shadow

به‌بڕیارێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن منداڵانی‌ ئاواره‌ی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستان ده‌توانن داواكاری پێشكه‌شبكه‌ن و له‌خوێندنگه‌كانی‌ هه‌رێم له‌قۆناغی‌ یه‌كی سه‌ره‌تایی وه‌ربگیرێن، یه‌كێتیی مامۆستانیش ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌مساڵدا بڕیاره‌كه‌ كاری‌ پێبكرێت”.

ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایان ڕايگه‌یاند، “به‌شێكی‌ زۆر له‌خوێندكاره‌ ئاواره‌كانی‌ باشورو ناوه‌ڕاستی عیراق به‌هۆی ڕزگاركردنی‌ ناوچه‌كانیانه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان و ڕێژه‌یه‌كی‌ كه‌م له‌ئاواره‌كانی‌ عیراق له‌هه‌رێم ماونه‌ته‌وه‌”.

وتیشی‌:”به‌ڵام ئاواره‌كانی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستان زۆربه‌یان تائێستا له‌هه‌رێم نیشته‌جێن، بۆیه‌ بڕیاردراوه‌ بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ ڕۆژئاوا بتوانن منداڵه‌كانیان له‌قۆناغی‌ یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی له‌خوێندنگه‌كانی‌ هه‌رێم دابنێن و هاوشێوه‌ی‌ خوێندكارانی‌ دیكه‌ی هه‌رێم به‌زمانی‌ كوردی (شێوه‌زاری‌ سۆرانی‌) پرۆسه‌ی‌ خوێندن ته‌واوبكه‌ن”.

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، “پێشتریش له‌به‌رژه‌وه‌ندی كوردانی‌ ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی هه‌ماهه‌نگی پێویست كراوه‌و وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمیش هه‌موو ئاسانكارییه‌كی‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كردوه‌”.

سه‌باره‌ت به‌گرفته‌كانی‌ وه‌رگرتنی‌ خوێندكارانیش سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، “ئه‌و خوێندكارانه‌ هیچ گرفتێكیان نابێت له‌كاتی‌ وه‌رگرتنیانداو هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ ڕه‌سمیشیان پێبێت مامه‌ڵه‌كانیان بۆ ڕایی ده‌كرێت و وه‌رده‌گیرێن”.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *