shadow

عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکات حکومەتی فیدراڵی فشار دروست بکات بۆ وەدرنانی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان.

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی لەمیانەی وتەیەکیدا لەکۆنفرانسی باڵوێزەکانی عیراق کە لەڕۆژانی ٤ و ٥ ی شوباتی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو لەبەغداد تیشکی خستە سەر چەند تەوەریەکی گرنگ، و جەختی کردەوە لەسەر پەلەکردن لەکۆتایی هێنان بە قەیرانی سیاسی و دارایی کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، کە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم چڕتر بۆتەوە، داواشی کرد شاندێکی سیاسی و ئیداری لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزاو نیشتمان پەروەر پێک بهێنرێت لەهەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی بەپەلەی گفتوگۆکان و چارەسەر کۆی کێشەکان بەپشت بەستن بەدەستور عیراق.

عادل موراد داواشی کرد حکومەتی ناوەندی تەواوی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بدات بەپێ دەستوری عیراق کەهەموو پێکهاتەکان دەنگیان بۆ داوە بۆ پاراستنی عیراقێکی دیموکراتی فيدراڵی یەکگرتوو.

هەروەها جەختی کردەوە لە پەلەکردن لەهێنانەوەی پارەی گەندەڵی نەوت کە لەبانکەکانی دەرەوە دانراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی، و دادگایی کردنی گەندڵ و دزەکانی سەروەت و سامانی گشتی بۆ ئەوەی سزای عادلانەی خۆیان وەربگرن.

هەر لەمیانەی وتەکانیدا عادل موراد ئاماژەی کرد بەگرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی لەهەموو ئاست و کایەکاندا، و بەتایبەتی لەناوچە دابڕێنراوەکان لە کەرکوک و موسڵ و دیالە، و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و قەرەبوو کردنەوەی مادی و مەعنەوی و زامنکردن ئەمن و ئاسایشی هەموو پێکهاتەکان لەو ناوچانە.

هەروەها داوی کرد حکومەتی ناوەندی پەلە بکات لە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پەلەکردن لە کۆتایی هێنانی کاری لیژنە هونەرییەکانی بەدواداچوون و پێدانی بەپەلەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، و کۆتایی هێنان بەو بارە ناهەموارەی سەرشانی کارمەند و فەرمانبەرو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

لەلایەکی ترەوە سکرتێری ئەنجومەنی ناوندی داوای لە حکومەتی ناوەندی کرد دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربێنێت و فشاری زیاتر دروست بکات لەسەر حکومەتی تورکیا بۆ کشانەوەی هێزە سەبازی و هەواڵگیرییەکانی لەشارەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەبیانوی رووبەڕوو بوونەوەی پارتی کرێکارنی کوردستان (PKK) کەپارێزگاری لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات، خاکی هەرێمیان دەیان ساڵە بە ناحەق داگیرکردوە، و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج.

هەروەها عادل موراد داوای لەکۆنفرانسی باڵیۆزانی عیراق کرد یاداشتنامەیەک دەربکەن و تێیدا ئیدانەی شەرو کوشتار لە خاکی سوریا بکەن و بەتایبەتی لەشاری عفرینی خۆڕاگر، لە لایەن حکومەتی تورکیا، کەبەناحەق و دور لە هەموو بنەماکانی و یاسا نێودەوڵەتیەکان دەست تێوەردان دەکات لە خاکی وڵاتانی دراوسێ و سوپایەکی زەبەلاحی هێناوە، بۆکوشتن و قەتڵوعام کردنی خەڵکی کوردستان، بەمەبەستی پاراستن و قایم کردنی پێگەی گروپە تیرۆریستیەکان لە سوریا و عیراق و ناوچەکە.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *