shadow

بەمەبەستی دەربڕینی پشتیوانی و لە نزیكەوە ئاگاداربون لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی كەركوك، وەفدێكی باڵای ئەنجومەنی ناوەندی بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ عادل موراد سەردانی پارێزگای كەركوكی كرد .

وەفدەكەی ئەنجومەنی ناوەندی بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی و (د.سۆران جەمال تاهیر و سەرکەوت حەمە غەفور و سالار سەرحەد و مامۆستا شەرمن) سەرەتا سەردانی نوسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتیان لەكەركوك كرد هۆشییار عەبدورەحمان پاش بەخێرهاتنی وەفدی ئەنجومەن كورتە باسێكی سەبارەت بە ئەرك و كارەكانی نوسینگەكە كرد كە برییتەلە كاركردن لە پێناو دروستكردن و بتەوكردنی پەیوەندی بەهێز لە نێوان كورد و عەرەب و توركمان و كلدۆئاشۆر لە پاراستنی پێكەوە ژیان و تەبایی و برایەتی نَیوان پێكهاتەكانی شارەكە، پاشان راپۆرتێكی تێروتەسەلی سەبارەت بە ئیش و كارەكانیان و پێشهاتە سیاسیەكانی پارێزگاكە بەئاماژەدان بەو ئاستەنگ و گیروگرفتەنەی كە داعش دروستی كرد و بوە مەترسی بەسەر پێكەوە ژیان وبرایەتی لە شاری كەركوك .

عادل موراد بۆ نوسینگەی پەیوەندییەكان: ئەو بەرنامەو پرۆگرامەی مام جلال چەسپاندویەتی بكەنە بنەما بۆ برەودان بە ئەركەكانتان

لەلای خۆیەوە سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی و سوپاس و ستایشی كارەكانی نوسینگەی پەیوەندییەكانی كرد و داوای لێكردن كە پشتبەستن بۆخۆیان و ئەو بەرنامەو پرۆگرمەی كە مام جلال چەسپاندویەتی بكەن بە بنەما بۆ برەودان بە ئەركەكانیان لە پێناو چەسپاندنی ئەركەنیان و برایەتی و نێوان پێكهاتەكانی شارەكە و پارێزگاركردن لە ئۆقرەی و ئاسایشی هاوڵاتیان.
عادل موراد ئاماژەی بۆ ئەو گۆرانكاری و پێشهاتەنە كرد كەڕووبەرووی ناوچەكە بوەتەوە كە دەبێت زۆر بە وورییاوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت لەبەرچاوگرتنی ئەو پیلانانەی لە ناوچەكەدا دەگێرێن بۆ تێكدانی ئۆقرەی و ئارامی وپێكەوە ژیان لە نێوان پێكهاتەكانی شاری كەركوك.

رۆڵی مەڵبەندی كەركوك لە پێناو پاراستنی ئۆقرەی لە شارەكەدا
پاشان وەفدی ئەنجومەنی ناوەندی لەسەردانەكەیدا بۆ شاری كەركوك ، سەردانی مەڵبەندی دووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان كرد و لەلایەن رەوەند مەلا محمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەند و ئەندامان و كادیرانی مەڵبەندەوە پێشوازیان لێكرا ، رەوەند مەلا مەحمود باسی گرنگترین دواین گۆرانكاری و پێشهاتە سیاسیەكانی شارەكە و پەیوەندی و كاری هاوبەشی مەڵبەند لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكان و نەتەوە پێكهاتەكان كرد ، وتیشی: كەركوك وەكو شارێكی فەرە نەتەوە و پێكهاتە تایبەتمەندی خۆی هەیە و یەكێتی گرنگی تایبەتی خۆی پێداوە و هەموو پێكهاتەكان لە بەرێوەبردنی شارەكە بەشدارن، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك داوای لە ئەنجومەنی ناوەندی كرد پشتیوانی زیاتری مەڵبەندی كەركوك بكەن بۆ سەرخستنی ئەرك و كارەكانی بەشێویەكی سەركەوتوانە كە بچێتە خزمەتی چەسپاندنی تەبایی و پێكەوە ژیان لە نێوان هەموو پێكهاتەكاندا.
یەكێتی لە دروست بونیەوە باوەڕی بە فرەیی و پێكەوە ژیان و رێزگرتن لە نەتەوە و ئاین و ئاینزاكان بوە
لای خۆشیەوە عادل موراد بەگرنگیە وە باسی رۆڵی مەڵبەندی كەركوك لە رووی سیاسی و ئیداری و سەربازی و قوربانیەكانی لە پێناو پاراستنی ئۆقرەی لە شارەكەدا بە گرنگ وەسف كرد وتیشی: ئەو گیروگرفتانەی كە ڕووبەرووی شارەكە دەبێتەوە پێویستی بە كاری هەمیشەیی و هەمەلایەنە هەیە ، یەكێتی لە دروست بونیەوە باوەڕی بە فرەیی و پێكەوە ژیان و رێزگرتن لە نەتەوە و وە ئاین و ئاینزاكان بوە.
عادل موراد ئاماژەی بۆ گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم بەمەبەستی ئاسایكردنەوەی بارودۆخی سیاسی لەنێوان لایەنەكاندا كرد و لەوبارەوە وتی: پێویستە هەموولایەنەكان پێكەوە بەبێ جیاوازی كاربكەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی هەرێمی كوردستان دوو ر لەبەرژەوەندی تاك حزبی و شەخسی و شەفافیەت لەمەلەفی نەوت و غاز دا پەیڕەوبكرێت و سەوەرت و سامانی داهاتی سەرخان و ژێرخانی بخرێتە ژێر چاودێری پەرلەمانی كوردستان و بە دادپەروەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت.
رێكەوتن لەگەڵ هەر لایەنێك بەرەزامەندی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی دەبێت
لەبارەی رێكەوتنی یەكێتیش لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسیدا عادل موراد ئاشكرایكرد: هەر رێكەوتنێك لە نێوان یەكێتی و هەر لایەنێكیتردا بكرێت دەبێ رەزامەندی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی لەسەر بێت ، ئەو رێكەوتنە لە دژی هیچ لایەنێكیتریش نەبێت.
پەلە بكرێت لە ناردنی وەفدێكی كورد بۆ بەغدا و كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ
لەسەر ئاستی پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداش ، سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی داوایكرد پەلە بكرێت لە دەستنیشیانكردنی وەفدێكی كوردستانی كە نوێنەری حزب و لایەنەكانی تێدا بێت بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەند و حزب و لایەنە عێراقیەكان بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا بە رێكەوتن لەسەر پرەنیسپ و بنەمایی زامنی بەرژەوەندی هەردولا بەدەر لە دەمارگیری موزایەدەی حزبی.
په‌ڕه‌ویکردنی رێنمایی و بیری سه‌رۆک مام جه‌لال له‌ ڕۆڵ و کاریگه‌ری (ی.ن.ک) دووپاتكرایەوە
پاشان وەفدی ئەنجومەنی ناوەندی سەردانی سەردانی دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگاری که‌رکوکیان کرد ، له‌ دیدار‌کێدا بارودۆخی سیاسی له‌عیراق و کوردستان و ناوچه‌که‌ خرایه‌ به‌رباس وێڕای جه‌خت کردنه‌وه‌ له‌ یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کان له‌پێناو روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ته‌گه‌ره‌کان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی میلله‌ته‌که‌مان.
هه‌روه‌ها هه‌ردوو لا کۆکبوون له‌سه‌ر په‌ڕه‌ویکردنی رێنمایی و بیری سه‌رۆک مام جه‌لال له‌ ڕۆڵی کاریگه‌ری یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان و یه‌کخستنی ریزه‌کانی، چونکه‌ یه‌کێکه‌ له‌ کۆڵه‌که‌کانی سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری نه‌ک ته‌نها له‌ عێراق و کوردستاندا به‌ڵکو له‌ سه‌ر ئاستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیشدا.

که‌رکوک سمبولی به‌رخودان ‌ ونمونه‌ی پێکه‌وه‌ ژیان و ئیداره‌ی سه‌رکه‌وتوه‌ له‌مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ کێشه‌کان
سکرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان وتی: که‌رکوک سمبولی به‌رخودان و به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشه‌ ونمونه‌یه‌کی جوانی پێکه‌وه‌ ژیان و ئیداره‌ی سه‌رکه‌وتوه‌ له‌مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌کان دا.
لای خۆیه‌وه‌ دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم پارێزگاری که‌رکوک ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ ئیداره‌ی که‌رکوک کارده‌کات له‌پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌کان و دابینکردنی پێداویستییه‌کانی هاووڵاتییانی شاره‌که‌ و تۆکمه‌ کردنی ئاسایش و سه‌قامگیری و کارکردن له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ ناوچه‌ ئازاد کراوه‌کانیان و فریاکه‌وتنی ئاواره‌کانی باشور و رۆژئاوی شاری که‌رکوک.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *