shadow

حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی و فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی شنگال بەفەرمی و لە رێی سایتی ئەنجومەنی ناوەندییەوە سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردبێت ، ئامانجی سەردانەکەشی بۆ لای بارزانی ئاشکرا دەکات .

حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی و فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان لە لێدوانێکی تایبەتجا بۆ سایتی ئەنجومەنی ناوەندی ریگەیاند” لەلایەن چەند کەسێک و لایەنێکی سیاسیەوە ڕووبەروی هەڵمەتێکی چەواشەکارانە بوومەتەوە پێشم سەیرە بەشێک لە ئەندامان و کادیرانی یەکێتی کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئەو هەڵمەتەوە کە لە دژم دەکرێت.
وتیشی: نەبوومەتە پارتى و نە هەرگیزیش دەبمە پارتى ، حەیدەر شەشۆ ئەندامى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتی نیشتیمانى کوردستانە، حەیدەر شەشۆ یەکێکە لەو کەسانەی کە قەرزاری جەنابی مام جەلال بە ژیانی خۆی.

حەیدەر شەشۆ ئاماژی بۆئەوەشکرد: هەموو ئەو تۆمەت و لێدوانە ناراستانەی کە لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاو دەکرێنەوە بە مەبەست لەلایەن چەند کەسێک لە ناو حزبەکەی خۆم و لایەنێکی سیاسیەوە دەکرێت کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، داوا لە بەرێز عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی و هەڤاڵانی سکرتارییەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی دەکەم لیژنەیەک پێک بهێنن و هەر بەڵگەیەک لای هەر کەسێکە بێ منەتبن بیدەنە ئەنجومەنی ناوەندی لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لێپرسینەوەم لەگەڵ بکەن ، با راستی و دروستی شتەکان بۆ یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا بێت، داواش لە ئەنجومەنی ناوەندی دەکەم بێ دەنگ نەبێت لەبەرامبەر ئەو کادیر و ئەندامانەی یەکێتی کە هەواڵ و بابەتی بێبنەما لە دژی من بڵاو دەکەنەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکه ن.

حەیدەر شەشۆ لە لێدوانەکەیدا راشیگەیاند: جارێکیتر دوپاتیدەکەمەوە ئەگەر حەیدەر شەشۆ کار لە حزبێکی سیاسی بکات تەنها یەکێتیە ، بە شانازییەوە شەرڤانێکى پاراستنى ئێزدیخانم و کادیرێکى یەکێتى نیشتبیمانى کوردستانم جگەلە یەکێتی لە ناو هیچ حزبێکیتر درێژە بە خەباتی سیاسی نادەم .

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناوەندی ، پێداگری لەسەر داواکارییەکی دەکردو وتی: داوا لەبەرێز عادل موراد دەکەم لەسەر ئەم بابەتە بێتە دەنگ و کاتى ئەوەیە بەرپرس و لێپرسراوی مەڵبەندەکانى بادینان و شەنگال و موسڵ هەر ئۆرگانێک کە دەکەوێتە ئەم سنورە و هەر ئەندام کادیرێکی یەکێتی هەر قەزییەکی لەسەر من هەیە ئاراستەی ئەنجومەنی ناوەندی بکەن کە پەرلەمانی حزبەکەیە و لە کۆبونەوەیەکی فراواندا وەڵامی سەرجەم پرسیار و ئەو تۆمەتانەیش دەدەمەوە کە رووبەرم دەکرێنەوە ئەو کاتە بۆ هەموولایەک رون دەبێتەوە و پابەندی هەر بڕیارێکیشم کە ئەنجومەنی ناوەندی بیدات.

لەبارەی سەردانەکەی بۆ لای مەسعود بارزانی کە وەک لە رۆژنامە و کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاویان کردوتەوە کە بە هەوڵی قاسم شەشۆی مامیەوە ئەو سەردانە رێکخراوە ، حەیدەر شەشۆ وتی: سەردانەکەم بۆلای بارزانی سەردانێکی سیاسی نەبوە ئامانجێکمان هەبوە ئەویش ئەوەیە کە هێزی پاراستنی ئێزدیخان بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە بە چەند مەرجێک، ناو و ئاڵای هێزی پاراستنی ئێزدیخان وەک خۆی بمێنێتەوە، ناچینە ژێر فەرمانی هیچ کەسو لایەنێکی سیاسی دەبینە میلاکی وەزارتی پێشمەرگە نەوەک هێزەکانی 70 و 80 و زێرەڤانی یان هەر لیوا و هێزیکیتر.

ئاشکراشیکرد: لە ئەنجامدانی سەردانەکەمان بۆ لای بەرێز مەسعود بارزانی کاک جەبار یاوەر ئەمینداری هێزی پێشمەرگە و چەند هەڤاڵێکیتری یەکێتی ئاگادارن ،ئەو سەردانە سەردانێکی سیاسی نەبوە تەنها باسمان لەو بابەتە کردوە کە ئاماژەم پێکرد ، ئەو داواکاریەشمان لە بارزانی کردوە وەکو سیفەتی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان كه پێویستی بە رەزامەندی ئەوە.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *