shadow

 

رۆژی دوو شەممە 23/10/2017 ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن لە هۆڵی شەهید شازاد سائیب لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەشاری سلێمانى ئەنجامدا.

دەستپێکی کۆبوونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی سەروەرانی نیشتیمان دەستیپێکرد، زوبێر عوسمان جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وتەیەکی پێشەکەشکرد و لەوبارەوە رایگەیاند: ئەم کۆبونەوەیەیەکەمین کۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندیە دوای کۆچی دوایی گەورە و رابەرمان سەرۆک مام جەلال ، کە عێراق و کوردستان لەسەردەمی سەرۆکایەتی مام لوتکەی سەرکەوتن و گەشەی ئابوری و سەقامگیری و ئاساییش و ئاشتی و پێکەوە بنیاتنانەوە و خۆشگوزەرانی بوو.سەردەمی سەرۆک مام جەلال سەردەمێک زێرینبوو بۆ گەلانی عێراق و مام لەبەغدا قەلغان بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، مام بەحیکمەتی دووربینی و لێهاتووی کارامەیی و توانی باوەر بە لاینەکان بکات بکات قۆناغ بە قۆناغ مافەکانی گەلەکەمان هەر لە فیدرالیەت هەتا سەردەمی مەجلیس حکوم و دەستور و ماددەی 140 و بابەتگەلێکیتر بچەسپێنێت لە شێوەی %17 بودجەی هەرێم و پۆستە سیادیەکان.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رۆڵی ئەنجومەنی ناوەندی ووتی: هەر لەسەرەتای دروستبوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڵگیرسانەوەی شۆرشی نوێ کە هەرەسی بە هەرەس هێنا لەهەرکات و قۆناغێکدا کێرڤی جەماوەری یەکێتی بەرزبوبێتەوە بارودۆخێک هاتوەتەگۆرێ کە کاریگەری نەرێنی لەسەر یەکێتی دروستبکات، بەڵام خۆشبەختانە یەکێتی و رێبازەکەی هەڤاڵ مام جەلال هەموو قۆناغە هەستیار و دژوارەکانی تێپەراندوە، ئەنجومەنی ناوەندی هەموو هەوڵەکانی بەرئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و پاراستنی رێباز و چەپکە گوڵەکەی مامە، لەسەر هەموو سەرکردە و کادیرانی یەکێتی واجبە کە یەکێتی ناو یەکێتی وەک بیلبیلەی چاومان بپارێزین لەسەر سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام بەردەوامبین نەکەسمان لێ زیادە و دەرگامان کراوەیە بۆ هەرکەسێک دێتەوە کە بەهەر هۆکارێک دوورکەوتووەتەوە بەمەجێک موخلیسانە خزمەت بە یەکێتی بکات و ئەرکەکانی رابپەرێنیت، هەروەها بەوریايیەوە مامەڵە بکەین و خۆمان بەدوربگرین لە لێدوانی دژبەیەک و بەرنامەی سیاسی و حزبیمان بۆ ئایندەی گەلەکەمان حزبەکەمان هەبێت ، خۆمان رێکبەخەینەوە هەتا بەستنی کۆنگرە بەفۆرمێکی نوێوە درێژە بەئەرکەکانمان بدەین، هەوڵەکان چڕتربکرێنەوە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی کادیران و موچە و نەسرییەی ئۆرگانەکان بدرێن، ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک باشبکرێت.

جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی، لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکانیشەوە رایگەیاند:” جێگەی داخە زنجیرەیەک رووداوی نەخوازراو لە 16/10 دروستبوو کە بوە هۆی شەهیدبوونی نزیکەی 90 پێشمەرگە و بریندرابوونی زیاتر لە 100 کەس لە ئەفسەر و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەداخەوە کەناڵەکانی راگەیاندنی پارتی کاریگەری نەرێنیان لەسەر دۆخەکە هەبوو هەڵمەتێکی چەواشەکارانەیان لە دژی یەکێتی و هەڤاڵەکانی یەکێتی بەرپاکردوە و کە ئامانجیان ئەوەیە وا لە خەڵک و جەماوەری تێکۆشەری یەکێتی لە کەرکوک بگەیەنن کە ئێمە کەرکوکمان نەپاراستوە لەکاتێکدا فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەوورەیەکی پۆڵاینەوە بە حۆیان کردە قوریانی لە پەپێناوی کەرکوک و خاکی پیرۆزی کوردستان دەبێ لەوە زیاتر قوربانی چی بێت کە پێشمەرگەکانمان لەژێر زنجیری دەبابەکاندا شەهیدبوون لەکاتێکدا شەنگال و مەخمور و ناوچەکانیتر بەبێ تەقە چۆڵکران، ئەو کەسو و لایەنانەی هەڵمەتی چەواشەکارانەیان بەرامبەر یەکێتی بەرپاکردوە لە ئەنجامی شکستی خۆیانە لە پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی ئەم وڵاتە و دەیانەوێت شکستەکانیان بەم شێوەیە بشارنەوە، خۆشبەختانە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ووشیارن و دەزانن چ حزبێک لەبەرەی پێشەوەی پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانە و کێش خیانەتی مێژویی ئەنجامداوە.

دواتر هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی وەک ئەرکی سەرشانی خۆیان و هەستکردن بەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسازە بەراشکاوانە راو سەرنجی خۆیان لەسەر بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دبرێندراوەکان و رەوشی ئێستا و ئایندەی هەرێم و پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و وڵاتان بە ئاراستەی دەربازبوون لەم دۆخەی ئێستا خستەروو، بەزۆرینەی دەنگ و لە چوارچێوەی خاڵە گشتیەکاندا ئەم خاڵانەی خوارەوە پەسەندکران:
١- هەرێمی کوردستان یەک یەکەو قەوارەی دەستورییە بەدەسەڵاتەکانییەوە پاڵپشت بە ماددەی (١١٧) بڕگەی (١) ی دەستوری عیراقی، واتە رەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی دوو ئیداری و دوو بەرەکی، وە پێمان وایە کە یەکڕیزی و تەبایی گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کلیل و زامنی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەن.
٢- پێکهێنانی وەفدی هاوبەشی پێنج لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان کە دەستبەجێ و بەپەلە سەردانی بەغداد بکەن بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ زامنکردن و پاراستنی مافە دەستورییەکانی گەل و هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بەسودوەرگرتن لە خەڵکانی شارەزاو پسپۆڕو بەگەڕ خستنی کوتلە پەرلەمانییە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
٣- پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
٤- ئەنجومەنی ناوەندی هیوادارە کە سەرۆکی پەرلەمان و فراکۆسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ بگەڕێنەوە پەرلەمان و بەڕۆڵی خۆیان هەستن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
٥- ئەنجومەنی ناوەندی داواکارە کە ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان هەڵبوەشێتەوەو، لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو ئەنجومەنە بکشێنەوە.
٦- بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری دوزو دەوروبەری و ناوچەکانی تر پێویست دەکات دەست بەجێ لیژنەیەکی باڵا لەئەندامانی پەرلەمانی عیراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا پێکبهێنرێت بۆ قسەکردن لەگەڵ لیژنەی ئاسایی کردنەوە، بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی ناوچەکە.

لەم کۆبوونەوە 9 کاژمێرییەدا کە هەڤاڵانی ئەنجومەن بەوپەری هەستکردن بە هەستیاری دۆخی ناوخۆی یەکێتی و بەگیانێکی هەڤاڵانەو بەرپرسیارانە بە ئاراستەی چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان راو سەرنجى خستەروو، لەسەر بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی زیاتر لە 30 هەڤاڵی ئەنجومەنی ناوەندی قسەیان کردوە ، دەرئەنجامیش لە بەشی دووەم و خاڵە پەیوەندیدارەکان بە دۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووی کۆبونەکە ئەم خاڵانە پەسەندکران.

١- ئەنجومەنی ناوەندی جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەبایی ناو یەکێتیی دەکاتەوە لەچوارچێوەی رێبازی چەپکە گوڵەکەی مام.

٢- ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێویستە دەستبەجێ و بەپەلە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەتی ی.ن.ک لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان، لە ئەگەری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکان تاکو ١/١١/٢٠١٧ ئەوا ئەنجومەنی ناوەندی جارێکی تر کۆدەبێتەوەو هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت.
٣- ئەنجومەنی ناوەندی لەو باوەڕەدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ بەستنی کۆنگرە ناتوانێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدابێت کە کەوتۆتە سەرشانی، بۆیە ئەنجومەنەکەمان جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی بەستنی کۆنگرە کە لەمانگی شوباتی ٢/٢٠١٨ تێنەپەڕێت و لەو بوارەدا ئامادەیی هەماهەنگین لەگەڵ ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان بۆ بەستنی کۆنگرە.
٤- هەر رێککەوتنێکی چارەنوسساز کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامی دەدات و دەچێتە چوارچێوەی ماددەی (٣٩) بڕگەی (٧) لە پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە لە ئەنجومەنی ناوەندی پەسەندبکرێت ئەگەر نا کاری پێناکرێت.
٥- ئەنجومەن داوادەکات کە هەڤاڵانی یەکێتی خۆیان بەدووربگرن لە لێدوانی نابەرپرسانە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە یەکڕیزی ناو یەکێتی و هەر هەڤاڵێک پابەند نەبێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
٦- ئەنجومەنی ناوەندی تۆمەتی هەموو ئەو لایەنانە رەتدەکاتەوە کە ئاراستەی یەکێتی و هەڤاڵانی کراوەو خوێنی شەهیدان گەواهی ئەو راستیەن کە کێ لەسەنگەری بەرگریدایە.
٧- ئەنجومەنی ناوەندی دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سڵاو بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی بەشەرەفی ناوچە دابڕێنراوەکان و خۆبەخشەکان دەنێرێت، کە سونبولی قارەمانییەتی و بەرخودانن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و خاکی پیرۆزی کوردستان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، زوبێر عوسمان جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ناوەندی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن خوێندەوە .

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *