shadow

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدراڵ جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان پله‌ یه‌كن و ڕێگه‌ ناده‌ن زیانیان به‌ربكه‌وێت و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی فیدراڵی ده‌ربڕیوه‌ بۆ خه‌رجكردنی شایسته‌ی داراییى مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی به‌ڕێز عه‌بادى ده‌كات بۆ دابینكردنی شایسته‌ی داراییی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ژماره‌یان ده‌كاته‌ (1.249.481) مووچه‌خۆر و مانگانه‌ش ده‌كاته‌ بڕی (هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌د و حه‌وت ملیار و پێنج سه‌د ملیۆن دینار) له‌سه‌ر بنه‌مای تۆماری فیعلیی بایۆمه‌تری بۆ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ڕوونكراوه‌ته‌وه‌ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ییی خۆیشی ده‌رده‌بڕێت بۆ به‌رده‌ستخستنی ورده‌كاریی ئه‌و زانیارییانه:

108 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 244.656 خانه‌نشین.
38.5 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 96.053 خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان.
30 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 159.000 كه‌مئه‌ندامان و سوودمه‌ندانى چاودێریى كۆمه‌ڵایه‌تی.
455 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 483.307 فه‌رمانبه‌ران (به‌ پۆلیسیشه‌وه‌).
266 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى 266.465 پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی ئاسایش.

له‌ هه‌مان كاتدا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقى فیدراڵ ده‌كات كه‌ ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 په‌سه‌ند نه‌كات كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییی حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ به‌بێ به‌شداریپێكردنی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:

1. بۆ یه‌كه‌م جار له‌ دوای ساڵی 2003ه‌وه‌، له‌ ڕه‌شنووسی یاساكه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی ده‌ستووریی (هه‌رێمی كوردستان – عێراق) لابراوه‌ و له‌ بری ئه‌وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی (پارێزگاكانی سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان) به‌كار هێنراوه‌، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه‌كی دیاری بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره‌ كه‌ دانی به‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا ناوه‌ وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی و مافی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری به‌ هه‌رێمی كوردستان داوه‌، نه‌ك وه‌ك پارێزگا.

2. كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار له‌ دوای ساڵی 2005ه‌وه‌ له‌ ڕێژه‌ی (17%) بۆ ڕێژه‌ی (12.6%)، ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه‌ له‌ بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستوور كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی فیدراڵ پشكێكی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ داهاته‌ فیدراڵییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكات به‌ ڕه‌چاوكردنی ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێم كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تا ئێستا له‌ عیراق سه‌رژمێری سه‌رتاسه‌ری نه‌كراوه‌، به‌ ڕێككه‌وتنى هه‌ردوولا ڕێژه‌ى دانیشتووانی هه‌رێم به‌ %17ى دانیشتوانى عیراق دیارى كراوه‌، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ساڵانه‌  ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ یاساكانى بودجه‌ى عیراقدا جێگیر كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ ساڵێك هه‌رێمى كوردستان به‌ فیعلى ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌هۆی زیادبوونی به‌رچاوی ساڵانه‌ی خه‌رجییه‌كانی سیادی به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ڕۆڵی له‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و خه‌رجییانه‌دا هه‌بێت،‌ یان پشكی وه‌رگرتبێت. بۆیه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هاوبه‌شه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

3. به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆ به‌ پارێزگاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ یاساى بودجه‌ى فیدرالیداو مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پارێزگا نه‌ك وه‌ك هه‌رێم، پێچه‌وانه‌ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (117) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (121)ی ده‌ستووره‌ و مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێمی كوردستانه‌ وه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی تری عیراق نه‌ك وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵیی دانپێدانراو به‌پێی ده‌ستووری عیراق، سه‌رپێچییه‌ له‌ ده‌ستوور.

4. بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (126) له‌ ده‌ستوور، ڕێگه نادات ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ فیدرالییه‌كانه‌وه‌، كه‌م بكرێنه‌وه‌ یان سنووردار بكرێن، ته‌نانه‌ت ده‌ستوور ڕێگریشی كردووه‌ له‌ هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستووری كه‌ ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

5. وێڕاى دووباره‌بوونه‌وه‌ى كه‌موكورتییه‌كانى ساڵانى پێشوو له‌ ڕه‌شنووسى یاساى بودجه‌ى فیدالى ساڵى 2018، ئێستا ئه‌م خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌ ناده‌ستووریانه‌ى سه‌ره‌وه‌ش زیادیان كردووه‌.

له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییانه‌ی سه‌ره‌وه‌، به‌ تایبه‌تییش به‌ڕێز عه‌بادی به‌ به‌رده‌وامی له‌ وته‌كانیدا ئاماژه‌ به‌ سه‌روه‌ریی ده‌ستووری عیراق و زیاننه‌گه‌یاندن به‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌ین بواری دانوستان بڕه‌خسێنێت له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی داڕشتنه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی یاسای بودجه‌ی فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و دابینكردنى پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ى هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
1/11/2017

 

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *