shadow

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان هۆشداریی به‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و عیراقیش ده‌دات، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌نداوه‌كه‌ش جه‌ختده‌كاته‌وه‌، “ئه‌گه‌ربێت و كێشه‌و كه‌موكوڕیه‌كانی‌ به‌نداوه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با ڕاده‌گیرێت”.

ڕه‌حمان خانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان به‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند، “به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان ته‌مه‌نی‌ 56 ساڵی‌ تێپه‌ڕاندوه‌، ئێستاش كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ هه‌یه‌، به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ داراییشه‌وه‌ له‌چه‌ند ساڵی‌ ڕابردودا چاره‌سه‌رنه‌كراون و له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عیراقیشه‌وه‌ هیچ بودجه‌یه‌كی‌ بۆ ته‌رخان ناكرێت”.

وتیشی‌:”كێشه‌كان پێویستیان به‌چه‌ندین ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن، له‌وانه‌ش كێشه‌ی‌ به‌شه‌ ژێر ئاو كه‌وتوه‌كانی‌ به‌نداوه‌كه‌، وه‌ك تونێل و ده‌رگاكانی‌ ئاو وه‌رگرتنی‌، ئه‌وانه‌ش پێویسته‌ به‌زوترینكات چاره‌سه‌ربكرێن”.

ئه‌وه‌شی‌ وت:”ئه‌و كێشانه‌ ڕوبه‌ڕوی‌ وه‌زاره‌تی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ عیراق، وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن، به‌ڵام تائێستا چاره‌سه‌رنه‌كراون”.

هۆشداری ئه‌وه‌شیدا، “ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌رنه‌كرێن، ڕه‌نگه‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با له‌به‌نداوی‌ ده‌ربه‌ندیخان بوه‌ستێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تونێله‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ به‌نداوه‌كه‌و ئه‌و ده‌رگایانه‌ی‌ له‌سه‌ریه‌تی‌، كێشه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زوترینكات بودجه‌ی‌ بۆ دابینبكرێت”.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *