shadow

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “موئامەرەی سەر کوردستان زۆر لەوە گەورەترە کە هەستیپێدەکرێت و خەڵکیش هەیە پاڵپشتی دروستکردنی ئاژاوە دەکات”. دەشڵێت، لە داوای خەڵک بۆ بژێوی ژیانی تێدەگەن و مافێکی سرووشتییە، بەڵام دەستێک هەیە دەیەوێ دۆخی کوردستان تێکبدات، بەرپرسیارێتی حکومەتیشە ئارامی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان بپارێزێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی سەردانەکەی ئەڵمانیای کرد و وتی :ئەڵمانیا بە هاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا دەیانەوێ یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بن بۆ چارەسەری کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. ئێمەش جەختمانکردەوە کە پابەندین بە دەستووری عێراق و رێز لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرین”.

لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند “سەرەخۆشی دەکەین لە ماڵباتی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین٬ خۆپیشاندانی ئاشتییانە و مەدەنی مافی سرووشتی خەڵکە، لە داوای خەڵک تێدەگەین بۆ بژێوی ژیانی، بەڵام دروستکردنی ئاژاوە مانای خۆپیشاندان نییە. دەستێکی تێکدەر هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی مەدەنی، ئێمە دەزانین تەحریک هەیە و خەڵک هەیە پاڵپشتی دروستکردنی ئاژاوە دەکات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و گەلی کوردستانیش دژی ئاژاوەن و رێگەنادەن ئاسایشی کوردستان تێکبچێت، موئامەرەی سەر کوردستان زۆر لەوە گەورەترە کە هەستیپێدەکرێت”.

لەبارەی دۆخی ئابووری کوردستان دەڵێت “داوای خەڵک بۆ بژێوی ژیانی حەقە، بەڵام  دوای رووداوەکانی ئەوم دواییە داهاتی کوردستان بۆ نیوە کەمبووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا رێگە هەیە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا لەم دۆخە ناخۆشە دەربچین”.

سەبارەت بە کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەت، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، گۆڕان دەمێکە لە حکومەتدا نییە و دەشڵێت، لە حکومەتی خۆجێی ناکشێتەوە، “بەڵام لەبارەی کۆمەڵ تێناگەم، لە دەزگا راگەیاندنەکان گوێمان لێبووە کە دەکشێنەوە، دەبوو لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا باسیان بکردایەوە، رێز لە بڕیارەکەیان دەگرین و بەڵام لەکاتێکدا ئێمە داوای هەڵبژاردن دەکەین بۆ سێ مانگی دیکە، هچ موبەڕیڕ و دەلیلێک نابینین بۆ ئەوە. ئێمە چوار ساڵە پێکەوەین ئەوان نەیاندەزانی کەموکوڕی هەیە کە ئێستا ئەو بڕیارەیان داوە، دەبێ میللەت خۆی بزانێ بڕیارەکەیان بۆ چییە”.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *