shadow

 

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەخت لەسەر بەشداری پێکردنی هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان لە گفتوگۆى چارەسەری کێشەکانی کوردستان و عێراق دەکاتەوە ، داواش دەکات بە زوترین کات ئەم بارودۆخەی کوردستان و قەیرانەکانی تێبپەرێنرێت.

ئەو قسانەی عادل موراد لە میانەی پێشوازیکردنی لە (جۆرج بۆستن) جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق یونامی هات ، کە هەڤاڵ ساڵح عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی تێدا ئامادەیبوو، سەرەتا هەڤاڵ عادل موراد بە گرنگیەوە باسی لە رۆڵی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد لە دانانی پلان و بەرنامەی کارا بە ئاراستەی هاوکاریکردنی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بۆ تێەراندنی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابورییە ناهەموارەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەرێت و قۆناغێکی نوێ کە سەرجەم حزب و لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەشدار بێت .

عادل موراد ئاماژەی بۆئەوەشکرد، بەپێی ئەو ئەرکە مێژویی و نیشتیمانیەی کەدەکەوێتە سەر شانی یەکێتی پاڵنەرێک دەبێت بۆ کۆکردنەوەی دید و بۆچونە جیاوازەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و دەستور کە زامنی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەڵی کوردستان بێت .

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی دوپاتیکردەوە کە حزب و لایەنە سیاسیەکان کۆتایی بە کێشە و ناکۆکیەکان بهێن و رەچاوی ئەو گۆرانکاری وپێشهاتەنە بکەن کە رووبەروی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەبنەوە ، ئەوەیش پاڵنەر بێت بۆ یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و ئاسایکردنەوەی بارودۆخی سیاسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا، چونکە دواخستنی هەڵبژرادنەکان ناچێتە خزمەتى پرۆسەی سیاسی و بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمان ، داواشیکرد شەفافیەت لە پرۆسەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان هەبێت ئەم پرۆسەیە دووربخرێتەوە لەدەستێوەردانی حزبی ، کە تا ئەم ساتە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت نەچوەتە خزمەتی گشتی هاوڵاتیان بەوشێوەی کە بانگەشەى بۆ دەکرا.

لە بەشێکیتری قسەکانیدا عادل موراد وتیشی: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەهەستکردن بەو مەترسیانەی کەڕووبەروی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و عێرای دەبێتەوە پێی وایە کە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بابەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا گرنگە کە زامنی پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەکانی هەردولا بێت، دورکەوتنەوە و دابڕانی هەرێم لە بەغدا ناچێتە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستان.

لەبەرامبەردا (جۆرج بۆستن) جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەو یەکگرتوەکان لە عێراق یونامی باسی هەوڵ و کۆششی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد لە کردنەوەی درەگای گفتوگۆ دانوستان لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و نێوان هەولێر و بەغدا ، ئامادەی نەتەوە یەکگرتوەکانیشی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەک لەو بوارە دوپاتکردەوە .

لە بەشێکیتری قسەکانیدا (جۆرج بۆستن) وتى: نەتەوە یەکگرتوەکان دانانی نەخشە رێگەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی باردۆخی سیاسی بە گرنگ دەزانێت ، لەوچوارچێوەشدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵى گرنگ و و کارا بگێرێت و ببێتە نمونەیەک کە چاوی لێبکرێت، هەروەها ئامادەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەو گرفتەکاتنی نێوان هەولێر و بەغدا دوپاترکردەوە بە ئاراستەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان و پاراستنى بەرژەوەندییەکانی هەردولا.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *