shadow

ئۆپراسیۆنی “چڵەی زەیتون”ی تورکیا بۆ سەر شاری “عەفرین” بەردەوامە، بەھۆی کردنە ئامانجی ناوچەکانی نیشتەجێبوون و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان ھاووڵاتیانی مەدەنی شارەکە زۆرترین قوربانیان داوە.
لەبارەیەوە سەرۆکی مانگی سوری کوردی رایگەیاند، بەھۆی بۆردوومانەکانی تورکیا رەوشی “عەفرین”و دەوروبەری خراپ بوەو جموجۆڵ لە ناوچەکانی “جندریس و راجۆ و بلبلە”و گوندەکانی نزیک سنورەکان سنوردار کراوە.
ھاوکات سەرچاوەکان ئەوەشیان خستۆتەڕوو کە ھەزاران کە دانیشتووی “عەفرین”ن ماوەی زیاتر لە ١٠ رۆژە لە شوێنی نەشیاو بۆ مانەوە وەک ئەشکەوت و چەندین ناوچەی تر ماونەتەوەو دەستکەوتنی خواردن و خواردنەوەش زۆر ئەستەمە و بە مەترسیدار دادەنرێت.
مانگی سوری کوردی لە عەفرین راشیگەیاندووە، لە ماوەی ٩ رۆژی رابردوودا ٥٥ ھاووڵاتی مەدەنی شەھید بوون کە لە نێویاندا ١٥ منداڵ ھەیە. نزیکەی ١٤٢ کەسیش برینداربوون و لە نێویشیاندا ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن ھەن و لە ھیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازیشدا بەشدار نەبوون.
ئاماژەش کراوە بەوەی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر گوندی “کوبلە” لە ریفی عەفرین، لەسەرەتای ئەم ھەفتەیەدا کارەساتی دروست کردووە و داواش لە سوپای تورکیا دەکەن بەئامانج کردنی ھاووڵاتیانی مەدەنی رابگرن و بۆردوومانی ھەڕەمەکیش بوەستێندرێت.
ھاوکات “عوسمان شێخ عیسا” ھاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەلامارەکانی عەفرین بەرەو ئەوە ھەنگاو دەنێت کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بەدواوە بێت، داواشی لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەدژی تورکیا ھەڵوێستی ھەبێت و بەھەر شێوەیەک بێت پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین رابگرێت.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، شەپۆلێکی ئاوارەبوون لە خۆرئاوا و باکوری “عەفرین”ەوە بۆ سەنتەری شارەکە تۆمار کراوە، ھەزاران ھاووڵاتی تریش لە خۆرھەڵاتی شارەکەوە بۆ ناوچەکانی تر ھەڵھاتوون. بەپێی ئامارەکانی نوسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٣٢٤ ھەزار کەس لە “عەفرین” دەژین و لەو ژمارەیەش ١٢٦ ھەزاریان ئاوارەن. لە ھەفتەی رابردووشدا رێکخراوەکە نیگەرانی خۆی سەبارەت بەو راپۆرتانە دەربڕی کە لەسەر رەوشی ئەمنی و مرۆیی ئەو شارە بڵاودەکرێنەوە.

هەواڵی پەیوەست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *