shadow

هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) دەست پێشخەرییەک  ئاراستەی  بحزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات .
لە دەستپێشخەرییەکەدا کە ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە 10-1-2017 بڵاوکرایەوە، کۆسرەت رەسوڵ عەلی داوا دەکات کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی چەند دەستەیەک لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی ئەو لایەنانە بێت بۆ گفتوگۆکردن،بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان.

دەست پێشخەرییەک لە “کۆسرەت رەسوڵ عەلی ” جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) ەوە بۆ حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
واپێشبینی دەکرێت، ساڵی 2017 هاوکێشەی هێز بەهۆی کزبوون، یان تەواو بوونی جەنگی دژی داعشەوە گۆرانکاری بەسەردابێت، پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژی داعش دەچێتە قوناغێکی ترەوە، گۆرانکارییەکان لەناوچەکە خێراتر دەبن، ململانێی هێزە گەورەکان لەناوچەکە چرتر دەبێتەوە. عێراق وەک براوەی جەنگ رۆڵی گەورەتر بەخۆی دەدات، هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی فەرمی و خاوەن شەرعیەتی خۆێن، لەهەوڵێ‌ فراوان بوونەوەدا دەبن، بەتایبەت لەناوچە کوردستانیەکان، هەموولایەک لەهەوڵی ئەوەدا دەبن سود لەگۆرانگارییەکان وەربگرن و خۆیان لەزیانەکانی بپارێزن.

ئەمرۆ ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان لەئاستێکدا نییە کۆدەنگی پێ‌ دروستبکرێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە گۆرانکارییەکان کاریگەری نەخوازراویان بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەبێت، خراپی باری ئابوری و دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانیش دۆخی نائارامی و دڵەراوکێی لای هاوڵاتیان زیاتر کردوە، ئەم دۆخە کاریگەری دەبێت لە بێ‌ هیوا کردن و کەمکردنەوەی متمانەی جەماوەر بە دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم و رۆڵی حیزبەکان، بۆیە ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی سیاسی لەهەموو لایەکمان، بەتایبەت لەو لایەنانەی باڵادەستن، ئەخوازێت بەگیانی بەرپرسیارێتییەوە خۆمان ئامادەکەین بۆ قۆناغێکی نویێ‌، قوناغێک کە گیانی لێبوردەیی ڕۆلی خۆی بگێرێت لە چاو پۆشین لەهەر نیگەرانیەک کە لەرابردودا لەنێوان لایەنەکان رویداوە و بەمەرجی ئەوەی سود وەرگرین لەهەر کەموکورتیەک کە بونەتە هۆکار بۆ دروستبوونی ئەم بارە نا هەموارە، ئەم دۆخە لێمان دەخوازێت هەموومان پێکەوە بەرنامەیەک دارێژین، بۆ دروستکردنی گوتاری هاوبەش و بەرەورووبوونەوەی هەرئەگەرێکی مەترسیدار، بەرنامەیەک گیانی یەکتر قبوڵکردن لەناوماندا بچەسپێنێت و هەوڵەکان بەو ئاراستەیە بێت، جەماوەر لەگەڵ دامەزراوە شەرعییەکان و لایەنە سیاسییەکان، ئاشت بکاتەوە و ئومێد و متمانەیان بۆبگیرینەوە. دیارە بەبێ‌ دەستەبەرکردنی دۆخێکی ئارام لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەستمەو گران دەبێت هەر هەنگاوێک بنرێت بۆ قوتاربوون لەم دۆخە چەقبەستوە، تەنانەت بەم حاڵەشەوە ئاسان نییە بچینە پای هەڵبژاردن و پێشکەشکردنی هەربەرنامەیەکیش بۆ چاکسازی و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە ناتوانێت سەرکەوتووبێت و ناتوانێت جەماوەر و هاوڵاتیان ئاشت بکاتەوە و بیانکاتە زامنی سەرکەوتن.

رێکخستنەوەیی هەرێم و ئاشت کردنەوەی جەماوەر هەنگاوی عەمەلی و خێرا دەخوازێت، بۆ ئەو مەبەستە بەندە چەند پێشنیارێک دەخەمە بەردەم لایەنە سیاسییەکان، تا لەنزیککاتدا بتوانین بەهەموومان دۆخێکی تازە بهێنینە ئاراوە و ئەم دۆخەی ئێستا تێپەرێنین، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بەزووترین کات:
• کۆبوونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە گشتی و بەتایبەتر پێنج لایەنە سەرەکیەکە سازبکرێت بۆ دروستکردنی چەند دەستەیەک لە ئەندامانی مەکتەب سیاسی ئەو لایەنانە بۆ گفتوگۆکردن، هەر دەستەیەک تایبەت بە پرسێک کۆبوونەوەکانیان سازبکەن بەمەبەستی چارەسەری کێشەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لەسەر ئەم پرسانە و تاوتۆێکردنی پێویستیەکانی تێپەراندنی ئەم دۆخە نەخوازراوە چەقبەستوە.
پرسەکان:
• پرسی سەرۆکایەتی هەرێم
• پرسی پەرلەمانی کوردستان
• پرسی حکومەت
• پرسی مووچە وبژێوی ژیان وخزمەتگوازریە بنچینەییەکان.
ئامانج لەکۆبوونەوەکان گەیشتن بەرێککەوتنی لایەنەکان بێت بۆ نەخشەرێگایەکی کاتی تاهەڵبژاردن و دۆزینەوەی رێگاچارەیەک، بۆ ئاشتکردنەوەی جەماوەر و چارەسەرکردنی کەم و کورتیەکان و رێکخستنەوەی دۆخی خراپی ئابوری و ئیداری هەرێمی کوردستان

کۆسرەت ڕەسول عەلی
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *