shadow

هیوا ڕەش

بەدرێژایی خەباتی سەدان ساڵەی میللەتەکەمان لەپێناو ئازادی و کیانێکی سەربەخۆدا، بەقۆناغی سەخت و دژواردا تێپەڕیوین، هەورازو نشێوی زۆرمان بینی، ڕۆژگاری ڕەش و پڕ لە ناوئومێدمان تێپەڕاند.

بێگومان بەخوێنی ئاڵی ڕۆڵەکانی نیشتمان و ماندوو نەبوونی گەلەکەمان لەخەباتدا گەیشتین بە بەشێک لەمافەکانمان.

دوای ( 26) ساڵ لە حکومڕانی سەربەخۆی کورد، دیسان بەقۆناغی سەخت تێپەڕین و دۆخی ناهەموارمان بەڕێکرد، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانی و بەهیوایی ئەوەبوون خزمەتی زیاتربکرێن لەسایەی حکومەتێکی خۆماڵی .

بەداخەوە کەموکوڕییەکان زۆربوون، هەڵەی زۆرکرا لە ماوەی حکومڕانی خوماڵیدا، هەموانیش دان بەو ڕاستیدا دەنێن و باجەکەیمان بە قورسیدا کاتێک رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووینەوە.

ئێستا بەهۆی گۆڕانکارییە گەورەکان کە لەناوچەکە بەخێرایی ڕوو دەدەن، بەهۆی شەڕی نەگریسی تیرۆر، دیسان گەل و نیشتمان و حکومەتەکەمان لەبەردەم ڕێگا و تاقی کردنەوەیەکی سەختدایە.

من وەک پێشمەرگەو پارێزەرێکی خاک و گەلەکەم، پێم وایە باشترین و بەسودترین هەنگاو کە داهاتووی هەموان ڕوون دەکات و ئومێد و هیوا وزەی زیاترمان پێ دەبەخشێتەوە ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردە.

لەم ئان و ساتەدا بابەتی گشت پرسی و سەربەخۆی یەکجاری کە خەباتی سەرجەم پارتە سیاسەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.

ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەرجەم پارتەکانی تر هەم خۆی پێ سەرقاڵکردوەو هەمیش کۆمەڵانی خەڵک، داواش دەکات پاڵپشتی پرۆسەکە بکەن.
پارتەکانی ترش لەم بارەیەوە دابەش بوونەو هەندێکیان هەڵوێستی شەرمنانەیان هەیەو چەند پارتێکی تریش هەڵوێستێکی ئاشکراو ڕوون نین لەم بارەیەوە.
داوا دەکەن ئەم پرسە لە پەرلەمانەوە شەرعێتی پێ بدرێت و مەرجی پشتگیریان بۆ ئەم پرۆسەیە بریتییە لە هەموارکردنەوەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم و چەند پرسێکی تری نیشتمانی، بەڵام هیچ پارتێکی سیاسیی ڕاستەوخۆ دژایەتی ئەم پرسەی نەکردووە.

لەلایەکی تریشەوە هەرچەند ژمارەی بەڵێیەکان یەکجار زۆرن سەرەڕای جیاوازییەکان لەڕووی سیاسی، بەڵام دەنگی نەخێرو دژایەتی کردنی ئەم پرسە چارەنوسازە کەم نیە، بەتایبەت لە نێو چینی گەنجدا کە هەندێک پەرلەمانتارو چالاکوان و کەسانی جیاواز لە چین و توێژەکان ڕێبەرایەتی ئەم گەنجە توڕانە دەکەن.
دیارە هۆکاری دەنگی نەخێری ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆخراپی باری گوزەران و خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، بێگومان دەبێ گوێ لە دەنگی نەخێرەکان بگیرێ، چونکە داواکارییەکانیان داواکاری ڕەوان.

دەبێ سەکردایەتی سیاسی کورد ئاگاداری ئەوەبێ و لەبیری نەچێ دەنگی نەخێرەکان گەر لەشارەکانی تری کوردستان کەم بن، ئەوە لەشاری کەرکوک و ئەوانەی دژایەتی ئەم پرسە دەکەن زۆرن بەتایبەت لەنێو نەتەوەکانی تر جگە لە کورد.

دەبێ سەرکردایەتی کورد نەخشەیەکی وا ڕوونی هەبێ بۆ کۆمەڵانی خەڵک لەشاری کەرکوک بەتایبەت کە دەنگی بەڵێ سەرکەوت چی دەکرێ و گەر دەنگی نەخێر زۆرتربوون هەنگاوەکانمان چی دەبێ بۆ ڕووداوەکانی دوای پرۆسەکە؟!

دەبێ خەڵکی و میللەتەکەمان دڵنیابکرێتەوە کە ئەنجامی ئەم گشت پرسیە هەرچۆنێک بێ لەناوچە جێ ناکۆک لەسەرەکان، ئەوە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەستبەرداری ئەم ناوچانە نابێ کە بەخوێنی سەدان شەهید پارێزگاری لێ کراوە.

دەمەوێ ئەوە بڵێم پێش ئەوەی هاوڵاتیان بچنە سەر سەندوقی دەنگدان دەبێ بۆ هەموان بەرچاو ڕوونی تەواو هەبێ و ئامادەکاری تەواوکرابێ بۆ هەموو ئەگەرەکان.
تا خەباتی سەدان ساڵمان، حکومڕانی و مافە بەدەست هاتووەکانمان پارێزراوبن و جارێکی تر خۆمان نەدەینە دەست قەدر!
دەبێ گوێ لە دۆست و دوژمن بگرین،یەکڕیزی و تەبایی نێوان پێکهاتەکان و پارتە سیاسیەکان لە کوردستان، چاککردنی بارودۆخی ئابوری و ژیانی خەڵک، چارەسەرکردنی هەڵەکانی حکومڕانیمان و کاراکردنەوەی پەرلەمان، زامنی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە و ئایندەیەکی گەشە بۆ وڵاتەکەمان!

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *