ناره‌كانی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ له‌ سوریا تا ده‌روازه‌كانی به‌غدا له‌ عێراق، داگیركرد و ئاسایشی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی دوچاری شۆكێكی گه‌وره‌ كرد. گه‌لی كوردی قاره‌مانیش به‌هۆی كاریگه‌ریی جوگرافی و پیلانی ئیقلیمییه‌وه،‌ كه‌وته‌ به‌رده‌م ئه‌م داگیركارییه‌ و له‌ مێژووی نوێیدا، روبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی كۆمه‌ڵكوژی و راگواستن و له‌ناوبردن كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی داعش جێبه‌جێكاری بوو.

هێزی پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانان، ده‌زگای دژه‌ تیرۆری (ی.ن.ك) و خۆبه‌خشان و خه‌ڵكی قاره‌مان، به‌ درێژایی ١٠٥٠ كیلۆمه‌تر به‌خوێن و قوربانیدان سه‌نگه‌ری به‌رگرییان پاراست. له‌ كوردستانی باشور، ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ شه‌نگال و ده‌وره‌به‌ری جینۆسایدكران، كه‌ركوكی قودسی كوردستان كرابه‌ به‌ ئامانجی په‌لاماره چه‌كدارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی داعش و ده‌یان كرده‌وه‌ی تیرۆریستییش له‌ گه‌رمیان و‌ هه‌ولێر و سلێمانی، به‌ شه‌ونخونیی هێزه‌كانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری و ده‌زگای ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ پوچه‌ڵكرانه‌وه‌.

هه‌ر له‌م كاته‌دا له‌ كوردستانی رۆژئاوا، پیلانی په‌لاماری هه‌مه‌لایه‌ن بۆ گه‌مارۆدان و قڕكردن و سڕینه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان پیاده‌كرا و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ئاگر و ئاسن بەسەر گەلى رۆژئاواى کوردستاندا دەبارى، نیشتمانه‌كه‌مان وێرانكرا و دوا گه‌ڕه‌كه‌كانی كۆبانییش كه‌وتنه‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردن. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌، شه‌وی ١٩ له‌سه‌ر ٢٠ی ١٠ی ٢٠١٤، كاتژمێر ٢:٣٥ خوله‌كی به‌ره‌به‌یان، دوای ده‌ رۆژ هه‌وڵی چڕ و پڕ و دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند هێزێكی ناوچه‌كه‌ رووبه‌ڕوی ئه‌م هه‌وڵه‌ وه‌ستانه‌وه‌، توانیمان بڕی ٢٤ ته‌ن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی جۆراوجۆر و بڕی یه‌ك ته‌ن ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكی كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ ئاماده‌ كرابوون، به‌ هاوكاریی هێزی دژه‌ تیرۆر و به‌ هاوكاریی هێزه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ رێگه‌ی سێ فرۆكه‌ی بارهه‌ڵگری جۆری C130 بگه‌یه‌نین به‌‌ هه‌ڤاڵانی یه‌په‌گه‌ له‌ كۆبانی و به‌ كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنرێت كه‌ كۆبانی ته‌نیا نییه‌ و ئه‌و گه‌مارۆ تیرۆریستییه‌ كوشنده‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك و خاكی پیرۆزی كوبانی تێكشكێنرا.

له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا، کوردان و ئازادیخوازانى دنیا پێکڕا بە دروشمى (کۆبانى تەنیا نیە) له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان، رژانە سەرشەقامەکان و دەنگیان بۆ پاراستنى کۆبانى بەرزکردەوە. لەو رۆژانەدا، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانمان ئەوەى بۆ پاراستنی كوردستان پێمانکرا، كردمان و ئێستا نەک کۆبانى ته‌نها نییه‌، بەڵکو كوردستانی رۆژئاوا به‌ره‌و ئازادی و پێكه‌وه‌ژیان و بنیادنانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێن و رەققەى پایتەختى داعش، كه‌ تاریكترین كوشتارگه‌ی مرۆڤایه‌تی بوو، لەسایەى هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و خۆڕاگریی كۆبانی و گەلى رۆژئاوا رزگاركرا و ئاهەنگى ژیانه‌وه‌ دەگێڕن.

گەرچى گرەوى تێرۆریستان و بەرەیەک لەدوژمنانی ئازادی ئەوە بوو، کە کۆبانى دەکەوێت به‌ڵام ئه‌م قه‌ڵایه‌ی كوردایه‌تی نه‌كه‌وت و بێ شك، به‌رخۆدان و پاراستنی کۆبانى وه‌كو خاڵى وەرچەرخان و شانازییه‌كی مێژوویی لەناو دەرونى تاك به‌ تاكی ئینسانی کورددا ده‌مێنێته‌وه‌ و سێمبولی هێز و مۆڕاڵی به‌رز و سه‌ركه‌وتنی نه‌بڕاوه‌ ده‌بێت بۆ پارێزه‌رانی. له‌م خۆڕاگرییه‌شدا، ئەوەى نەکەوت تەنها کۆبانى نەبوو، به‌ڵكو ئەوە شکۆى ئینسانى کورد بوو کە نەکەوت و به‌شێوه‌ی ئه‌فسانه‌یه‌ك له‌سه‌ر شانۆی دونیا، گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆریستیی تێكشكاند.

له‌گه‌ڵ هاوكار و هه‌ڤاڵه‌كانم، له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری شه‌هید و بریندارانی شه‌ڕی داعش و پارێزگاریكردن له‌ كۆبانی، شانازییه‌كی نه‌بڕاوه‌مان پێبڕاوه‌ كه‌ به‌كرده‌وه‌ بەشدار بووین له‌ پاراستنی کۆبانى، له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و شاره‌ ئازیزه‌مان بۆ دوژمنانی كورد بەتەنیا بەجێنەهێشت. و ئێستاش خۆشبه‌ختین به‌وه‌ی به‌چاوی خۆمان، به‌رهه‌می گیانبه‌خشییه‌كان ده‌بینین و دەبینین كه‌ گەلى رۆژئاوا بزوتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانی و دروستكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیان و دیموكراسیی خستۆته‌ سه‌رپێ.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌، هێشتا ئەرکمان به‌رامبه‌ر بە کۆبانى و رۆژئاوای كوردستان و گه‌له‌كه‌مان کۆتایى نەهاتوە و وەک چۆن له‌كاتی ته‌نگانه‌دا بەچەک و هێز لەسەر زەوى و ئاسمانەوە هاوکاریانبوین، وەک چۆن دەرگاى په‌یوه‌ندی دیپلۆماسیمان بەڕووى دونیادا بۆ کردنەوە، هاوكاریی تەندروستیمان گەیاندنێ، پێداویستى خوێندنمان خستنه‌به‌رده‌ست تا مناڵانى چاوگه‌شی رۆژئاڤا له‌ خوێندن بێبەش نەبن، به‌ڵێنده‌ده‌ین لەئاوەدانیشدا دەستى خێرو شادمانى بین، و تا توانامان مابێت هه‌ر به‌م جۆرەی كه‌ خوێنی شه‌هیدان لێمانی ده‌خوازێت‌ بۆ پاراستنی كۆبانی و خاك و گه‌لی كوردستان بەردەوام دەبین.

لاهور شێخ جەنگی

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *