shadow

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌

پاش ئەوەی هەر یەک لە ئەمریکا‌و روسیا‌و ئەڵمانیا‌و تورکیا‌و ئێران‌و عیراق دەنگی ناڕەزاییان بەرامبەر بەئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەرز کردەوە، پرۆژەی ریفراندۆم پێ دەنێتە ناو قۆناغی گومان‌و بێهوودەیی. چوار ساڵە بانگەشە بۆ ئەم پرۆژەیە دەکرێ‌و لە ماوەی 48 سەعات دەرکەوت کە سەرکردایەتیی کورد بە کردەوە هیچ پشتگیرییەکی بۆ ریفراندۆم پێ دابین نەکراوە. باق‌و بریقی لێدوانە وروژێنەرەکانی وەک «ئێمە بۆ ریفراندۆم مۆڵەت لە کەس وەرناگرین» ‌و «بریار بە دەست خۆمانە»‌و «هیچ دەوڵەتێک دژی ریفراندۆم نییە» هیچی لە بابەتەکە نەگۆڕی‌و هیچ سودێکیشی بە پرسەکە نەگەیاند.

دیارە سەرکردایەتیی کورد پەیامە سیاسییەکانی بە هەڵە خوێندۆتەوە‌و نەیتوانیوە پشتگیری کردنی کورد لە شەڕی دژی داعش لە پشتگیری کردنی کورد بۆ جیابونەوە لێک جیا بکاتەوە. سەرکردایەتیی کورد پێوانەکانی سەردەمی شەڕی ساردی لەسەردەمی بەجیهانیبون بەکار هێناوە‌و بەهۆی ئەمەوە لەهەموو هەڵسەنگاندنەکاندا هەڵەی کردوە. وا تێگەیشتبوو دروست کردنی بەرژوەندیی نەوتی بۆ وڵاتان لەناو کوردستان، وایان لێ دەکا پشتگیریی ئاواتەکانی کورد بکەن. لەڕاستیدا مەسەلەکە لەوە قووڵتر‌و ئاڵۆزترە‌و ئەوەی کە سەرکردایەتیی کورد لێی تێگەیشتبوو کە گوایە کۆمپانیاکانی نەوت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان دادەڕێژن، هەڵە‌و چەوت دەرچوو. لانی کەم دوو لەو دەوڵەتانەی کە دژی ریفراندۆمەکەی کوردستان وەستاونەتەوە، واتە تورکیا‌و روسیا، بەرژەوەندیی نەوتیی زۆریان لە کوردستاندا هەیە. بەڕادەیەک کە بەشێکی پەیوەندیی نێوان هەرێم‌و تورکیا بە ستراتیجی دادەندرێ، کەچی بەرژەوەندییە نەوتییەکان‌و پەیوەندیی ستراتیجییەکان رێیان لەوە نەگرت کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دژی ریفراندۆمەکەی کوردستان لێدوان بدا. دواتریش، خودی سەرەک وەزیران رونتر لێدوانی دا‌و جەختی کردە سەر پێویستیی مانەوەی عیراق بە یەکپارچەیی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە وەزارەتی دەرەوە، نەک کۆمپانیاکانی نەوت سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان دروست دەکەن.

لێکدانەوە چەوتەکانی سەرکردایەتیی کورد لێوەشاوەیی ئەو سەرکردایەتییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی هۆشیار زێباری، پاشەکشەیەکی روونیان پێوە دیارە. زێباری وەک لێپرسراوی لیژنەی ریفراندۆم وتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی‌و جیابونەوە نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمە لەهەر وتووێژێکدا لەگەڵ بەغدا، هەروەها وتی مەرج نییە ریفراندۆم «بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جیابوونەوەی لێ بکەوێتەوە»‌و وتی ریفراندۆم شتێکە‌و سەربەخۆی شتێکی ترە. لەڕاستیشدا ئەمە پشێوییەکی لە شەقام دا دروست کردووە چونکە شەقام وا تێگەیەنراوە کە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە‌و کەرکوک‌و خانەقینیش دەگرێتەوە، کەچی ئێستا ئامانجی ریفراندۆم بۆتە پتەوکردنی پێگەی هەرێم لە وتووێژدا لەگەڵ بەغدا.
خراپترین لایەنی مەسەلەکە ئەوەیە کە کۆبونەوەی سەری رەش بە جیهانی نیشاندا کە کورد لەسەر شێوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و دابین کردنی پێداویستییە یاساییەکانی کۆدەنگ نییە. هەر لەو کۆبونەوەشدا مەسەلەیەکی گرنگی وەک کاراکردنەوەی پەرلەمان‌و رێکخستنی ریفراندۆم بەپێی یاسایەکی تایبەت زۆر بەسەرپێیی باسی لێوە کراوە‌و راگەیاندراوەکەی کۆبونەوەکە شتێکی وای لێ هەڵدەکڕێندرێ کە لەو ماوەیەدا هەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەدرێ، بەڵام ئەگەر کاراش نەکرایەوە، ریفراندۆم هەر ئەنجام دەدرێ. ئەمە خۆی لەخۆیدا سوکایەتی کردنە بە ریفراندۆم.

هەرێم ناوبانگێکی باشی لە شەڕی دژی داعشدا هەیە. بەڵام ناوبانگی لەڕوی سیاسییەوە باش نییە. هێشتا جیهان نەگەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە کورد شیاوی ئەوەیە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێ هۆکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێم لەژێر قورسایی قەرزەکاندا دەناڵێنێ‌و موچەی کارمەندەکانی خۆی پێ نادرێ. بەردەوامبوونی کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمیش، دەرفەتی دەستاودەست کردنی دەسەڵاتی نەرەخساندووە. پەرلەمانیش دوو ساڵە پەک خراوە‌و ناتوانێ ئەرکەکانی خۆی بەجێ بهێنێ. بەشێکی گرنگی سڵ کردنەوەی جیهان لە سەربەخۆیی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد نەیتوانیوە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات. ئەمەش بۆچونێکی وای دروست کردووە کە کورد کێشە چارەسەرنەکراوەکانی خۆی بۆ قۆناغی جیابونەوە دەگوازێتەوە‌و ئەمەش دەشێ سوودانێکی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات.

پرۆسەی ریفراندۆم هەر لە بناغەوە بە کەموکوڕییەوە دەستی پێ کردووە، تێکەڵ بە بەرژەوەندییە کەسی‌و بنەماڵەیی‌و حزبییەکان بووە، باش کاری بۆ نەکراوە‌و بەرنامەی هەمەلایەنەی بۆ دانەنراوە ئەمەش لەگەڵ خۆیدا ئەم پرسیارە دەوروژێنێ: ئایا کوردستان بەرەو ریفراندۆمێکی بێهوودە ناچێ؟ ئەم پرسیارەش پرسیارێکی تر دەوروژێنێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئێمە ریفراندۆمەکەمان ریفراندۆمێکی سەرکەوتوو دەبێ یان ریفراندۆمێکی بێهوودە؟

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *