shadow

د.فوئاد مەعسوم و ئەنجومەنی ناوەندی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا و بەستنی کۆنگرە دووپاتدەکەنەوە

ئەمڕۆ دوو شەممە 23/1/2018 د.فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ سکرتارییەت و لێپرسراوی کۆمسیۆنەکان و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی کۆبووە، هەردوولا جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی لە نزیکترین کاتدا کردەوە.

سەرەتا زوبێر عوسمان جێگری سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی بەخێرهاتنی گەرمی د.فوئاد مەعسوم ی کرد و کورتەیەک لە کار وچالاکی و هەڵوێستەکانی ئەنجومەنی ناوەندی باسکرد و لەوبارەوە رایگەیاند: هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە چڕتر کردوەتەوە و بەهیچ شێوەیەک پاشەکشە لە ئەنجامدانی کۆنگرە ناکەین، لیژنەکەمان رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی بۆ کۆنگرە ئامادەکردوە و پاش کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەن پەیوەندیدار و ئۆرگان کادیران و ئەندامان وەرگرتنی را و سەرنج و تێبينیەکانیان وەردەگرین و لە کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندیدا پەسەند دەکرێ و دەخرێتە بەردەم ئەندامانی کۆنگرەوە.

لەو دیدارەدا د.فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق کە لەهەمان کاتدا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندییە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ شاری سلێمانی و کۆبوونەوە و دیدارەکانی لەگەڵ هەڤاڵانی یەکێتیی ئاشکراکرد و لەوبارەوە گەشبینی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەربڕی، وتیشی خۆشبەختانە خاڵی هاوبەش هەیە و دەبێت کارییان لەسەر بکەین، هەروەها پشتیوانی خۆیشی بۆ کارەکانی ئەنجومەنی ناوەندی دەربڕی و هەوڵەکانی ئەنجومەنی بە گرنگ وەسف کرد.

هەردولایش جەختیان لەسەر ئەنجامدانی کۆنگرە کردەوە کەلە زوترین کات و لە مانگی سێ ی ئەمساڵ تێپەڕ نەکات، هەروەها ئەنجومەنی ناوەندی پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغدا و ئاسایکردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان دوپاتکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڤاڵانی ئەنجومەن راو سەرنجی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی هەرێم و هەوڵەکان بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی و بەستنی کۆنگرەی چوارەم خستەڕوو.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *