shadow

راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ەوە

هەڤاڵانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی یەکێتی و خۆ ئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەم و چۆنیەتی زەمینە سازی و هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی کۆنگرە، لەکۆبوونەوەی سکرتاریەت و لێپرسراوی کۆمسیۆنەکانی ئەنجومەنی ناوەندیدا دوای گفتوگۆیەکی هەڤاڵانە بەکۆی دەنگ بڕیار لەسەر ئەم خاڵانە درا:

یەکەم: ئەنجومەنی ناوەندی داوا لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات بەزوترین کات کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و تیایدا بڕیار لەسەر دیاریکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرەو رێوشوێنەکانی بدەن، ئەگەر نا ئەنجومەنی ناوەندی لەکۆبوونەوەی فراوانی خۆیدا ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت و بڕیار لە رۆژی بەستنی کۆنگرە دەدات.

دووەم: ئەنجومەنی ناوەندی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کەهەیەتی دەست دەکات بە هەموارکردنی رەشنوسی پەسەندکراوی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرە بەشێوەیەک کە لەگەڵ دۆخی ئێستای یەکێتی و ئەم قۆناغەی خەباتتدا بگونجێت.

سێیەم: ئەنجومەنی ناوەندی دەستخۆشی لەسەرجەم ئۆرگان و هەڤاڵان و میدیای یەکێتی دەکات کەپشتگیری راگەیاندراو و هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی ناوەندی دەکەن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە، هیوادارین بەردەوامبن لەسەر ئەو پشتگیرییە بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین پێکەوە لەرێی کۆنگرەیەکی سەرکەوتووەوە رۆحیانەتی مامی مەزنمان و سەرجەم شەهیدان شاد بکەین و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی چارەسەر بکەین.

هەروەها کۆبوونەوە هیوای تەندروست باشی بۆ هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی دەخوازێت و تەمەنا دەکەین بە تەندروستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە ناومان.

نەمری بۆ شەهیدان

سڵاو لەهەڤاڵانی یەکێتی

ئەنجومەنی ناوەندی (ى.ن.ك)

20/11/2017

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *