shadow

 

سوپاسالاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، زۆربه‌ی پێداویستییه‌کانی سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌کانی شه‌ڕی دژ به‌داعش دابینکراون، ئاشکراشیده‌کات که‌ هێشتا به‌شداری پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی ئازادکردنی موسڵ یه‌کلایینه‌بۆته‌وه‌.

لیوا جه‌مال محه‌مه‌د، باسی ناوه‌ڕۆکی کۆبونه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم‌و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کان‌و کۆسره‌ت ره‌سوڵ-ی جێگری ده‌کات ده‌کات له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی سه‌رجه‌م میحوه‌ره‌کانی شه‌ڕی دژ به‌داعش، که‌ دوشه‌ممه‌ 18ی ئه‌م مانگه‌ به‌رێوه‌چوو، به‌ئامانجی توندوتۆڵترکردنی میحوه‌ره‌کان.

له‌کۆبونه‌که‌دا هه‌ریه‌که‌ له‌جێگری سه‌رۆکی حکومه‌ت، وه‌زیرانی پێشمه‌رگه‌‌و ناوخۆ‌و ته‌ندروستیش ئاماده‌بون وه‌کو لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌پرسی زیادکردنی موچه‌و بریندارانی پێشمه‌رگه‌وه‌.

لیوا جه‌مال محه‌مه‌د به‌هاوڵاتی وتوه «تائێستا نزیکه‌ی شه‌ش هه‌زار بریندار هه‌یه‌، نه‌بونی بودجه‌ کاریگه‌ری به‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کانه‌وه‌ هه‌بوه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش هه‌وڵی خۆی داوه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنیان، له‌ئێستاشدا 360 بریندار له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن چ له‌ئیمارات بن یان ئوردن، تورکیاو ئه‌ڵمانیا».

له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌ی میحوه‌ره‌کان راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی دۆخی میحوه‌ره‌کانه‌وه‌ خستۆته‌ڕو، فه‌رمانیشان پێکراوه‌ هه‌رچی پێویسته‌ له‌میحوه‌ره‌کانیاندا بیکه‌ن.

ده‌شڵێت «زۆربه‌ی پێداویستییه‌کان له‌میحوه‌ره‌کان ئه‌نجامدراون، وه‌ک لێدانی خه‌نده‌ق‌و خۆپاراستن له‌قه‌سف، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ گرنگیدانه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌ڕوی ئیداری‌و موچه‌وه‌«.

وتیشی «نابێت بڵێین داعش نه‌ماوه‌، ده‌بێت هه‌موکات وشیار بین‌و تا دوایین هه‌ناسه‌ شه‌ڕی داعش بکه‌ین، ئه‌گه‌رچی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی نه‌ماوه‌و ئه‌و ئیمکانیه‌ته‌ی جارانیان نه‌ماوه‌«.

ئاشکراشیکرد که‌ به‌رپرسی میحوه‌ره‌کان داواکارییه‌کان زیاتر یه‌کخستنی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌و پێدانی موچه‌که‌ بوه‌ له‌کاتی خۆیدا، وتی «به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا زه‌حمه‌ته‌ حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی بۆ بکرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ به‌گرنگه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌و هه‌رکاتێ پاره‌ی بێته‌ده‌ست ده‌بێت ئه‌نجامبدرێت».

له‌باره‌ی شه‌ڕی موسڵ، جه‌مال محه‌مه‌د ده‌ڵێت هێشتا بڕیاری کۆتایی نه‌دراوه‌ له‌باره‌ی به‌شداریکردنی پێشمه‌رگه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا، رونیکرده‌وه‌ «له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ین به‌ڕێککه‌وتن، هێشتا پلانی گرتنه‌وه‌ی موسڵ دانه‌نراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عێراق سه‌رقاڵی رومادیه‌«.

ده‌رباره‌ی پرسی یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ناوبراو جه‌ختیکرده‌وه‌ «هه‌ردو یه‌که‌ی 70‌و 80 له‌ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌جوڵێنه‌وه‌و هه‌مو میحوه‌ره‌کانیش له‌سه‌عدیه‌وه‌ تا شه‌نگال له‌ژێر فه‌رمانی وه‌زاره‌تن، به‌ڵام پرسی یه‌کخستنه‌وه‌ له‌م دۆخه‌دا که‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی داعشدایه‌ هه‌روا ئاسان نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌وڵه‌کان خۆی له‌سێ لیواکه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ سوپای ئه‌مریکا دایانده‌مه‌زرێنێت‌و راهێنانیان پێده‌کات».

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *