shadow

حساب بانکیەکانی هەرێم لە تورکیا چەند دانەیە ؟ زانیاری ورد ئاشکرا کرا

حکومەتی ھەرێم جگە لەھاڵک بانک ژمارەیەک حساب بانکی دیکەشی ھەیە کە تائێستا ھیچ پارەیەکی لێ ڕانەکێشاوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانیش لەبارەی دەستبەسەراگرتنی داھاتی نەوت لەھاڵک بانک ھاتەدەنگ و لەبارەی حساب بانکیەکانی دیکەی ھەرێمیش لەتورکیا زانیاریی ئاشکرادەکات.

دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی داھاتی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم لەلایەن تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، جگەلەوەش پێشتر ئەوە ڕاگەیەنرا، حکومەتی ھەرێم چەند حساب بانکیەکی تایبەتی لەو وڵاتە ھەیە، بەڵام ڕون نییە ئاخۆ لەمکاتەدا دەتوانێت بەکاریانبھێنێت یاخود نا.

د.شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، “تائێستا ھیچ زانیارییەکی ڕەسمی لەلایەن حکومەتەوە پشتڕاستنەکراوەتەوە کە ئاخۆ داھاتی نەوتی ھەرێم دەستی بەسەرداگیراوە یان نا، بەڵام لەڕوی یاساییەوە ئەو حساب بانکیەی تایبەتە بەھەرێم ھیچ وڵات و لایەنێک ناتوانێت دەستی بەسەردابگرێت”.

وتیشی:”ئێمە لەلیژنەی دارایی نازانین چۆن دەستبەسەر داھاتی نەوتی فرۆشراوی ھەرێمدا گیراوەو چۆن مامەڵە لەگەڵ بەکارھێنانیشیدا کراوە”.

ھەر لەسەر ھەمان بابەت خەڵەف ئەحمەد شاتوانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی لەپەرلەمانی کوردستان وتی:”لەئێستادا دۆخی ھاوڵاتیان و موچەخۆران زۆر خراپە، وا مانگی تەمموز کۆتاییھات ھێشتا موچەی مانگی ئایار بەفەرمانبەران نەدراوە”.

پەرلەمانتارەکەی یەکێتیی ئەوەشی نەشاردەوە، مامەڵەکردن بەنەوتی ھەرێم و داھاتەکەیەوە، ئەوەندە ئاڵۆزە جگە لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی دارایی، ھیچ کەس سەری لێ دەرناکات.

شاتوانی بەگومانە لەداھاتی ھەرێم لەتورکیاو ڕایدەگەیەنێت، “ئەگەر تورکیا دەستی بەسەر داھاتی نەوتی ھەرێمدا نەگرتوە، بۆ ڕونکردنەوە لەوبارەیەوە نادرێت، ھۆکارەکەی چییە کە موچە نادرێتە فەرمانبەران”.

سەبارەت بەحساب بانکیەکانی دیکەی ھەرێم لەتورکیاو ڕاکێشانی داھات ئەو پەرلەمانتارە جەختیکردەوە، “حکومەتی ھەرێم لەیەک حساب بانکی زیاتری ھەیەو پێشتریش وەزیری دارایی سەردانی تورکیای کردبوو، بەڵام حساب بانکیەکان پارەی تێدانەبوە، ئیتر نازانرێت بەچ میکانیزمێک ئەو حساب بانکیانە بەکاردەھێنرێت”.

SNN

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *