shadow

 

به‌هۆی رێکنه‌که‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر یه‌کلایکردنه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عیراق (کۆمار، وه‌زیران، په‌رله‌مان)، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 7-7-2014 سه‌رۆکایه‌تی کاتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاریدا کۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م دوابخرێت بۆ رۆژی 12-8-2014.

له‌وباره‌یه‌وه‌ د.شێرکۆ میرزا مه‌نگوڕی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: به‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێککه‌وتنێک بۆ دیاریکردنی پۆستی هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عیراق (کۆمار، وه‌زیران، په‌رله‌مان)، ئه‌مڕۆ سه‌رۆکایه‌تی کاتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بڕیاریدا کۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م دوابخرێت.

وتیشی: هاووڵاتیانی عیراق خۆشحاڵ بوون به‌وه‌ی که‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌م په‌رله‌مانه‌و ئه‌م حکومه‌ته‌ نوێیه‌ی که‌ به‌زوویی داده‌مه‌زرێت، ئاکام و ئامانجی باشی بۆ خه‌ڵکی عیراق پێبێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ له‌وانه‌ نه‌هاتنه‌دی و له‌ ئێستادا عیراق به‌ بارودۆخێکی ئه‌منی و ئابووری زۆر قورسدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م سه‌رکرده‌ سیاسییانه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و پاشه‌کشه‌ ده‌ڕوات، به‌تایبه‌تی سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی عیراق که‌ هه‌ریه‌که‌یان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و پۆستی خۆی هه‌وڵده‌دات، بۆیه‌ نه‌ده‌بوو په‌رله‌مانی عیراق کۆبوونه‌وه‌که‌ی دوابخستایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ هه‌موویان واده‌ی خۆی بۆ دانراوه‌و ده‌بووایه‌ له‌ واده‌کانی خۆی ده‌رنه‌چووایه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌م په‌رله‌مانی عیراق و هه‌م حکومه‌ت جارێکی تر به‌ مردوویی له‌دایکده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ک په‌رله‌مان ناتوانێت په‌رله‌مانی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی عیراق بێت.

د.شێرکۆ میرزا مه‌نگوڕی بەسایتی پویکە میدیایی راگەیاندوە که‌ ئه‌م دواخستنه‌ ده‌ریخست سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی عیراق بڕیار له‌ چاره‌نووسی خه‌ڵک ده‌ده‌ن نه‌ک ده‌نگی خه‌ڵک.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: پێویسته‌ خه‌ڵکی عیراق پرسیار له‌و سه‌رکرده‌ سیاسییانه‌ی عیراق بکه‌ن که‌ بۆچی دۆخی عیراقیان به‌مه‌ گه‌یاندووه‌؟ چونکه‌ ئه‌وان ده‌نگیان پێدان بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی عیراق به‌ره‌وپێش به‌رن نه‌ک له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بارودۆخه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر ئاڵۆز بکه‌ن.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *