shadow

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆچی ناوه‌خته‌ی خاتوو وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌…
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان
به‌ داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌واڵی كۆچی ناواده‌ی هه‌ڤاڵی تێكۆشه‌ر، پێشمه‌رگه‌ی شاخ و شار و خه‌مخۆری كه‌سوكاری شه‌هیدان هه‌ڤاڵ وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوی مه‌كته‌بی شه‌هیدان راده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ دوێنێ 25/4 به‌هۆی رووداوی هاتوچۆوه‌ له‌سه‌ر رێگای سلێمانی – ده‌ربه‌ندیخان گیانی له‌ده‌ستدا و گه‌یشته‌ كاروانی نه‌مرانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان.
هه‌ڤاڵ وه‌سفیه‌ جگه‌ له‌ تێكۆشانی سیاسی و رێكخراوه‌یی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، له‌ ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌راندا، رۆڵی به‌رچاویشی له‌خه‌باتی سیاسیی ژنان و هاندانیان بۆ په‌یوه‌ستبوون به‌ خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ هه‌بووه‌، هه‌روه‌ك هاوشانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له‌خه‌ڵك و خاكی كوردستان به‌شداری كردووه‌ و له‌پله‌كانی خه‌باتی رێكخراوه‌یی یه‌كێتیشدا پێ به‌پێی په‌ره‌سه‌ندنی تێكۆشانه‌كه‌ی تا پله‌ی سه‌ركردایه‌تی به‌رده‌وام بووه‌ و هه‌میشه‌ په‌رۆشی سه‌رخستنی رێبازی یه‌كێتی نیشتمانیی و هێنانه‌دی ئامانجی ره‌وای مافی چاره‌نووس بووه‌.
له‌ كۆنگره‌ی سێی گشتی یه‌كێتیدا به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراوه‌ و پاشان بۆته‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی شه‌هیدان كه‌ له‌و ئه‌ركه‌شدا خه‌مخۆرانه‌ و پێشمه‌رگانه‌ خزمه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیدانی كردووه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ سه‌نگه‌ری هاوسۆزی و هاوخه‌می له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری شه‌هیدانی به‌ره‌نگاری تیرۆریستانی داعشدا، هه‌ڤاڵ وه‌سفیه‌ رۆڵی پێشه‌نگانه‌ی گێڕاوه‌.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، به‌ ناوی هه‌موو هه‌ڤه‌ڵان و تێكۆشه‌رانی رێزه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ هاوسه‌ر و هاوڕێی ژیان و خه‌باتی، هه‌ڤاڵ عه‌لی شامار و كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌كات كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ كاره‌ساته‌كه‌دا هه‌ڤاڵ شامار و نه‌قیبی رێبواری كوریشی بریندار بوون. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ جگه‌ له‌ هاوخه‌می و په‌ژاره‌مان بۆیان هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ی برینه‌كانیشیان ده‌خوازین.
نه‌مری بۆ ژنه‌ تێكۆشه‌ر هه‌ڤاڵ وه‌سفیه‌ی شه‌هیدپه‌روه‌ر و بۆ گشت شه‌هیدانی رێبازی كه‌م ژیان وكه‌ڵ ژیان.
ماڵئاوا هه‌ڤاڵ وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس، یه‌كێتییه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی رێبازی شۆڕشی نوێ و هه‌ڤاڵ مام جه‌لال.
یادت له‌ دڵی هه‌ڤاڵان و له‌ دڵی كه‌سوكاری شه‌هیداندا هه‌میشه‌ زیندووه‌. به‌هه‌شتی به‌رین جێی حه‌وانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كیتان بێت.

مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان

ژیاننامه‌ی هه‌ڤاڵ وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
هه‌ڤاڵ وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی.
ساڵی 1953 له‌ خێزانێكی نیشتمان په‌روه‌ر له‌شاری خانه‌قین له‌دایكبووه‌. ساڵی 1974 دوای ئه‌وه‌ی, كه‌ سێ برای په‌یوه‌ندییان به‌ شۆڕشه‌وه‌ كرد, ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌ خانه‌قین هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر ماڵیان و دایك و باوكییان بۆ باشوری عیراق دوورخسته‌وه‌و ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یاندا گرت.
ساڵی 1975 په‌یوه‌ندی به‌ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌و هه‌مان ساڵ به‌شی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردووه‌. ساڵی 1976 به‌ ماموستا له‌كه‌لار دامه‌زراوه‌, به‌ڵام له‌سه‌ر بڕیاری كۆمه‌ڵه‌ خۆی بۆ تاسڵوجه‌ گواسته‌وه‌. جگه‌ له‌ پیشه‌ی مامۆستایی, ئه‌ركی ڕێكخستنی له‌ تاسڵوجه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برد.
ساڵی 1977 پاش دامه‌زراندنی رێكخراوی له‌یلا قاسم بۆ ڕێكخستنی ژنان لێپرسراویه‌تیی یه‌كێ له‌دوو به‌شه‌كه‌ی ئه‌م ڕێكخراوه‌ی پێ سپێردرا. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ چالاكییه‌كانی خۆی بۆ به‌غدا گواسته‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ شه‌هید ملازم جوامێره‌وه‌ كرد. له‌ رێكخراوی هه‌ڵوی سوور, كه‌ رێكخراوه‌كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ بو بۆ ناو ماڵی دوژمن له‌ به‌غدا رۆڵێكی دیاری له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ لۆجستیكیه‌كانی وه‌ك گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و نامه‌ له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ به‌غدا گێڕا.
ساڵی 1978 له‌ كاتێكدا ئیمام خومه‌ینی له‌نه‌جه‌فه‌وه‌ ده‌ستی به‌جموجو‌ڵ له‌دژی رژێمی شای ئێران كردبوو, دوو نامه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی گه‌یانده‌ ده‌ست ئایه‌تولڵا خوئیی مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌ كه‌ربه‌لا و ئیمام خومه‌ینی له‌ نه‌جه‌ف. ساڵی 1982 یه‌كه‌م ژن بوو له‌ ڕێكخستنی شاره‌كانه‌وه‌ به‌شداری له‌یه‌كه‌مین كۆنفرانسی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌ گوندی بالیسان بكات. ساڵی 1986 له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رچوو بۆیه‌ رووی كرده‌ شاخ و هاوشانی هاوسه‌ره‌كه‌ی عه‌لی شامار ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌ست پێكرد.
دوای دامه‌زراندنی یه‌كێتی ژنانی كوردستان له‌ سه‌قز له‌ ساڵی 1989 له‌و ڕێكخراوه‌ كاری كرد و له‌یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری ته‌واری ئۆرگانی رێكخراوه‌كه‌ به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ بابه‌تی بڵاو ده‌كرده‌ووه‌.
له‌كاتی كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ساڵی 1991 رۆڵی دیاری هه‌بوو له‌ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ ئاواره‌كانی سه‌ر سنور و ناو ئێران. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان و بووه‌ ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك . له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1993 تا 2003 لێپرسراویه‌تی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتیی ژنانی كوردستانی گرته‌ ئه‌ستۆ و ماوه‌یه‌كیش كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان بوو. ساڵی 2003 به‌ جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین هه‌ڵبژێردرا.
ساڵی 2010 له‌ سێیه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كیتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ دوای پێكهێنانی مه‌كته‌بی شه‌هیدان كرایه‌ یه‌كه‌م لێپرسراوی ئه‌و مه‌كته‌به‌. هه‌ڤاڵ وه‌ێفیه‌ به‌نی وه‌یس به‌شی هه‌ره‌زۆری ژیانی بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی و رێبازی یه‌كێتی ته‌رخانكرد, له‌ده‌ستدانی كۆستێكی گه‌وره‌یه‌.

هەواڵی پەیوەست

Comments

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *