shadow

‌فەرید ئەسەسەرد

لەسۆنگەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی توركیاوە، پارتی دادو پەرەپێدان زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا. ئەمە بەم مانایە دێ كە نزیكەی 60%ی هاووڵاتیانی توركیا سیاسەتەكانی حزبی دەسەڵاتداریان پەسەند نەكردووە.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا كە خودی ئەردۆغان راستەوخۆ بەشداری تێدا كرد، پارتی دادو پەرەپێدان بەدروشمی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی بەشداری كردو پڕوپاگەندەی خەستی بۆ گونجاوی باسی و پێویستیی سیستمی سەرۆكایەتی بۆ (توركیای تازە) كرد. بۆیە، شكستی پارتی دادو پەرەپێدان لە بەدەستهێنانی زۆرینە لەپەرلەماندا، لەناوەڕۆكدا بەم واتایە دێ كە هاووڵاتیانی توركیا سیستمی سەرۆكایەتیان رەتكردۆتەوەو پێیان لەسەر سیستمی پەرلەمانی داگرتووە كە لەسایەیدا توركیا خراوەتە ریزی بیست دەوڵەتە پێشكەوتووەكەی جیهان لەڕووی گەشەی ئابوورییەوە.
نزیكەی 90 ساڵە سیستمی سیاسی لەتوركیا پەرلەمانییە. رەتكردنەوەی گۆڕینی سیستمەكە بەڵگەی ئەوەیە كە زۆربەی دەنگدەرانی توركیا لەو بڕوایەدان كە توركیا هیچ كێشەیەكی لەگەڵ سیستمە دێرینەكەیدا نییەو هیچ شتێكیش گەرەنتیی ئەوە ناكات كە سیستمی سەرۆكایەتی وەرناچەرخێتە سەر دیكتاتۆری و تاكڕەوی.
خراپترین دیاردە لەبانگەشەی دادو پەرەپێدان بۆ سیستمی سەرۆكایەتی لەوەدایە كە سیستمەكە بەكەسایەتی كراوەو هۆی كاركردن بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی كاری بەسەر ئەوە نییە كە توركیا پێویستی بە سیستمی سەرۆكایەتییە، بەڵكو زۆرتر پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەردۆغان خۆی بەگەورەتر لەسیستمی پەرلەمانی دەزانێ و خەیاڵی ئەوە لە كەللەی داوە كە دەسەڵاتی زۆرترو نیمچە رەها، دوور لە سانسۆر، بەدەست بێنێ.
بەكەسایەتیكردنی سیستمی سیاسی بەیەكێ لە گەورەترین هەڵەكانی پارتی دادو پەرەپێدان دادەنرێ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا. بەكەسایەتی كردنەكە كاردانەوەیەكی توندی لای دەنگدەران لێكەوتەوەو ئەو بۆچوونانەی لەلایەن دروست كرد كە سەرۆك خەمی خۆیەتی و شەڕەكەی شەڕی زیادكردنی دەسەڵاتەكانێتی نەك خزمەتكردنی هاووڵاتییەكانی. لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا یاساكانی زیادكردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەكان و تەنگ هەڵچنین بەدەسەڵاتی دادوەری و خودی هەڵسوكەوتی ئەردۆغان كە بەبێ گوێدانە یاساكان وەك سەرۆكی سیستمێكی سەرۆكایەتی رەفتاری كردووە، ترسێكی زۆری لەوە دروست كرد كە گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی ببێ بەسەرەتای پەیدابوونی دیاردەی ((سەرۆكی دیكتاتۆر)). بەكەسایەتیكردنی سیستمی سیاسی خراپ لەسەر پارتی دادو پەرەپێدان شكایەوە، چونكە لەكۆتاییدا ئەردۆغانی وەك سەرۆكێكی دەسەڵات پەرست نیشاندا كە بۆ بەدیهێنانی ئاواتی خۆپەرستانەی خۆی تەنانەت ئامادەیە سیستمی سیاسیش بگۆڕێ.
ئەوەی لەكۆتاییدا باجی بەكەسایەتی كردنی سیستمی سیاسیی دا خودی پارتی دادو پەرەپێدان كە هەم زۆرینەی لە پەرلەمان لەدەستداو هەم شكستی هێنا لە سەرخستنی پڕۆژەی سیستمی سیاسی. ئەمەش سەرەتای چەند شكستێكی ترە كە لەمەولا دووچاری دادو پەرەپێدان دەبن.

هەواڵی پەیوەست

Comments

  1. Ice    

    That’s a crrjaekcack answer to an interesting question

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *