shadow

جەمال ئارێز‌

كورد بۆته‌ مۆته‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ر خه‌ون‌و خولیاكانی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیاوه‌، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ هه‌موو: لێدوانێك، بۆنه‌یه‌ك، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی، دیداری دوو قۆڵی، كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی، لێپرسراوانی توركیادا، سه‌باره‌ت به‌ دۆخی عیراق‌و سوریا‌و ناوخۆی توركیا تاكه‌ بابه‌تێك كه‌ وه‌ك مۆته‌كه‌ به‌سه‌ر سنگی خۆیانه‌وه‌ ده‌یبینن‌و هه‌ستی پێده‌كه‌ن، مه‌سه‌له‌ی كورده‌ یان خۆیان وته‌نی (كورد مه‌سه‌له‌ سی).
له‌ماوه‌ی 79 ساڵی حوكمڕانیی كه‌مالیسته‌كانداو له‌ماوه‌ی 14 ساڵی رابردووی حوكمڕانیی ئاكه‌په‌ی ئیسلامگه‌رادا، به‌ناو هێنانی كوردو مه‌سه‌له‌كه‌ی یان به‌بێ ناوهێنانی، هه‌میشه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر دۆخی توركیاو ناوچه‌كه‌ به‌گشتی پێش هه‌موو شتێك قسه‌كردن بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كورد‌و بوونی كورده‌وه‌، بۆیه‌ ناكرێ‌و ناشێت له‌م وتاره‌دا به‌ ده‌فته‌ری حساباتی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كی مێژووی حوكمڕانیی كۆماری توركیادا بچینه‌وه‌، به‌ڵام ده‌شێت ته‌نها باس له‌و ماوه‌یه‌ی دوای هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی حوزه‌یران‌و تشرینی دووه‌می 2015ی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ین، كه‌ پێ به‌پێی پێشڤه‌چوون‌و گه‌شه‌سه‌ندنی خه‌باتی مه‌ده‌نیی‌و په‌رله‌مانیی كورد له‌باكوور‌و پێبه‌پێی گه‌شه‌ی هێزی سه‌ربازیی‌و ئیداریی كوردی رۆژئاڤا‌و گرتنی پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو ئۆپۆزسیۆنی دژبه‌ رژێمی سوریا له‌بواری رۆشنیی دروشم‌و ره‌فتارو گوفتاریان‌و ئاینده‌بینییان بۆ دۆخی سوریای ئێستا‌و دوای ئه‌سه‌دیش.
له‌سه‌ر ئاستی باكووری كوردستاندا شكاندنی به‌ربه‌ستی 10% كه‌ له‌مێژه‌ له‌توركیا به‌تایبه‌ت بۆ به‌رگرتن له‌ كورد دانرابوو، ئه‌ردۆغان‌و سه‌ركرده‌ شۆڤێنیسته‌كانی وه‌ك ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌و ته‌نانه‌ت كه‌مال كلیچدار ئۆغڵوی به‌حیساب سه‌رۆكی گه‌وره‌ حزبی ئۆپۆزسیۆنیشی خسته‌ یه‌ك سه‌نگه‌ره‌وه‌‌و به‌لێدوانی جیاجیا‌و دوور له‌دیالۆگی راسته‌وخۆ باخچه‌لی‌و ئۆغڵوش پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئه‌ردۆغان ده‌ربڕی بۆ گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنی حوزه‌یران هاتبووه‌ ئاراوه‌، به‌جۆرێك كه‌ زۆرێك له‌ تورك‌و عه‌ره‌ب‌و عه‌له‌وی‌و زازا‌و لاس‌و چه‌ركه‌سیش ده‌نگیان به‌ لیستی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) دابوو، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی بریتی بوو له‌ دیالۆگێكی ناڕاسته‌وخۆی پێكهاته‌كانی توركیادا ئه‌وه‌ یه‌كلایی بۆوه‌ كه‌ به‌شێك له‌گه‌لانی توركیا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی ده‌بێت كێشه‌ی كورد له‌چوارچێوه‌ی توركیادا به‌ شێوازی دیموكراتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ سێ كوچكه‌ی ئه‌ردۆغان، باخچه‌لی‌و ئوغڵوی یه‌كخست بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سیستمه‌ی كه‌ له‌ 79 ساڵی به‌ر له‌هاتنی ئاكه‌په‌وه‌ توركیا له‌سه‌ری رۆیشتبوو.
شێتگیربوونی زیاتری ده‌وڵه‌تی توركیا له‌كورد له‌دوای سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕڤانانی رۆژئاڤا هات له‌شكستهێنان به‌ تیرۆریستانی داعش‌و سه‌ركه‌وتنی په‌یه‌ده‌ له‌ ئیداره‌دانی كانتۆنه‌كان‌و به‌شداریپێكردنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ئیتنیكی‌و ئایین‌و مه‌زهه‌بییه‌كانی باكووری سوریادا له‌ ئیداره‌و بڕیاری سیاسیی كانتۆنه‌كان‌و هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تی دیپلۆماسیی‌و راگرتنی باڵانسی روسیا‌و ئه‌مریكا له‌ كێشه‌ی سوریادا، به‌جۆرێك واشنتۆن‌و مۆسكۆ له‌هه‌موو بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌سوریادا ناكۆك بوون، ته‌نها له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كوردانی سوریا جۆرێك له‌ هاوڕایی‌و هاو هه‌ڵوێستییان پێوه‌ دیاربوو.
بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و لێدوانانه‌ی سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا‌و حزبی ئاكه‌په‌، دیالۆگێكی ناڕاسته‌وخۆ بوو بۆ رووكردنه‌وه‌ توركیا‌و پشت كردنه‌ كوردی رۆژئاڤا، به‌ڵام نه‌یتوانی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر گۆڕینی ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌مریكا‌و روسیا‌و ئه‌وروپا دروست بكات، بۆیه‌ به‌ناچاری خۆی به‌ناوی به‌شدارییكردن له‌ شه‌ڕی دژ به‌داعش‌و بۆ پارێزگاریی له‌ئاوی ئابڕووی خۆی‌و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ناو (سوپای ئازاد)ی سه‌ربه‌ ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیی سوریا، هاته‌ ناو مه‌سه‌له‌كه‌وه‌‌و له‌شكركێشیی كرده‌ ناو خاكی باكووری سوریا‌وه‌و به‌ئاشكرا رایگه‌یاند: «ده‌یه‌وێت شه‌ڕی داعش‌و یه‌په‌گه‌ پێكه‌وه‌ بكات».
ئه‌و لێدوانانه‌‌و ئه‌و دیالۆگه‌ ناڕاسته‌وخۆیه‌ی ئه‌ردۆغان‌و یه‌ڵدرم‌و به‌رپرسانی تری ئه‌و وڵاته‌ كه‌ وه‌كو دیالۆگێكی ناڕاسته‌وخۆ‌و دووربه‌دوور ئاراسته‌ی زلهێزه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و ئیقلیمییه‌كانی كردووه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا، نه‌یتوانی قه‌ناعه‌تیان پێ بكات كه‌ هاتووه‌ بۆ شه‌ڕی داعش، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ناچاری خۆی خسته‌ زه‌لكاوی شه‌ڕێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گرووپێكدا كه‌ گه‌شه‌و نه‌شونما‌و باڵاكردنیان له‌ژێر سێبه‌ری ویدا بووه‌، بۆیه‌شه‌ وه‌ك یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه‌ له‌به‌رامبه‌ریدا دوو سه‌ربازیی توركیایان به‌ زیندوویی سووتاند.
ئه‌وه‌ی توركیا بۆی هاته‌ ناو سوریاوه‌ بۆ ئه‌مه‌ نه‌بوو، به‌ڵام پێده‌چێت قاچی له‌شه‌ڕێك گیربووبێت، كه‌ وابه‌ئاسانی لێی ده‌رنه‌چێت‌و پێده‌چێت چۆن به‌بێ پرس هاته‌ ناو سوریاوه‌، هه‌ر به‌و جۆره‌ش بڕواته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ توانای چوونه‌ شه‌ڕی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ داعشدا نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی جگه‌ له‌گواستنه‌وه‌ی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان بۆ قووڵایی توركیا، ره‌نگه‌ به‌شی ئه‌وه‌نده‌شی كارتی نهێنیی له‌به‌رده‌ستی داعشدا هه‌بێت كه‌ چاره‌نووسی سیاسیی ئه‌ردۆغان‌و حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌شدا بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *