shadow

فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێکی حه‌وت خاڵی له‌ دژی پرۆژه‌ یاسایی بودجه‌ی 2018ی عێراق بڵاوده‌که‌نه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان ره‌تیده‌که‌نه‌وه‌ ئینکاری له‌ قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان بکرێت، که‌ له‌ پرۆژه‌ یاساکه‌ هاتووه‌ و رایده‌گه‌یه‌نن، دژی مادده‌ی 117ی ده‌ستووره‌.

هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نن، به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور پشکی هه‌رێم 17% له‌ بودجه‌ی عێراق و تا ئه‌و کاته‌ی سه‌رژمێری بۆ دانیشتووان ده‌کرێت، بۆیه‌ هه‌ر که‌مکردنه‌وه‌یه‌ک له‌و رێژه‌یه‌ ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ رێگه‌پێدان به‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ زیادکردنی خه‌رجییه‌کان و پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌ وه‌رگرتنی قه‌رز ره‌تده‌که‌نه‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نن، ده‌بێت ئه‌و ورده‌کارییه‌کانه‌ به‌ته‌واوه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان، چونکه‌ به‌و کاره‌ مافی نه‌‌وه‌ی داهاتوو به‌فیڕۆ ده‌چێت.

فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌ باره‌ی نه‌فه‌قاتی سیادی و حاکیمه‌ش رایده‌گه‌یه‌نن، نابێت نه‌فه‌قاتی سیادی بۆ 39% به‌رزبکرێته‌وه‌ له‌کاتێکدا ساڵانی رابردوو ته‌نها 25% بووه‌ و پشکی هه‌رێمی له‌ نه‌فه‌قاتی حاکیمه‌ بکرێته‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێ و مووچه‌ی چاودێری کۆمه‌ڵایه‌تی که‌مبکرێته‌وه‌، به‌م هه‌نگاوانه‌ یاساکه‌ ده‌بێته‌ ئامرازێک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ و سته‌م به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم.

به‌ گوێره‌ی خاڵی پێنجه‌می راگه‌یه‌ندراوه‌که‌، هه‌ر جیاکارییه‌ک له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌، که‌ به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک له‌ بودجه‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کان دیارینه‌کراوه‌ و ته‌نها وه‌ک مووچه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی نادیار ئاماژه‌ی پێکراوه‌، هاوکات هیچ بودجه‌یه‌کیش بۆ پڕچه‌ککردن و راهێنان دیارینه‌کراوه‌، له‌ وه‌رگرتنی قه‌رزه‌کانیش پشکی پێشمه‌رگه‌ دیارنییه‌.

له‌ کۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌شدا، رایده‌گه‌یه‌نن، هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌دراوه‌ له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌، که‌ به‌ گوێره‌ی یاسا و بڕیاره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی و حکوومه‌تی به‌غدا، بووه‌ته‌ پارێزگا و هیچ بودجه‌یه‌کی بۆ دانه‌نراوه‌ له‌ بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاکان و داواش ده‌که‌ن چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ بکرێت و جارێکی دیکه‌ش دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *