shadow

 

كۆسرەت رەسوڵ عەلی رایگەیاند پێشمەرگە بۆ هەموو جیهانی سەلماند بەبێ هیچ جیاوازییەكی حزبی خاوەنی گەورەترین سەروەرییەو نەبەردی و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە بۆ دنیای سەلماند كە ئێمە گەلێكین بەخوێن خاك و نیشتمانی خۆمان دەپارێزین.

ئەم وتانەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بە وەكالەت ئێوارەی رۆژی 2015/5/5 بەیاوەری ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگەو بەكر مستەفا راوێژكاری سەربازی سەرۆكایەتی هەرێم و رێباز بێركۆتی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەران و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە لەمیانی سەردانی هەردوو میحوەری گوێڕو مەخمور هات.

لەدەستپێكی سەردانەكەیدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەردانی میحوەری گوێڕی كردو لەلایەن سیروان بارزانی لێپرسراوی میحوەرو فەرماندە سەربازییەكانی سنوورەكەوە پێشوازی لێكرا.

لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوی میحوەر و فەرماندە سەربازییەكانی سنورەكە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لە رەوشی بەرەكانی جەنگی پرسی و وتی:قارەمانێتی ئەمجارەی پێشمەرگە لەسەرجەم میحوەرەكان قەزیەی كوردی گەورەتر كردو بەدنیای وت كە ئێمەی كورد خەبات دەكەین و كۆڵ نادەین بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی خۆمان.

لای خۆیانەوە فەرماندە سەربازییەكانی سنوورەكە سوپاسی ئەم سەردانە مەیدانییەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی-یان كردو رایانگەیاند كە ئەمجۆرە سەردانانە زۆر گرنگەو ئەوانیش وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەپێناو ناسنامەو خاكی نەتەوەیەك دەجەنگن كە ساڵەهایە بەردەوامە لەخەبات بۆ گەیشتن بەئاواتەكانی.

وێستگەیەكی سەردانەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و وەفدی هاوڕێی سەردانی كردنی میحوەری مەخموور بوو، لەم سەردانەیدا كە لەلایەن نەجات عەلی و فەرماندە سەربازییەكانی سنوورەكە پێشوازی لێكرا، گفتوگۆكرا لەبارەی گرنگی و بایەخی ئەم ناوچەیە بۆ كوردستان.

لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەو پێشمەرگەكانی سنوورەكە، كۆسرەت رەسول وتی:ئەم ناوچەیە بۆ كوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی زۆر گرنگەو دەبێ بایەخی زیاتری پێ بدرێ.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی وتی:پێشمەرگە هی هەموو كوردستانەو لەم جەنگەی ئەمجارەدا سەلماندی كە بەخوێن و گیانی خۆیان كوردستان دەپارێزن و گەورەترین سەروەری و مێژوو بۆ خۆیان تۆمار دەكەن.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكان تەرخانكرا بۆ قسەكردن لەسەر سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەفدی یاوەری بۆ ئەمریكا، بۆ ئەم مەبەستە كۆسرەت رەسوڵ وتی: سەردانی سەرۆكی هەرێم لەم كاتەدا زۆر گرنگەو تێیدا باس لە رەوشی پێشمەرگەو مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكا، ئومێدیشمان هەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەمژدەی خۆشەوە بگەڕێتەوە كوردستان و هەموومان بەئەنجامی سەردانەكە دڵخۆش بین.

لەكۆتا وێستگەی سەردانەكەیدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بەوەكالەت سەردانی مەیدانی بازاڕی مەخموری كردو لەنزیكەوە لەدۆخی ئەمنی و بازاڕی ناوچەكەی پرسی و هەموو لایەكی دڵنیا كردەوە كە تا دوا دڵۆپ بەرگری لەخاكی كوردستان دەكەن و بەرپەرچی هەموو هێرشێكی تیرۆرستان دەدەنەوە.

kakkosrat5515 (1)

kakkosrat5515 (7)

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *