shadow

 

پرۆژەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەک شەممە لەپەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، وردەکارییەکەی بەم شێوەیەیە:

دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دامەزراوە گشتییەکانی هەرێم دابەشدەکرێن.

یەکەم: پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە حوکمی ماددەکانی یەکەم و دووەم-ەوە هەروەها بڕگەکانی (دوو، شەش، یازدە، پازدە، هەژدە، نزدە) لەماددەی دەیەم لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 هەموارکراو لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی دەبێت.

ماددەی یەکەم: هەرێمی کوردستان_عێراق، سەرۆکێکی دەبێت بە ( سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق) ناودەبرێ، کە سەرۆکی باڵای راپەراندنیشە لە هەرێمدا.

ماددەی دووەم: شتێکی گشتیەو نابێتە دەسەڵات.
ماددەی دەیەم:
برگەی دووەم: لە حاڵەتێکدا ئەنجومەنی نیشتیمانی هەرێمـ هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەکەی کۆتایی هاتبێ، سەرۆکی هەرێم لەماوەی 15 رۆژدا فەرمانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەردەچوێنێ.

بڕگەی شەش: لێبوردنی تایبەت لە بەندکراوان، بە پێی یاسا.

بڕگەی یازدە: سەرۆکی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی پەڕلەمان، هێزەکانی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت.

بڕگەی پازدە: دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەکان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدارو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران.

بڕگەی هەژدە: بەخشینی نیشان و مەدالیا بە پێی یاسا.

دووەم: پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە بڕگەمانی (سێ، چوار، پێنج، حەوت، هەشت، هەڤدە) لە ماددەی دەیەم لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان- -عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 هەموارکراو لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت.

بڕگەی سێیەم: لە ماوەی ( 10) رۆژدا لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەوە، فەرمانی بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نیشتمانی هەرێم بۆ خولی یەکەمی کۆبوونەوەی خوڵی هەڵبژاردن دەردەچوێنێ، ئەگەر بانگهێشتی بۆ دەرنەکرا، ئەوا ئەنجومەن، لە رۆژی دوای کۆتایی ماوەکە کۆدەبێتەوە.

بڕگەی چوار: سەرۆکی هەرێم لە چوار حاڵەت، بەفەرمانێک لە ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان- عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.

بڕگەی پێنجەم: لە حاڵەتی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و سیستەمی سیاسی و ئاسایشی گشتی، پەڕمان کۆدەبێتەوە، سەرۆکی هەرێم بە راوێژ و رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی پەڕلەمان و حکومەت ، دەتوانن بڕیار گەلێک دەربکەن هێزی یاسایان هەبێ.

بڕگەی حەوتەم: پەسەندکردنی حکومی لە سێدارەدان، یان سووکردنی بۆبەندکردنی هەتا هەتا.

بڕگەی هەشتەم : جاڕدانی باری نائاسایی بە پێی یاسایەکی تایبەت.

بڕگەی حەڤدە: بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەکدارەکانی هەرێم و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو دەرکردن و خانەنشینیشیان بەپێی یاسا رەچاوکراوەکان.

سێیەم: پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە بڕگەکانی (یەکەم/2، چواردە) لەماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کوردستان-عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 هەموارکراو لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەبێت.

ماددەی دەیەم:
بڕگەی یەکەم: ئەو یاسایانەی لە پەڕلەمان دەردەچێت، سەرۆکی هەرێم لە ماوەی (10) رۆژدا لە ڕۆژ دانانیەوە دەریان دەچوێنێ، مافی ئەوەشی هەیە ( تانە) لە کۆی یاساکە یان بەشێکی بدات و، رەوانەی پەڕلەمانی بکاتەوەو چاوی پێدابخشێندرێتەوە.

بڕگەی دووەم : لە حاڵەتێک پەڕلەمان هەڵوەشێتەوە، یان ماوەی خوڵی هەڵبژاردنەکانی کۆتایی هاتبێ، سەرۆکی هەرێم لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەردەکات.

بڕگەی چواردە: فەرمانی قبوڵکردنی دەست لە کارکێشانەوەی ئەنجومەنی وەزیران، یان وەزیر دەردەچوێنرێت.

چوارەم: پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە بڕگەکانی (دوازدە، سیازدە، شازدە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 هەموارکراو لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەر دەبێت.

بڕگەی دوانزدە: دوای ناونانی سەرۆکی وەزیران لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێم داوای لێ دەکات، وەزارەتەکەی لە ماوەی (30) رۆژدا لە رۆژی داواکردنەوە پێکبهێنێت.

بڕگەی سێزدەهەم: کاتی پەڕلەمان، ئەنجومەنی وەزیران و یان وەزیر لە متمانە دەخات، سەرۆکی هەرێم فەرمانی قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەیان دەردەچوێنێت.

بڕگەی شازدەهەم: دامەزراندنی دادوەران و سەرۆک و ئەندامانی ئیدییعای گشتی و دوای پاڵاوتنیان لە لایەن ئەنجومەنی داوەریەوە.

ماددەی دووەم:
دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لەکارو ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

ماددەی سێیەم:
یەکەم: کارکردن بەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 هەموارکراو رادەگرێت تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

دووەم: ئەم یاسایە بەرکاردەبێت تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

ماددەی چوارەم:
کاربەهیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێک ناکرێت کە پێچەوانەی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە بێت.

ماددەی پێنجەم:
ئەم یاسایە لەماوەی (10) رۆژ لە بەروای پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەردەچوێندرێت و لەرۆژی دەرچونیەوە جێبەجێ دەکرێت، لەرۆژنامەی فەرمی وەقاعیقی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *