shadow

پارتی و گۆران ترسیان لادروست بووە کە یەکێتی ببێتە حزبی یەکەم

بەشێک لەوخەڵکانەى کە توڕە بوون و لە هەڵبژاردنی رابردودا دەنگیان  بە یەکێتی نەدا لە ڕقی ئەو کەسانە بوو کە ئێستا دەست لەکاردەکێشنەوە

ئۆباڵی هەموو خروقات و کەموکوڕیانەی لە ڕیککەوتننامەی ستراتیژیدا دروست دەبێت لە ئەستۆی پارتیدایە

زوبێر عوسمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سایتی ئەنجومەنی ناوەندی PUKcc.org رایگەیاند: سەبارەت بەو برادەرانەی لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لەڕیزەکانی یەکێتی دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و هەندێکیان دەست بەکاربوون لەڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەندێکیان لەماڵەوە دانیشتوون من چەند لێکدانەوەیەکم بۆیان هەیە ،سەرەتا لێکدانەوەم بۆ دەستلەکارکێشانەوەکەى کاک عارف ڕوشدی کە ئەندامی سەرکردایەتیە و چوە ریزەکانی پارتی ، ئێمە هەموومان لە کۆنگرە بووین کاک عارف بەحەقی خۆی وەک ئەندامی سەرکردایەتی دەرنەچوو هەوڵی بۆدرا کە پێویستە لە ناوچەى بادینان کەسێک هەبێت لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، ئەوەش هەر ئەوکات بە باش نەزانرا بەڵام بارودۆخەکە وایدەخواست.

وتیشی: لەبەرامبەر ئەو برادەرانەی ئێستا دەستیان لەکارکێشاوەتەوە ئەگەر سەرنجێک بدەین لەزۆربەی ناوچەکانی تر خەڵک پەیوەندی بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە دەکات لە ناوچەى باڵەکایەتی چەندین فەرماندە پەیوەندیان بە یەکێتیەوە کردۆتەوە لە دەڤەری بادینان بەگشتی و دهۆک بەتایبەتی نزیکەى 700 کەس چاوەڕێی ئەوە دەکەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەریان بگرێت بەڵام ئێمە رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستانمان کردوەو ویستومانە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە هێمنی بڕوات و خەڵک بەوشیێوە وەرنەگرین وەکو پارتی کە نابێت ئەندام و کادری یەکتر وەربگرین، ئۆباڵی ئەو هەموو خروقات و ئەو کەم و کوڕیانەی لە ڕیککەوتننامەی ستراتیژیدا دروست دەبێت لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە چونکە ئەوان دەستپێشخەریان کردووە لەهەڵبژاردنەکانی پێشووتریش خەڵکی یەکێتیان وەرگرتووە کەپێچەوانەی ڕێککەوتنامەکەیە.
جێگری یەکەمی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ئاشکرایکرد: پەیڕەو پڕۆگرامی یەکێتی ڕوونە هەرکەسێک بڕوای بە فەلسەفەو هزر و بیروبۆچوون و بەرنامەی یەکێتی هەبێت ئەوە ئازادانە دەبێت بە ئەندامی یەکێتی ، ئەم حزبە بەدرێژای مێژوی خۆی هیچ فشارێکی لەسەر ئەندامەکانی دروست نەکردوە بەپێچەوانەى حزبەکانیترەوە، بەداخەوە لەِرێی چاو سورکردنەوە و نانبڕین و دەرکردن و سزادانەوە خەڵک دەکەن بە ئەندامی خۆیان ، ئەو خەڵکانەی دەبن بەئەندام لە یەکێتی دەبێت ئەوپەڕی دەم و دەست و داوێن پاک و پابەندبن بەمەرجی ئەندام بوونیان لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

ئەو بەرپرسە باڵایەیی یەکێتی رونیشیکردەوە :ئەگەر سەیری حزب و لایەنەکانیتر بکەى لە رابردوو لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە کادیر و بەپرسە باڵاکانیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە لەناو پارتیدا گەورەترین کەسایەتی بنەماڵەی بارزانی کە شێخ ئەدهەم بارزانیە دەستی لەکارکێشایەوە هەروەها چەندین ئەندامی تری پارتی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە ، بەهەمان شێوەیش بزوتنەوەى گۆڕان بەنمونە بهێنینەوە کۆنترین و سیاسیترین کەسی گۆڕان کە کاک سالار عەزیزە وازی لەگۆڕان هێناوە و خەڵکی تری ناڕازیش هەیە کە دانیشتوون وازیان هێناوە (سەلاح رەشید،، قادری حاجی علی ، دەیان هەڵسوڕاوی گۆران ، هەتاخودی ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان (شاهۆ سەعید و د.جەعفەر و د.زانا پاشانیش کوتلەیەکی سەربەخۆیان لێ جیابوەوە ، کوان ئەو پەرلەمانتار و هەڵسوراوانەى گۆران لە هیچ کون و کەلەبەرێک نابینرێن ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو حزبانە توندوتیژی بەرامبەر بەشێک لە ئەندامەکانیان بەکاردەهێنن.

ئەوەشی خستەڕوو : بە پێی ئەو ڕاپرسیە نهێنیانەی ئەنجام دراوە یەکێتی لەهەموو ناوچەکانی کورستان و ناوچە دابڕێنراوەکان و بە ناوچەکانی موسڵ و تکریت وکەرکوک و دیالەو بەغداشەوە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، پارتی گومان دەکات و ترسی لادروست بووە کە یەکێتی ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی حزبە کوردیەکان لە پەرلەمانی عێراق گۆڕانیش هەمان هەستی هەیە لەبەرئەوە هەموو ئەو خەڵکانەی کە ماوەیەکە کڕدراون و دەڵاڵیان کردووە ئێستا بە ئیعازی ئەو ئەحزبانە بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیان ڕابگەیەنن بۆ ئەوەی وورەی جەماوەری یەکێتی بڕوخێنن بەڵام خەیاڵیان خاوە، ئەوەی تێبینیمان کردوە خۆشبەختانە ئەو دەستەیان کەش بووە هەموو جەماوەری یەکێَتی کەسوکاری شەهیدان و کەم ئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە و ڕێکخستە دێرینەکان و کادر و دۆست و لایەنگرانی یەکێتی ئەو باسەیان باش خوێندۆتەوە کە ئەوکەسانەی کە ئێستا واز لە یەکێتی دەهێنن بریا زووتر وازیان بهێنایە بۆ ئەوەی ڕیزەکانمان باشتر پاک ببوایەوە.

لەکۆتای لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ سایتى ئەنجومەنی ناوەندی PUKcc.org زوبێر عوسمان ئاماژەى بۆئەوەشکرد : بەشێک لەوخەڵکانەى کە توڕە بوون و لە هەڵبژاردنی رابردودا دەنگیان نەدابوو یە یەکێتی لە ڕقی ئەو کەسانە بوو کە ئێستا دەست لەکاردەکێشنەوە ، پێم وایە خەڵک بەجۆش و خرۆش دێتەوە مەیدان و زیاتر متمانە بە یەکێتی دەکەن بەدڵنیایشەوە دەیبینین کە یەکێتی ئێکجار زۆر بەدەست دەهێنێت لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان ئەگەر نەبینە حزبی یەکەم ئەوا رێژەکەمان زۆر لەوە نزیک دەبێتەوە ئەوکاتە لە دوای هەڵبژاردنی 30ی نیسان هاوکێشە سیاسیەکان لەناو حیزبە کوردستانیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێ ، یەکێتی بەهێز بێ خەڵکی کوردستان ئاسایش و ئارامی و ئۆقرەییان زیاتر دەبێت ئەوەی ئێستا تێبینی دەکرێ لەبەرئەوەى لە هەڵبژاردنەکەی پێشوو یەکێتی حیزبی سێیەم بوو ئەوە بۆ 7 مانگ دەچێت هێشتا حکومەت پێکنەهێنراوە ، ئەوە چەند مانگێک تێپەڕ دەبێ موچەی فەرمانبەران نادرێ بەڵام ئەگەر یەکێتی حیزبی یەکەم بێت ئەوا وەک شۆڕەسوارەکەی پێشوو کەلەمەیدان بوو لە کاتی خۆیدا حکەمەت پێکدەهێنراو سەرجەم ئەو گرێکوێرانەى هەن دەمێک بوو کرابونەوە.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *